بە دیمەن

قەڵای بەرخودان: قەڵای چەمچۆ

"بەڕاستی لەو شاخەدا هاوڕێیەتی زۆر بەهێز بوو، زیاتر لە چەکەکانمان ئیرادەی هەڤاڵان و هاوڕێیەتیان بوو وایکرد ئێمە سەربکەوین، ئەگەر ئەوە نەبوایە رەنگە نەمانتوانیبایە لەو شاخە خۆڕاگری بکەین".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو ئۆپراسیۆنەی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەستیپێکردبوو لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرفراوانتری کرد. بە تایبەتی لە هەرێمی زاپ دەوڵەتی تورک ویستی گەریلا گەمارۆ بدات. لەبەرامبەر ئەو داگیرکەرییە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە خۆڕاگرییان و گورزی کەمەرشکێنیان لە داگرکەران وەشاند. داگیرکەری سەرباری هەموو جۆرە هێرشێکی نامرۆڤانەش نەیتوانی ئیرادەی گەریلا بشکێنێت و گەریلا لەناوببات. یەک لەو شوێنانەی کە بەرخودانێکی بێهاوتای تێدا ئەنجامدرا قەڵای چەمچۆ بوو. لەوێ دەوڵەتی تورک ساڵێک زیاتر نەیتوانی بچێتە سەر شاخەکە، سەرباری هەموو هێرشێکی دژوار و کیمیایی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان یەک هەنگاو پاشەکشێیان نەکرد. ئەو گەریلایانەی لە قەڵای چەمچۆدا دەمانەوە بە بەرخودانی بێهاوتایان مێژوویان نوسیەوە. یەک لە گەریلاکانی یەژاستار کە لە رۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی لەناو بەرخودانەکەدا مایەوە گەریلا شیلان کەنداڵ بوو. گەریلا شیلان ساتەکانی بەرخودان و هەستەکانی خۆی لەو کاتەدا دەخاتەڕوو.

"ناوم شیلان کەندالە. ساڵی ٢٠٢٢ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەستپێکرد. سەرەتا من لە کەمپی شەهید ئارژین بووم، دوژمن هێرشی کردە سەر کوڕەژارۆ، شاخی شەهید کارکەر، کونیشکا و شاخی شەهید شاهین. بەر لەوەی دوژمن بکەوێتە ناو چەمچۆ ئێمە چاودێریمان دەکرد. سەرەتا پلانی دوژمن ئەوەبوو کە لە چەند مانگدا ئامنجەکانی بپێکێت. بەم جۆرە لێدوانیان دەدا، کە ئەو ئۆپراسیۆنە لە چەند مانگدا کۆتایی دێت و هەم گەریلا و هەم گەل لەناو دەبەن. بەڵام ئەو بەرخودانەی هەڤاڵان کردیان وایانکرد کە دوژمن دەستخەڕۆ بێت. دوژمن پشتی بە تەکنەلۆژیاکەی بەستبوو، کاتێک دەیویست بە هەلیکۆپتەر سەربازەکانی لە سەر ئەو شاخانە دابەزێنێت، هەم لە قەڵای چەمچۆ و هەمیش لە شاخی شەهید عادلەوە  هەڤاڵان لێیانهاتنە دەست. هەڤاڵان بەم جۆرە نەیانهێشت دوژمن لە سەر خاکی کوردستان خۆی جێگیر بکات. ئەوەی بینیمان ئەوەبوو کە هەڤاڵان نەیانهێشت دوژمن بە ئاسودەیی بجوڵێتەوە، بەرخودانەکە لە رووی ورە و جۆش و خرۆشەوە لە ئاستێکی بەرزدابوو. سەرەتا بەتایبەتی لە قۆڵی شاخی شەهید شاهینەوە ئەوەمان بینی. دوژمن لە سەرەتادا بە ئاسانی دەهاتە سەر تونێلەکانی بەرخودان و کیمیایی بە کاردەهێنا. کاتێک دەستوەردانی هەڤاڵانی بینی ئیتر رێوشوێنی گرتەبەر. ئیتر بە ئاسودەیی نەیاندەتوانی بێن. بەهۆی بەرخودانی هەڤاڵانەوە دوژمن نەیتوانی بە ئاسانی چەکی قەدەغە بەکاربهێنێت و نەتوانێت بە ئاسانی لەسەر خاکەکەمان بجوڵێتەوە. دوژمن بەر لەوەی سەربازانی لە شوێنێک دابەزێنێت بە چەند کاتژمێر ئەو ناوچانەی بۆردومان و تۆپباران دەکرد. ئەو کاتە دەمانزانی کە دوژمن دەیەوێت ئەو شاخە بگرێت. بەڵام هەڤاڵان رێگەیان بەوە نەدەدا. لەبەر ئەوەی بە تانگ، فرۆکە و کاتیوشا نەیدەتوانی بگاتە ئەنجام، دوژمن چەکی کیمیایی و قەدەغەی بەکاردەهێنا. هەڤاڵان لەو هەلومەرجەدا بەرخودانیان کرد. ئەوەی لە دۆخە دژوارەدا هەڤاڵانی پێکەوە دەبەستەوە هاوڕێیەتی و بەرخودان بوو. ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم و تێبینیم کرد بەو جۆرە بوو.

'گرنگترین چەکمان ئیرادە و هەڤاڵێتی بوو'

دوای ئەوەی لە کەمپی شەهید ئارژینەوە رەوانەی قەڵای چەمچۆ کرام، من لەو قەڵایە مامەوە. ئەو کاتەی من چوم هەر لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەوە هەڤاڵان رێکدەخرانەوە. سیستمی ئێشکگری، تا ئەوەی لە کاتی جموجۆڵدا چۆن مامەڵە بکەن و لە چ پەنجەرەیەوە بوەستن، هەموو ئەمانە رێکخرابون، یاخود ئەوەی چ چەکێک لە چ کاتێکدا و لە چ شوێنێکدا بەکاربهێنن. واتە لەو بابەتانەدا هەڤاڵان خۆیان رێکخستبوو. بەراستی لەو شاخەدا هاوڕێیەتیەکی زۆر بەهێز هەبوو. لە سەرووی چەکەکانمانەوە هاوڕێیەتی و ئیرادەی هەڤاڵانبوو کە وایکرد ئێمە سەرکەتوو بین. ئەو بەرخودان، ئەو هەڤاڵێتی، رۆح و ئیرادەیەی ئێمە لە کوێوە وەرمان گرتووە هەموو کەس دەزانێت. بیرکردنەوەی هەڤاڵان هەموویان بەو شێوەبوو. هەڤاڵان قەبوڵیان نەدەکرد کە دوژمن بەم جۆرە بە ئاسانی و ئاسودەیی بە سەر خاکەکەماندا بسوڕێتەوە. کاتێک دوژمن هاتە چەمجۆش هەڤاڵان بەو جۆرە جوڵانەوە. هەڤاڵان هەموویان راوەستەیان لەسەر ئەرکی خۆیان دەکرد. جار جار لە خۆم دەپرسی ئەوە چ رۆحێکە کە لەناوماندایە بێ ئەوەی کەس بە کەس بڵێت، هەمووان دەیانزانی ئەرکیان چییە. بەراستی مرۆڤ بەو بەرخودانە ورەی وەردەگرت و دڵی مرۆڤ ئاسودە دەبوو و مرۆڤ دەیگوت هەتا هەڤاڵی بەو جۆرە هەبن، تا رۆحێکی بەو جۆرە هەبێت، تا هاوڕێیەتیەکی بەو جۆرە هەبێت، لەهەمان کاتدا بەرخودانێکی بەو جۆرەش هەبێت دڵی مرۆڤ ئاسودەیە. ئەمرۆ و سبەینێ چی رووبدات، سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە. بەردەوامیش دەمانگوت کە جگە لە سەرکەوتن هیچ شتێکی دیکە قەبوڵ ناکەین.

'ئێمە رێگە نادەین دوژمن بێتە سەر ئەم شاخە'

زۆر جار دوژمن هەوڵیدا بێتە سەر ئەو شاخە، رێک ساڵێک هەوڵیاندا بەڵام دەرەقەت نەدەهاتن و بەرخودان رێگەی بەوە نەدەدا. هەندێک جار شەوانە دوژمن هەوڵی دەدا بێتە سەر شاخەکە، بەڵام ئێمە هەستمان پێدەکرد و رێگەمان نەدا. ئەو دەستوەردنە هەموو بە رۆحی هەڤاڵان پێشکەوت. دەمانگوت ئەگەر پێویست بکات شەوانەش ناخەوین، بە رۆژیش ناخەوین و رێگە نادەین دوژمن بێتە سەر ئەم شاخە، بە شەو و بە رۆژ خۆیان تاقیدەکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڤاڵان وشیارانە مامەڵەیان دەکرد و کاتێک هەستیان دەکرد بەشێوەی بۆسەی لە پەنجەرەکان دەمانەوە، هەندێک جار چەندین کاتژمێر دەمانەوە، بەڵام رۆژێکیش نەمبینی هەڤاڵێک بڵێت فڵانە شوێنم دێشێت یاخود ماندووبووم، بێ خەوم، برسیم، تاکە شتێک لە مێشکی هەموو هەڤاڵاندابوو ئەوەبوو؛ ئێمە ناهێڵین دوژمن بێتە سەر ئەم شاخە. چی دەبێت با ببێت ئێمە سەردەکەوین. هەموو بیرکردنەوەی هەڤاڵان لەسەر ئەوەبوو. جیا لەوەش ئەو چەکانەی بەکارمان دەهێنا ئەمانەبوو: دۆشکا، بی کەی سی، چەکی سوک، چەکی نیشانەشکێنی زاگرۆس، ئێمە دەمانزانی کە ناتوانن بێنە سەر شاخەکە، بەڵام هەموو ئەگەرێکیشمان لەبەر چاوبوو، لەپەنای ئەو چەکانەشەوە هەڤاڵانی سابۆتاژیش کاری خۆیان دەکرد.

'هەموو چالاکیەکانی هەڤاڵان ئەنجامیان بەدەستهێنا'

هەموو هەڤاڵان پڕ لە جۆش و خرۆش و ورەبوون. هەم دەیانویست بچن و چاودێری دوژمن بکەن، هەمیش چالاکی بکەن. لەبەر ئەوەی دوژمن نەهاتبووە سەر شاخەکە نەماندەزانی لە چ کاتێکدا دوژمن بە فرۆکە هێرش دەکات. ئێمە بە هەڤاڵانمان دەگوت چاودێری بکەن، یەکترمان ئاگادار دەکردەوە. بە گشتی بە هەڤاڵانمان دەگوت کە دەبێت بێ پسانەوە چاودێری بکەین و نابێت بێئاگابین لەو بابەتەدا. پێویستە تا سەر وریابین لە پرسی خۆپاراستندا. هەموو هەڤاڵان لەسەر ئەو بنەمایە دەجوڵانەوە. لەبەر ئەوەش بوو کە ساڵێک زیاترمان تێپەڕاند و لە شاخەکە ماینەوە، نە خوێن لە پەنجەی هەڤاڵێک هات و نە هیچ زیانێکی گیانیمان دا. خۆی ئێمە کاتێک گفتوگۆمان دەکرد جەختمان دەکردەوە کە نابێت لەم شاخە خوێن لە پەنجەی هەڤاڵێک بێت ونابێت هیچ زیانێک بدەین. ئەو ئاگادارکردنەوانەش بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزراوی خۆمان بوو. لەبەر ئەوەی دوژمن هەستی بە ئێمەکردبوو لە پەنجەرەکان، زۆر نەماندەهێشت هەڤاڵان لە پەنجەرەکاندا بوەستن.  جار جار فیشەکێکمان دەتەقاند، دوژمن دەشڵەژا و بە هەڕەمەکی دەوروبەری دەدایە بەر فیشەک. کاتێک کۆدەبووینەوە لەبارەی دوژمن گفتوگۆمان دەکرد. لێرە بەدواوە جموجۆڵیان بەو جۆرە کردووە، هەڤاڵان دەیانگوت ئەوان ناوەستن، بۆیە ئێمە دەچینە سەر چەکەکەمان و چالاکی دەکەین، هەموو چالاکیەکانی هەڤاڵانیش ئەنجامگربوون. دوژمن زیانی گیانی بەردەکەوت. دوژمن چ چەکێکی هەبوو بەکاریدەهێنا. کاتێک بەو جۆرە دەبوو هەڤاڵانیش زیاتر ورەیان دەگرت. یەک فیشەک بەس بوو بۆ ئەوەی دوژمن بشڵەژێت. رەنگە ئەمڕۆ ئەمە تەنیا فیشەکێکی کڵاشینکۆف بێت، رەنگە هەڤاڵان هەندێک جار هەستی پێنەکەن، بەڵام ئەوە رۆحی هەڤاڵان بوو کە وایدەکرد دوژمن بەم جۆرە دەوروبەری خۆی بە شێوەی هەڕەمەکی بداتەبەرگولـلە. ئەو بەرخودانەی کە دەکرا هەموو بەهۆی رۆحی هەڤاڵانەوە بوو. تا تاریک دەبوو هەڤاڵان نەدەوەستان، هەندێک جار هەڤاڵان توڕەدەبوون، دەمانزانی کە دوژمن لە دەرەوە نین و چوونە خێمەکانیانەوە نایانەدەرەوە، لەبەر ئەوە چاودێریمان دەکرد، هەڤاڵان دەیانگوت با بجینە سەریان، جۆن بەم جۆرە بە ئاسودەیی لە سەر خاکی ئێمە دەنون. ناهێڵین بەم جۆرە بە ئاسودەیی بخەون. کاتێک لەوانمان دەدا لە ئێوارەوە تا بەیانی هەموو شوێنێکیان گولـلەباران دەکرد.

'دوژمن هەرگیز نەیتوانی ئیرادە و رۆحی ئێمە ببەزێنێت و ناشتوانێت'

راستە دوژمن قەڵای چەمجۆی گەمارۆدابوو، بەڵام نەیتوانی چۆک بە رۆحی ئێمە دابدات. رەنگە دوژمن واتێگەیشتبێت. بەڵام دوژمن هەرگیز نەیتوانی ئیرادە، بەرخودان و هەڤاڵێتی ئێمە بسکێنێت. ئەوەی دەیانویست نەیانتوانی بیکەن. چەندەس باسی بەرخودانی هەڤاڵان بکەین بەس نییە. ئەوەی کە زیاتر لە هەموو شتێک دڵخۆشی دەکردم بەرخودان لە ناوچەی چەمچۆ بوو، جار جار دەمگوت گەر مرۆڤ هەڤاڵی بەو جۆرەی هەبێت هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم مرۆڤدا لەمپەر ساز بکات. لەبەر ئەوەی لە هەموو شاخێکدا بەرخودان دروست دەبوو. بۆ نمونە لە ئەشکەوتی برینداران بەرخودانێکی بێهاوتا هاتبووە ئاراوە. کاتێک لە سەر بێتەل گوێمان لە دەنگی هەڤاڵان دەبوو ورەمان بەرزدەبووەوە. دەمانگوت ئەگەر هەڤاڵان لە شاخی شەهید شاهین چالاکیان کردووە، ئێمەس ئەمڕۆ چالاکی دەکەین. هەڤاڵان تا ئەو جێگەیەی لە دەستیان دەهات سەرجەم ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردرابوو جێبەجێیان دەکرد. لە تونێلەکانی شەڕی چەمجۆدا گفتوگۆکانمان هەمووی لەبارەی دوژمنەوەبوو، دەمانگوت کە چۆن دەتوانین دوژمن تێکبشکێنین و لەوبارەوە گفتوگۆمان دەکرد. سەرباری هەموو دژواریەکانیش لەو تونێلەدا هەڤاڵان بیریان لە داهاتووی شەڕەکە دەکردەوە. لە سەرەتای بەرخودانەکەوە تا رۆژی کۆتایی ئێمە لە بەرامبەر دوژمن یەک زیانی گیانیشمان نەدا. چونکە قەبوڵمان نەدەکرد زیانی گیانی بدەین. تاگەیشتینە هەڤاڵانیش هەر بەو جۆرەبوو. ساڵێک زیاتر ئەو ئۆپراسیۆنە بەردەوامبوو و دوژمن نەیتوانی بێتە سەر قەڵاکە. دوبارەی دەکەمەوە هۆکاری ئەوە بە دڵنیاییەوە بەرخودان بوو. رەنگە نەتوانم هەموو شتێک باس بکەم. بە پێویستم زانی کە کەمێکیش بێت باسی ئەو ساتانەی شەر بکەم، هەربۆیە دەبێت مرۆڤ خاوەنداری لە رەنجی هەڤاڵان و لە رەنجی خۆی بکات".

هـ . ب