پەیەدە: ئێمە لەگەڵ داواکاری رەوای خەڵکی باشورین

نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان، ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە، کە خەڵکی ڕۆژئاوا بە بەشدارییکردن لە خۆپیشاندانەکانی باشور تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، دەشڵێت: پێویستە کەس وەک تاوانبار سەیری کوردەکانی ڕۆژئاوا نەکات.

نوێنەرایەتی پارتی یەکیتی دیموکراتی- پەیەدە، لەسەر خۆپیشاندانەکانی باشوری کوردستان و تۆمەتبارکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانەکان لە باشوری کوردستان هاتووە: لەو خۆپیشاندانانەدا توندوتیژیی بەکارهێندرا و کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی پێی تۆمەتبارکران، بەو بیانووەش ژمارەیەکیان دەستگیرکران.

لە بەردەوامییدا هاتووە: داخوازییەکانی خەڵکی باشوری کوردستان بۆ باشکردنی دۆخی ئابووریی ڕەوایە و ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە و پەیوەندیدارە بە هاوڵاتیانی باشورەوە، بەکارهێنانی توندوتیژیی بۆ زیانگەیاندن بە موڵکی گشتیی پەسەند نییە، بەکارهێنانی توندوتیژییش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لە کۆتاییشدا هاتووە: پێویستە کەس بە چاوی تاوانبار سەیری کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەکات، ئارامیی باشوری کوردستان ئەرکی هەموو ئەو کەسانەیە لەوێ دەژین، بۆیە پێویستە لە توندوتیژیی دوور بکەونەوە، داوا لە هەمووان دەکەین کە خاوەنداری لە گیانی بەرپرسیارێتی و هاوکاریی بکەن تا ئەم دۆخە ئاڵۆزە تێبپەڕێت.

ف.ق