قەرەیلان: تێکشکاندنی دوژمن بۆ هەموو گەلی کورد دەبێتە دەستکەوت -١-

قەرەیلان رایگەیاند، دەوڵەتی تورک حسابی ئەوەی دەکرد، کە لە ١٠ رۆژدا هەرێمەکانی پاراستنی میدیا داگیر دەکات. راشیگەیاند، "بەو شێوەیە بەردەوام بێت سوپای تورک تێکدەشکێت. تێکشکاندنی دوژمنیش بۆ هەموو گەلی کورد دەبێتە دەستکەوت".

موراد قەرەیلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە بە بۆنەی ٣٧هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  قسەی کرد و لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەسەر بارودۆخی ئەمدواییەی شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و هێزەکانی گەریلا شیکاریی گرنگی کرد و زانیاریی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو.

دوژمن وایدەزانی دەتوانێت بە تەکنەلۆژیا و هەواڵگری لە هەموو روویەکەوە ئەنجام بەدەست بهێنێت

"لە ٣٧هەمین ساڵیادی ١٥ی تەباخ جەژنی ژیانەوەدا تێکۆشانمان بە تایبەتی شەڕی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە قۆناغێکی نوێدا بڵند و گەشاوەتر دەبێت. ئەم قۆناغە زۆر گرنگە. بێگومان ئەوە لەسەر بناغەی فیداکاری و قارەمانیی شەهیدانمان و بە رەنجی رێبەر ئاپۆ و فیداکاریی گەلەکەمان پێکدێت. هەموو شتێکمان بە فیداکاری و قارەمانیی شەهیدانمان بنیاتنراوە. ئەمڕۆ لە کوردستان ئاستێک دروست بووە. ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی لە شەڕی دژ بە ئێمەدا، تورکیای داگیرکەر لەم ٦ ساڵەی دوایدا خواستبووی بە تەکنەلۆژیا ئەنجام بەدەست بهێنێت. تەکنەلۆژیاکەشی لە گلادیۆی ناتۆ وەرگرتووە. بەو شێوەیە خواستی لە چوارچێوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا پشتیوانیی هێزە بیانییەکان بەدەست بهێنێت و بەرەو ئەنجام بڕوات، بەڵام ئەنجامێکی ئەتۆی روونی بەدەست نەهێناوە و بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە. لەبەر ئەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا خواستی راستەوخۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بکاتە ئامانج. ئەوان دەڵێن، 'ناوەندی بزووتنەوەکە لێرەیە و ئێمە لێرە ناوەندەکە پاکتاو دەکەین' بۆ ئەوەش سەرەتای ئەمساڵ هاتن بۆ عێراق و ڕۆیشتن بۆ هەولێر، هێزیان لەو شوێنانەدا ئامادە کرد و کردنیان بە پشتیوان. هەر خۆی روونە، کە هێزە پیلانگێڕە کۆنەکان لە پشتیانن. بەو شێوەیە خواستیان ساڵەکە بە هێرشێکی سوپرایز و لەناکاو دەستپێبکەن. هێرشەکەی سەر گارە لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١دا لەو چوارچێوەیەدا بوو.

 ئەوان دەیانخواست لە ناوەندی گەریلادا ئەنجامێک بەدەستبهێنن و خۆیان لە گارە جێگیر بکەن. لەو رێگەیەوە باڵادەستی بخەنە دەستی خۆیان، بەڵام سەرنەکەوتن و تێکشکان. لە سایەی فیداکاریی فەرماندە شۆڕش بەیتوشەباب و هەڤاڵەکانیدا ئەو هێرشەی دوژمن پێچەوانە کرایەوە، بەڵام بێگومان ئەوان بەردەوام بوون لە دید و جوڵەکانیان. دوای ئەوە بینیمان لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا هێرشیان کردە سەر ئاڤاشین و زاپ و مەتینا. بە شێوەی سەرەکی ئێمە پێی دەڵێین هێڵی قاشورا، یانی پێش مەتینا. بەوێ دەڵێن، بەرواریی باڵا، بە بەرفراوانی هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانە. ئەوان وایان دەزانی و ئەو حسابەیان کردبوو، کە لە ماوەیەکی کورتدا و ئەو پەڕی لە ١٠ رۆژدا هەموو شوێنەکان دەگرن. چونکە پێش ئەوە دەوڵەتی تورکیا لە هەندێک شوێن دا ئەنجامی بەدەستهێنابوو و وایدەزانی لەو شوێنانەشدا بە تەکنەلۆژیا ئەنجام بەدەست دەهێنن، هاوکاری و یارمەتیی هێزە پیلانگێڕەکان و هەر لە خۆیدا هاوکاریی پەدەکەشیان هەیە و بەوانەش بە زوویی بەرەو ئەنجام دەڕۆن، بەڵام ئەوان سەرنەکەوتن. ئەوەتا ئێستا (کاتی چاوپێکەوتنەکە لە ١٥ی ئاب دا) ١١٢ رۆژە شەڕ بەردەوامە. هێشتا ئاڤاشینیان نەگرتووە. لە زاپ دا لە دوو هێڵەوە بەرەوپێش هاتوون، بەڵام لەوێدا راوەستێنراون و چەقیون.

لەلایەکیترەوە لەسەر هێڵی بەرواریی باڵا نەیانتوانی باڵادەستیی خۆیان دروست بکەن. بە کورتی ئێستا دۆخێکی جدی هەیە. ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لە بنەڕەتدا نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو هێزانە، کە ئێستا دەیانەوێت لە بەرامبەر هێزە هەژمونگەراکاندا بوەستنەوە، گرنگیی خۆی هەیە. تەکنەلۆژیای سەردەم لەگەڵ خۆیدا دەرفەت و توانایی هەواڵگریشی بەهێز کردووە و ئەوان وایاندەزانی، کە بە هەواڵگری و بە تەکنەلۆژیا هەر ئەنجام بەدەست دەهێنن. لەلایەکیترەوە ئێمەش ماوەیەکە زۆر بە بەرفراوانی لەسەر ئەوە ڕاوەستاوین. ئێمە گەریلایەکی چۆن پێش بخەین، کە ئێمە بتوانین ئەو هەواڵگری و تەکنەلۆژیایە پووچ بکەینەوە و ئەنجامیش بەدەست بهێنین. ئێمە ئێستا زۆر لەسەر ئەوە رادەوەستین. بە تایبەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەدا لە ماوەی ئەم ٤ ساڵەی دوایدا هەم لەسەر ئەوە رادەوەستین و هەم قوڵایی دروست دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا گەریلایەتییەکی نوێ پێشدەخرێت. ئێمە لەوە تێگەیشتین، ئەو گەریلایەتییە، کەبە شێوەی چین و ڤێتنام و بە دوای ئەوانەشدا بە شێوەی ئارگەکە بەڕێوەمان دەبرد، دەبێت ئیدی کۆتایی پێ بهێنرێت و گەریلایەکی نوێی سەردەم دروست بکەین. ئەو گەریلا شێوازی شەڕی، شێوازی جموجوڵی، شێوازی جێی و پەناگرتنی، تاکتیک و رێنماییەکانی دەبێت جیاواز بێت و نوێ بێت. ئەوە ئێستا هێدی هێدی لە کوردستان پێشدەخرێت. ڕاوەستان و هەڵوەستەکردن لەسەر ئەوە هەیە. رێبەر ئاپۆ پێشتر هەندێک پەیڤ و وشەی بەکارهێنابوو. بۆ نمونە، یەک، مرۆڤ بەرزترین و باڵاترین تەکنیکە، مرۆڤ ئەگەر هونەری مرۆڤەکان پێشبخات دەتوانێت تەکنیک پووچ بکاتەوە، دووەم، ٢٤ کاتژمێر گەریلا. مرۆڤ هەموو کات و بە بەردەوامی گەریلا بێت، هەموو کات بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بێت. لەسەر ئەو بنەمایانە قوڵبوونەوەیەکمان دروستکرد.

گەریلا دەتوانێت خۆی لە دژی چەکە کیمیاییەکان بپارێزێت

رەنگە هەڤاڵان و گەلەکەشمان تامەزرۆی ئەوە بن، کە لە ئاڤاشین چی هەیە، چۆن شەڕ دەکرێت. هەموو رۆژێک دوژمن کیمیایی بەکار دەهێنێت، هەڤاڵان چۆن لە دژی دەوەستنەوە؟  پێش هەموو شتێک گەریلایەکی نوێ، کە ئێمە پێی دەڵێین، گەریلاکانی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک، ئەو گەریلایانە لەسەر بناغەى پسپۆڕی دەجوڵێنەوە. کەرت و لق بە بنەما دەگرێت و شەڕی تیمی دەکات. واتە تیم ناوک و کرۆکی بنەڕەتییە. ئەگەر پێویست بکات ژمارەیەکی زۆر تیم پێکەوە و بە هەماهەنگی دەتوانن بڕۆنە سەر ئامانجێک، بەڵام نەک لە پاڵ یەکدا، کە ببن بە یەک و کۆمەڵ ببەستن. هەموو کات دەبێت تیم بنەڕەت بێت. یەک تیم دەتوانێت لەگەڵ تیمەکانی تردا و بە هەماهەنگی بجوڵێتەوە و ئیدارەی شەڕەکە و ئامانجەکە بدات. یانی یەکەم؛ شێوازی تیم. ناوچەکە و زەوییەکان و دۆڵ و شاخەکان و کەندەنەکان بە بەرفراوانی و بە قوڵی بەکار دەهێنێت. دووەم؛ لەگەڵ ئەوەدا شێوازی ژێرزەوی و تونێل هەیە. بە تاکتیکی تونێل، لە ناو تونێلەکانیشدا بە پسپۆڕی خۆپاراستن و شەڕ. سێیەم؛ گەل. بە بەرخودانی گەل، بەشداریی گەل، پاراستنی جەوهەریی گەل. بەوانە و بەو سێ شتانە پێکەوە مرۆڤ دەتوانێت تەکنیکی سەردەم و هاوچەرخ پووچ و بێکاریگەر بکات. یانی جەماوەری گەل، شێوازی ژێر زەوی و گەریلای تیم. ئێمە بەو شێوازانە دەجوڵێینەوە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەنجامێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

پار لە حەفتانین تەنها شەڕی تیم بەڕێوەبرا، بەڵام ئەوە بەپێی رێنماییەکانی ئێمە بۆ پاراستنی زەوییەکان لەسەر یەک لنگ بەڕێوەچوو. یانی لنگی تونێل نەبوو. ئامادەکاریی تونێل نەبوو و ئەوە پێکنەهات. ئێستا لە دوای گارەوە بۆ ئێستا، کە گارە بۆ ئەوە سەرەتایەکی گرنگ بوو، تاکتیک و رێنماییەکانی ئێمە بە تەواوەتی جێبەجێکران. دوای ئەوەش ئێستا لە زاگرۆس و مەتینا لە جێبەجێکردندایە و کاری پێدەکرێت. ئەو شێوازە ئەگەر ئێستا لە رۆژئاوا بەکار بهێنن، بە دڵنیاییەوە دوژمن تێکدەشکێت. یانی نابێت وەک سەرێکانی بێت. ئەگەر ئەو شێوازە بە شێوەیەکی راست و دروست بە ڕێوەببرێت، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، رێنماییە گشتییەکانی بەو شێوەیەیە، یانی گەلیش ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆی دەبێت ئەنجامی بدات و شێوازی تیمیش بە ڕێوەببرێت و شەڕی تونێڵیش بکرێت، ئیدی کەس ناتوانێت هیچ شوێنێک بگرێت. چەکی ئەوەشیان نییە، کە بتوانن بۆردومانی بکەن و بۆردومانەکانیان کاریگەریی نابێت بۆ ئەو شوێنانە. ئێستا هەندێک دەڵێن، کیمیای بەکار دەهێنرێت، بەڵام هەر هێشتا هەڤاڵان شەڕیش دەکەن؟ پێویست ناکات من لێرەدا باسی بکەم، چونکە ئەو شێوازانەش بەکار دەهێنرێت، کە مرۆڤ کیمیای بێ ئەنجام و پووچ دەکاتەوە. ئامێر و کەرەستەى وەها هەیە، شێوازی پووچکردنەوەى هەیە. نابێت من ئەو شێوازانە لێرەدا باس بکەم. هەڤاڵانمان قەت بەهۆی کیمیاییەوە شەهید نەبوون؟ بەڵێ شەهید بوون، ئەوەندەی من دەزانم تاوەکو ئێستا بە گشتی زیاتر لە ١٠ هەڤاڵ شەهید بوون، بەڵام ئیدی هەڤاڵان دەزانن چۆن خۆیان لە بەرامبەر کیمیایدا بپارێزن. رێباز و شێوازەکەى و ئامێر و کەرەستەکان بەکار دەهێنن.

لە زەوییەکاندا بە تاکتیک دەجوڵێنەوە، چۆن دەجوڵێنەوە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بێئەنجام و بێکاریگەر دەکەن. دەبێت گەریلایەکی شاراوە هەبێت، کە لە خۆ شاردنەوەدا خۆی قوڵ بکاتەوە. خۆ وەک سروشت و زەوی لێکردنی زۆر ورد و شارەزایانە بێت، بەپێی رەنگی زەوییەکە و سروشتەکە بێت. دەبێت لە دیسیپلین دا بەهێز بێت. دەبێت گەریلایەک بێت وەک تارمایی و شەبەح وابێت و نەبینرێت. کاتێک سەیری بکرێت نەبینرێت، بەڵام کاتێک خواستی دەڕوات و گورزی گەورە لە دوژمن دەدات. نەک تەنها ئەوەى دوژمن نەیبنێت، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەک بێت کە هەر کات خواستی لە دوژمنیش بدات. ئێستا ئێمە دەمانەوێت لەسەر زەویدا گەریلایەکی وەها بئافرێنین. ئەوە ئێستا بەرەوپێش چووە و پێشکەوتنی بە خۆییەوە بینیوە. رەنگە هەندێک کەموکوڕیی تیادا بێت، من ناڵێم تەواو و کامڵە، کەموکوڕیی هەیە، بۆیە راوەستانی لەسەر هەیە، بەڵام ئەوە سێ مانگ و نیو تێپەەڕێوە و ئیدی ئەوەش پێکهاتووە و بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرەو کامڵبوون رۆیشتووە. ئەگەر کەمیش بێت ئەنجامەکەى دەرکەوێت و دەبینرێت. بێگومان دەبێت زیاتر لەسەر لایەنی کەموکوڕیی راوەستین، بەڵام ئەو شێوازە دروستبووە و خۆی داوەتە پێش و ئەو شێوازە دەتوانێت تەکنەلۆژی سەردەم پووچ بکاتەوە و تێکیبشکێنێت، لە بەرامبەر ئەوەدا تۆ دەتوانیت بەرەنگاری بکەیت و ببیت بە ئیرادە.

دوژمن لە ناوچەکە بێچارە و دەستەوەستانە

پێش داگیرکەری دەیگوت، 'من بمەوێت بڕۆم بۆ کوێ دەڕۆم'. بۆ؟ چونکا تەکنەلۆژیام هەیە، هەموو تەکنەلۆژیاکانی هاوچەرخم لە دەستدایە'. ناتۆ هەموو تەکنەلۆژیایەکی خستووەتە بەردەستی، بەڵام ئێستا ئاشکرا بووە، کە وەها نییە. یانی شێوازێک، کە ئەمڕۆ لە کوردستان و لە چیاکانی کوردستان لەلایەن گەریلاکانەوە بەڕێوەدەچێت، بەو شێوەیە نییە، کە ئەوان دەیانگوت. بۆ نمونە ئێستا لە دوو هەفتەی رابردوودا لە دێرسیم دوو چالاکیی یەک لەسەر یەک ئەنجامدران. لە ناوچەى شاخ چالاکی بوو، لە بۆتان چالاکی هەبوو و لە هەموو شوێنێک چالاکی ئەنجامدرا. یانی لە باکووریش ئەو شێوازەى تیمی پسپۆری شاراوە، کە هەواڵگری پووچ دەکاتەوە، تەکنەلۆژیا پووچ دەکاتەوە شێوازێکی سەرکەوتووە. ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەو بناغەیە گەریلای نوێ، گەریلای سەدەی نوێ، بکەین بە هێزی سەرکەوتن. ئەو ئەنجامانە زۆر گرنگن. بە تایبەتی ئەمڕۆ ئەو شێوازەى بەڕێوەدەچێت لەو چوارچێوەیەدا ئەنجامی زۆر گرنگی لێدەکەوێتەوە. ئەوە بۆ ئێمە و بۆ هێزە بندەستە جیهانییەکان و بۆ هەموو کەس وەک مۆدێلێک و نمونەیەکە، چوارچێوەیەکە. بۆ ئەوە ئێمە زۆر بە گرنگی دەزانین.

ئەوەش بڵێم، من بە بۆنەی ٣٦هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ لە پیرۆزباییەکی فەرمیدا وتبووم، "ئێمە دوژمنمان لە حەفتانین گێژ کردووە، ئەگەر بێت بۆ زاپ ئێمە دەیکەین بە ژێر گڵەوە'. ئێستاش ئێمە هەر ئەو وتەیە دووبارە دەکەینەوە. ئەوە وتەیەکی ئاسایی نییە، بۆ پڕوپاگەندەش نییە. دەستمان لە ژێر بەرددایە. هاتنە بەردەم دەرگای زاپ، دوژمن دەیەوێت داگیری بکات و ئێمەش ئیدعا و بانگەشەمان ئەوەیە. هەر بەرەو پێشەوە بێت ئێمە تێکیدەشکێنین و زیاتر لەوەی کە هەیە تێکیدەشکێنین. ئەوان ئێستا تێکشکاون، بەڵام ئەگەر هەر بیانەوێت بێن، ئەوە دەبن بە ژێر گڵەوە. ئەوە وەهایە. ئێمە لە سایەی شەهیدە قارەمانەکانمان، ئەو هەڤاڵە فیداییە هێژایانە دا دەتوانین بە ئاسانی بڵێن، لەو بابەتەدا ئەوەی وتراوە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، زیاتریش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

خستنەڕووی شەڕی ئاڤاشین و زاپ و مەتینان لەسەر نەخشە

ئێستا ئێمە دەتوانین لەسەر نەخشەش نیشانی بدەین. ئەوەى لەسەر ئەکران و شاشەکە دەبینرێت ئاڤاشینە، واتە ئاڤاشین لەوێیەوە دەڕوات تاوەکو سنووری باکوور. ئەو شوێنە سوورانە ئەو شوێنانەن، کە دوژمن پێشتر و پێش ئەم ئۆپراسیۆنە داگیری کردبوون. شوێنی سوپای تورکن. ئەو شوێنە پرتەقاڵییانە ئەو شوێنانەن، کە سوپای تورک نوێ بۆ داگیرکردنیان هاتووە، بەڵام لەو شوێنانەدا شەڕ هەیە. ئەو رەنگە پرتەقاڵییانە ئەو هێزانەن، کە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا هاتوون. رەنگە زەردەکەش شوێنی گەریلایە. یانی ئەو شوێنانەن، کە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلادان، کە هێشتا دوژمنی تێنەکەوتووە. ئەو هێڵە زەردە، ئەو شوێنانە هەموویان ناوچەکانی گەریلان. دوای ئەوە ئەم شوێنە شیلادزێیە، هێزەکانی حکومەتی هەرێمە هێزەکانی پەدەکە لەوێن، لە بەرزایەکانن. ئەو شوێنەى کە باسی دەکرا، رەنجبیران ئەوەیە.چەمچۆ لەوێیە. بە کورتی نەخشەکە بەو شێوەیەیە. تاوەکو ئێستا داگیرکەری تورکیا کوێی داگیرکردووە؟ شوکێی گرتووە و هاتووە بۆ شاخی ئەکین و بۆ خۆی هێڵێکی دروستکردووە، کە بە شێوەی سەرەکی مەرڤانۆس، بانیستا و مێزێ لە خۆد ەگرێت. بەو شێوەیە دوژمن خۆی وەک سێگۆشەیەک جێگیر کردووە. ئەو شوێنەش مام رەشۆیە، لەلای شەمزینانەوە لەوێش ملەى گرانا هەیە و لە ئاسمانەوە بۆی دابەزیون، بەڵام بۆشایی و مەوداکەیان بۆ پڕ نەکراوەتەوە. دەیانەوێت لەوێیەوە رێگا بێنن. ئەوێ مام رەشۆیە. ئێستا سوپای تورک لەو شوێنەیە، مامرەشۆی گرتووە و بانیستا و مێزیی گرتووە. ئامانجیان ئەوە بوو، کە هێزەکانی مام رەشۆ و بانیستا بە یەک بگەیەنن. بۆ ئەوەی گەمارۆی هێزەکانی گەریلا بدات، ئەوانە هێزەکانی ئێمەن و لە هەموو ئەو شوێنانەدا هەن. ئامانجیان ئەوەبوو. بۆیان نەچوویە سەر و تا ئێستاش بۆیان نەچووەتەسەر. هەندێک شوێن هەیە، ئێستا باسی ئەوانەش دەکەم. لێرەوە خۆیان بەرداوە بۆ خوارەوە، لەسەر ئاڤاشین. ئێمە پێی دەڵێن، دۆڵی کۆنفرانس و دۆڵی ماران. لەو هێڵەدا خۆیان بەرداوە بۆ سەر ئاوەکە، چل رۆژ لەوێ شەڕ روویدا. رێک چل رۆژ. لەو شوێنانەدا لە دەستدان و کوژراو و برینداریان زۆر بوو.  بۆ ئەوە دووبارە لەو شوێنانە کشانەوە. سەربازانی ئێرەیان کشاندەوە بۆ مێزێ، لێرەشەوە کشاندنیانەوە بۆ بانیستا. هەندێک هەڤاڵ بەوە دڵخۆش بوون و وتیان، رەنگە تەواو تێکشکابن، بەڵام نەیتوانی بیگرێن و بۆ خۆیان بە مەترسی زانی، بۆیە کشانەوە. یانی دەیخواست ئەو گەمارۆیە دروست بکات، بەڵام نەیتوانی و تیایدا سەرنەکەوت. ئێستا ئەو نێوانە کراوەیە و لە دەورووبەری ئاڤاشین هاتوچۆ هەیە. ئەوان نەیانتوانی هێزەکانی مام رەشۆ و ئەوانەى لە بانیستان بە یەک بگەیەنن. نەیانتوانی ئەو نێوانە بگرن، کە ئەوەیان پێ نەکرا، خۆیان لە بانیستا و مەرڤانۆسەوە شۆڕ کردەوە  هاتن بۆ تابوری عەرەبەکان، کە شوێنێکی تەختە. خۆیان بەردایە ئەوێ، لەوێ هێڵی کیلیسە هەیە و پێی دەڵێن تابوری عەرەبەکان. لە دامێنی وەرخەل، هاتن هێرشیان کردە سەر ئەوێ، وایاندەزانی تونێلی بڕیارگەى ئاڤاشین لەوێیە، نەخۆشخانە لەوێیە، یانی لەوێ نەک تونێلێک، بەڵکو چەند تونێلێک هەیە. خواستیان ئەوێ بگرن و ئەگەر ئەوێ بگرن گەمارۆکەى خۆیان تەواو دەکەن. لەو هیڵەدا گەمارۆکەیان تەواو دەکەن، دەستیان بەو هەوڵەکرد، بەڵام لە ٧ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا (٣٩ رۆژە) هێرش دەکەن و هیچیان پێ نەکراوە و نەیانتوانیوە بەرەو پێش بێن.

ژ.ت