پێشەنگایەکی هونەری سەرشەقام تایبەت بە پێكەوەژیان لە کەرکوک سازکرا

لەشاری کەرکوک پێشەنگایەکی شێوەکاری سەرشەقام بەرێوەچوو، پێشەنگاکە تایبەت بوو بە نیشاندانی پێکەوەژیان لە شارەکە لەڕیگای وێنەکێشان و شێوەکاریەوە.

ئێوارەی ئەمرۆ لە شەقامی کۆماری شاری کەرکوک، لەلایەن گروپی هۆشیاری گەنجانەوە، پێشەنگایەکی تایبەت بە شێوەکاری بەرێوەچوو کە پێشەنگاکە تایبەت کرابوو بە نیشاندانی پێکەوەژیان لەشارەکە لە ڕێگای شێوەکارییەوە، لە پێشەنگاکەدا ٢٠ شێوەکار لە کچان و کوڕانی کەرکوک بە تابلۆ و وێنەکانیان بەشداریان کرد.

 ئەم پێشەنگایە جیاواز لە پێشەنگاکانی دیکە لەبری ئەوەی لە پێشەنگایەکی تایبەتدا سازبکرێت، گەنجەکان بڕیاریاندا پێشەنگاکەیان لەسەر شەقامێکی ناوەندی شاری کەرکوک ئەنجام بدەن کە شەقامی کۆماری بوو کە شەقامێکی ناسراوە لە کەرکوک کە تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانی تێدایە، ئامانج لە ئەنجامدانی پێشەنگاکە لەو شەقامە ئەوە بوو کە تەواوی پێكهاتەکانی شارەکە چاویان بە پێشەنگاکە بکەوێت کە نمایش لە پێكەوەژیانی شارەکە دەکات.

سەبارەت بە ئەنجامدانی پێشەنگاکە ، سەرحەد مەحمود بەرپرسی پەیوەندییەکانی گروپی هۆشیاری گەنجان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ئێمە وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان ئەمرۆ هەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە کە پێکهاتووە لە  پێشەنگایەکی تایبەت بە پێکەوەژیان و لایڤ میوزیك، ئامانجی ئێمە وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان دروستکردنی روحی پێکەوەژیانە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوک."

سەرحەد مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد" ئەمرۆ لەم پێشەنگایە کچان و کوڕانی تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە بەشدارن کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ گەنجن."

لەکۆتایدا سەرهەد مەحمود رایگەیاند، ئەوان وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان گروپێکی سەربەخۆن و خۆبەخشانە کاردەکەین پاش تەواو بوونی پێشەنگاکەش تەواوی تابلۆکان بۆ کاری خێرخوازی دەفرۆشن."

لەکۆتایی پێشەنگاکەدا تەواوی شێوەکاران بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا وەکو ڕێزگرتن لە بەشداربوونیان لە پەرپێدان و نمایشکردنی پێكەوەژیان لەشاری کەرکوک.

هەروەها بەهۆی هاوکاریکردن لە پێشخستنی چالاکی تایبەت بە پێکەوەژیان و ڕۆشنبیری لە کەرکوک خەڵاتی ڕێزلێنان بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فورات بەخشرا.

ف.ق