پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) راگەیەنراوێکی لەبارەی دۆخی چوار پارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ هەموو شەڕ و سیاسەت و دیپلۆماسی و ڕاپەڕینێکی جەماوەری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە هەموو وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر هەموو وڵات و گەلانی ئەم ناوچەیە. لەبەر ئەوە جەنگ و سازانی گونجاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی خێرا گۆڕانکاری دروست دەکات.
پژاک دەڵێت، " دۆخی چوارپارچەی کوردستانیش هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هیچ بەشێکیش ناتوانێت بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی بەشەکانی دیکە، بە بێباکی تەواو و وەهم دەست بۆ سیاسەت و میلیتاریەتی ببات. سیاسەتی دوژمنانی کورد وەک تورکیا و ئێران، دوژمنایەتی تەواوی هەموو پارچەکانی کوردستانە و هێشتا هەڕەشەی شەڕ و کۆمەڵکوژی لەسەر باشور و ڕۆژاڤای کوردستان هەیە."
راگەیەنراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:
"دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی وڵاتانی عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران رووبەرووی گێژاوێکی گەورەی مێژوویی بووەتەوە و لە ئێستادا دۆخێکی سەرەتایی شەڕ لەدژی ئێران دەبینرێت. لە عێراقیش لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی گشتی پەرلەمانتارانی کوتلەی سەدر، دۆخی عێراق مەترسی تێکەوتووە و بەرەو شەڕی نێوان گروپە کوردی، شیعە و سوننیەکان دەڕوات. بەهۆی دۆخی خراپی عێراق، دوای هەشت مانگ لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و شکستی هەوڵەکان، مەترسی شەڕی ناوخۆ و کەمی خۆراک هەموو لایەنە رکابەرەکانی نیگەران کردووە. لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئاڵۆز جیهانیە و ئەوروپاش لە چوارچێوەی ناتۆدا هەوڵی خۆپڕچەککردن دەدات، بەڵام نیشانەیان ئەوە دەردەخەن کە شەڕەکە ئەمجارە لەدژی ئێران بێت. دەستپێکردنی زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادانی دیکە لە تورکیا، سوریا، عێڕاق و ئێران، دەتوانێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە دۆخێکی وەک شەڕی جیهان دووەم و رووبەرووی وێرانکاری و جەنگێکی بێئەنجام ببات.
بێشک ئەمڕۆ پێشبینییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ساڵی ٢٠١٨دا بە ڕوونی بابەتین. ئەو ساڵە دوای ڕزگارکردنی ڕەقە و کۆتایی بە حوکمی چەتەکانی داعش لەلایەن شەڕڤانانی ڕۆژاڤاوە، بزووتنەوەی ئاپۆیی پێشبینی کرد کە قۆناغی پێشبڕکێ و هەڵکشانی ناکۆکییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان حکومەتەکان دەستپێبکات و لە سوریاوە تا ئۆکراینا و ئەگەری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئێران شەڕی نێوان حکومەتەکان چڕتر بێت. ئێران و ئیسرائیل لە دۆخێکی جەنگدان و ڕەنگە بە توندی بچنە قۆناغی دووەمەوە بەڵام ناکرێت ئەم بارودۆخەی ئێستا بە جەنگ ناوببرێت. ئەگەر زلهێزە جیهانییەکان بیانەوێت شەڕی دژی ئێران دەستپێبکەن، لە هەڵوێستی ئیسرائیلەوە دەست پێدەکەن. ئەمڕۆ تەنگژە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سیاسەتێکی مەترسیدار و توندڕەوی دەرەکیدا جەنگێک دەست پێدەکەن کە تەنیا بۆ خودی ئێران سنوردار نابێت و بێگومان چەند وڵاتێکی دراوسێش دەگرێتەوە. دیاریکردنی ئەرکی شەڕی ئۆکرانیا دەتوانێت قۆناغی شەڕی دژی ئێران بگۆڕێت و خێراتر بکات، چونکە نیازەکانی ئێران و زلهێزانی جیهان سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەن بۆ یەکتری. بەپێی پێشبینییەکان هەموو قەیرانە جیهانییەکان تا پایزی ئەمساڵ دەگاتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. هاوکات دۆخی نالەباری ئابووری و گوزەرانیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و بێکاری و برسێتیدا هەر ئێستا لە ئێران دۆخی شەڕی ناوخۆ و ڕاپەڕینی دروست کردووە. لەم وڵاتە شەڕی نێوان نیئۆلیبرالیستەکان و ئابووریناسانی پیشەگەری تایبەتکردن لەگەڵ نیۆپۆلەمێنتالیستەکان کە دیماگۆگی بوون کارەساتبارە. بێشک لەگەڵ هاتنە پێشەوەی مامۆستایان و کرێکاران و خانەنشینان و بازاڕخوازان ئەو نیشانانەی کە کۆمەڵگا بڕیاری گۆڕانی ڕیشەیی داوە ڕوونە. دیاریکەری سەرەکی ڕاپەڕینی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنی پاسیڤی ئێران نییە و خۆی چین و توێژەکان و جەماوەری سەر شەقامەکانە کە ئێستا مامۆستا و کرێکارن. تاکە بەهای ئۆپۆزیسیۆن فیدرالیزمە کە دەکرێت بەرزبکرێتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی. بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان بەتایبەتی لە بەلووچستان و خوزستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرزبوونەوەی شەپۆلی توند و تیژی دەستگیرکردن، بڕیاری یەکلاکەرەوەی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژی نیشان دەدات. هەمو فشارە دەرەکییەکان و هەمو تیرۆری بریکارەکانی سیاسی - سەربازی زیادیان کردووە و سیستەمی سەرکوتی ناوەکیش بەهۆی گەندەڵییەکی نەگونجاوەوە لاواز بووە و چیتر وەک جاران یەکدەست نییە. دابەشبوونی ناوخۆیی نێوان ئێستای ڕژێمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک لە ململانێ، بەڵام ڕژێم هەوڵ دەدات شتەکان ئاسایی بکاتەوە.
ئەمڕۆ گوتاری خێرای یەکێتی گەل و نەتەوەکانی ئێران هەموو جەماوەر و بازنە فیکری و سیاسییەکانی هێناوەتە سەر خۆی بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ناتوانێت وڵام بداتەوە. بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەلانی دیکەی ئێران باشترە، بەڵام هەندێک بەربەرەکانی دەسەڵاتی حیزبی و شۆڤێنی دۆخەکەی خستووتە مەترسییەوە. بێگومان پەژاک هەوڵ دەدات لە دەرەوەی بازنەی ئەو کێبرکێیە تێکچووانە بمێنێتەوە و بە بەهێزی لەسەر رێگەکەی بەردەوام بێت. هەوڵمان وەک پژاک لە قۆناغی ئێستادا ئەوەیە کە تیشک بخەینە سەر ڕێکخستنی گەل نەک ڕکابەری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کورد. بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشانەی تورکیا و ئێران بەرامبەر هەرچوار بەشی کوردستان، هاوسەنگکردنی هونەری سیاسی و سەربازی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە یەکێکە لە کارە سەرەکیەکانی ئێستای پژاک. چونکە خۆری ڕاپەڕینی چوار بەشی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزدەبێتەوە و ئەنجامەکانی کۆتاییش لەلایەن ئەم بەشەی کوردستانەوە دیاری دەکرێت. بۆیە هیچ لایەنێک بەسیاسەتی ناوەخت و نادروست و میلیتاریزمی مافی ئەوەی نییە مەترسی دروست بکات. پژاکیش پێی پابەندە. ئەوەی کە هەندێک لایەن دەیانهەوێت ئیرادەی سیاسەت و ڕاپەڕین لە جوگرافیای کوردستان دەربکەن و ڕکابەریی شکست خواردوو بۆ پایتەختەکانی دوژمنان بگوازنەوە دەتوانێت هەڕەشەیەک لەسەر راپەرینی کورد بێت.
ئەمڕۆ هەموو شەڕ و سیاسەت و دیپلۆماسی و ڕاپەڕینێکی جەماوەری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە هەموو وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر هەموو وڵات و گەلانی ئەم ناوچەیە. لەبەر ئەوە جەنگ و سازانی گونجاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی خێرا گۆڕانکاری دروست دەکات. چوارپارچەی کوردستانیش هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هیچ بەشێکیش ناتوانێت بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخی بەشەکانی دیکە، بە بێباکی تەواو و وەهم دەست بۆ سیاسەت و میلیتاریەتی ببات. سیاسەتی دوژمنانی کورد وەک تورکیا و ئێران، دوژمنایەتی تەواوی هەموو پارچەکانی کوردستانە و هێشتا هەڕەشەی شەڕ و کۆمەڵکوژی لەسەر باشور و ڕۆژاڤای کوردستان هەیە.
بەهەمانشێوە چارەنووسی ڕێبەر ئۆجالان و ئازادییەکەی گرێدراوی چارەنووس و ئازادیی گەلەکەمانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هیچ دەربازبوونێک لەو ڕاستی و واقیعە نییە. تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاش هاوکات هەڕەشەی لەناوبردنی کۆمەڵگا مرۆیی و ژینگەییەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە کە کارەساتێکی خراپتر دەبێت لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و بۆیەش پێویستە رێگری لێبکرێت. بۆیە ئەنجامەکانی شەڕی جیهانی سێهەم، ئێستا لە چوار پارچەی کوردستان بەدیار کەوتووە. ئازادی گەلی کوردیش لە ڕێگەی سیاسەتی تەڤگەری ئازادییەوە بەدی دێت."
ف.ق