قەرەیلان: ئێمە لە سەرەتای شەڕی کۆبانێدا وتمان، بە دڵیناییەوە داعش تێکدەشکێت

فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی هەپەگە موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، هێزی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا قەقڵیان نەیدەبڕی لەسەر زەوی لە دژی داعش شەڕ بکەن و راشیگەیاند: ئێمە پێش هەموو کەسێک لە دژی داعش ئاڵای سەرکەوتنمان بەرزکردەوە. ئەوەش لە سایەی بەرخودان و رەنج و خوێندا بوو.

 

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارەگەی ناوەندیی پاراستنی گەلی کوردستان رایگەیاند،  گەنجانی کورد لە دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرخۆدانیان کرد و راشیگەیاند: "رێنموێنییەکانی نەتەوەی  دیموکراتیکی ڕێبەری ئاپۆ یەکێتیی کورد، عەرەب، ئاسووری – سوریانی، تورکمان و ئەرمەنەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دروستکرد. بنەمای ئەو پارادایمە ئایدیۆلۆژی - فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و رێنموێنییەکانی بۆ نەتەوەی دیموکراتیک  ڕێبەر بوو. ئەو کەسەی وایکرد، گەلانی عەرەب، ئاشووری - سوریانی و گەلانی دیکە لە دژی داعش بوەستنەوە و شەڕ بکەن، رێبەر ئاپۆ بوو".

بەشی کۆتایی ڕاپۆرتاژەی قەرەیلان لەگەڵ رۆژنامەى یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

بۆچی پەلاماری کوردیان دا؟ نەک تەنها بۆ سەر کۆبانێ، بەڵکو هێرشیان کردە سەر شەنگال، هەولێر، کەرکوک و مەخمور؟

هەر خۆی تا ئێستاش گەلی کورد دەچەوسێنرێتەوە. ساڵەهای ساڵە لە ناوچەکەدا بە دەست چەوساندنەوەی دەوڵەتەکانەوە دەناڵێنێت. بۆچی دوای گرتنی موسڵ و رەقا روویان نەکردە ناوەندەکانی دەوڵەتەکان، بەڵکو هاتن بۆ پەلاماردانی کورد؟ ئەوە پلانێکە. ڕۆڵی دەوڵەتی تورک لەوەدا مسۆگەر و یەکلاکەرەوەیە. لەوانەیە ئەوە گەورەترین هەڵە بێت، کە ئەوان بۆ خۆیان کردیان. ئەگەر بیانزانایە پەکەکە لەوان خۆڕاگرتر و بەرەنگارترە، لەوان فیدایترە، زیاتر پێداگرن لەسەر دۆزەکەیان، بە ئاسانی دەتوانی خۆیان بکەنە قوربانیی دۆز و پرسەکەیان و ناتوانن هەر وا  بە ئاسانی زۆریان بەسەردا بسەپێنن، ڕەنگە بەو شێوەیە روویان لە کورد نەکردایە و پەلاماری کوردیان نەدایە، بەڵام هاتن بۆ کوردستان و کەوتنە ناو زەلکاوێکی سەختەوە. لەبەر ئەوەش شکستیان هێنا. هەر بۆ ئەوەش بوو، کە لە سەرەتای شەڕی کۆبانێدا گوتمان، ئەم شەڕە دەبێتە سەرەتای تێکشکاندنی داعش.  هەر خۆی دوای ئەوە دەرووبەری کۆبانێ پاککرایەوە، هێزەکانمان لەوێ کشاندەوە، چونکە لە کۆبانێ شەهیدێکی زۆرمان بەخشی.

سەرەڕای ئەو قوربانێیە زۆرەی، کە ئێوە داوە، هەندێک لایەن و دەورووبەر لەبارەی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەخەنە ژیر پرسیار و دەیکەنە بابەتی مشتومڕ و گفتوگۆ. هەندێک لایەنی کورد دەڵێن، دەبێت ئێوە پەیوەندیەکانتان لەگەڵ ئەواندا بپچڕن. ئێوە لەبارەیەوە چی دەڵێن و دۆخی جێگیربوونتان لەو ناوچانەدا چۆنە، کە ئێوە لە دژی داعش شەڕتان تیادا کردووە؟

بە دڵنیاییەوە، هەندێکیشیان بەبێ هیچ سنوورێک و راستەوخۆ دەڵێن: "پەکەکە لەوێ بێت یان نا، دەبێت لەوێ بڕۆن. با هێزەکانی  ڕۆژئاوا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕن". زۆر کەس، کە بەقەد سەری دەرزییەک قوربانیان نەداوە و فیداکارییان نەکردووە، لەوچە لەوچ دەکەن و قسەى چەوت دەکەن، بەڵام لەو ڕۆژانەدا، کە هەمووان لە داعش رایاندەکرد، کێ سینگی خۆی دایە بەر گولـلە و کێ داعشی تێکشکاند، ئەوانە هەوڵ دەدەن ئەوە پەردەپۆش بکەن. ئەو سەرکەوتنە بە قوربانی و گیانفیدایی لە کۆبانێ، شەنگال،  مەخمور و کەرکوک بەدەست هاتووە. تەنیا لە باشووری کوردستان ٥٠٠ شەهیدمان لە جەنگی دژ بە داعش دا داوە. هەندێک دەڵێن: " ئیدی باسی ئەوە مەکەن، پەکەکە لە کوێ قاچی لەسەر زەوی دانا بێت ئیتر لەوێ دەرناچێت" هەندێک لایەنی وەها هەن، کە دەیشێوێنن، بەڵام دوای ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بوویەوە، واتە کاتێک داعش لە دەسەڵات کەوت، ئەوە روونبوویەوە، کە داعش چیتر ناتوانێت هێرش بکات، سەرەتا هێزەکانمان لە دەوروبەری دهۆک کشاندەوە. پاشان هێزەکانمان لە لالەش کشاندەوە.

ئێوە لە ناوچەکانی تریش کشانەوە؟

بەڵێ کاتێک پێویستییان پێی نەما، هێزەکانمان لە کەرکوک کەمکردەوە و دواتریش هێزەکانمان لە شەنگال کشاندەوە. لە شەنگال  سەرەتا چەند هەڤاڵێک بۆ راوێژکاری و ئامۆژگاری مانەوە. بێگومان هێزێکی بەرگری و بەرخودان هەبوو، کە هەڤاڵان لە کاتی شەڕدا لە گەنجانی ئێزدی رێکیانخستبوو، لەبەر ئەوەی لە شەنگال گەنجانی خۆڕاگر لەگەڵ هەڤاڵان لە شەنگال دا بونیاد و بناغەى یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)یان داڕشتبوو. ب شەهید بەرخودان، شەهید دژوار، شەهید زەردەشت، شەهید سەعید، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ هەڤاڵانمان خۆڕاگرییان کرد و دۆستی ئێزدیمان بوون. ئەوان پەکەکە نەبوون، بەڵام بێگومان لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر  ئاپۆ بوونە خاوەنی هێز و ئیرادە. ئەوان لە نەبوون، واتە لە ناو بەرخوداندا خۆیان ڕێکخستەوە و رێکخستنی خۆیان دروستکرد. بەڕاستی ئەوەش بونیاتنانێکێ ڕاستەقینەیە و پیرۆزە.

ئەی یەپەگە و یەپەژە؟

بارودۆخی یەپەگە جیاواز بوو. یەپەگە  پێشتر دامەزرابوو و رێکخستنێک بوو. بەڵێ هەندێک لەو هەڤاڵانەی، کە پێشتر لە نێو ریزەکانی ئێمەدا بوون و شەڕیان دەکرد بوو، دواتر چوون بەشداری شۆڕشی ڕۆژئاواو بوو و  پێشەنگایەتییان بۆ کردبوو، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی، کە لە ئێمە جیابووبوونەوە و ریۆیشتبوون زۆر نەبوون، گروپێکی بچووک بوون، لە بنەڕەتدا گەنجانی ناو کۆمەڵگا، کەسانی بێلایەن، بۆ خۆیان رێکخستنێکیان دروست کرد. مەیل و خواستی ئەوە، کە کۆمەڵگا خۆی پاراستن لە خۆی بکات ، مەیل و خوناستێکی لەپێش بوو، چونکە هێرشی دەکرایە سەر و پێویستییان بە خۆپاراستن و ڕێکخستن هەبوو. لە بنەڕەتدا، یەپەگە لەسەر ئەو بنەمایە دروست کرا. هێزەکانی هەپەگەش لە کۆبانێ پشتیوانیان لێکردن و بە فیداکاری و شانبەشانی ئەوان شەڕیان کرد و ورەیان پێدان، کارێکیان کرد، کە ئەوان لە شەڕدا و لە رێکخستن دا زیرەکتر بن. ئەوە راستییەکەیە. بەڵام ئەوە ڕاست نییە، کە هەندێک کەس دەڵێن، "هەردوو ڕێکخستنەکە یەک ڕێکخستنن". ئەوە راست نییە. یەپەگە و یەپەژە، کە دواتر دواتر بوو بە قەسەدە، پێکهاتە و بونیادێکە، کە بە ناسنامەی خۆی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا خۆی ناساناندووە و قبوڵیان کردووە. ئەوەی کردوومانە ئەوەیە، کە ئێمە لە هەلومەرجێکی سەختدا پشتگیریمان کردن. دەوڵەتی تورک هەمیشە دەڵێت، یەپەگە و پەیەدە، پەکەکەن، ئەوەش بۆ ئەوە دەڵێت، کە کورد لە سوریا بە مافی خۆی نەگات، بۆ ئەوەیە ئەوە بۆ خۆی بە مەترسی دەزانێت. لەبەر ئەوەش دەیەوێت یەپەگە و پەیەدە بخاتە لیستی تیرۆرەوە و دەیەوێت بەوە تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد پاکتاو بکات. ئەوە ئامانجە سەرەکی و ستراتیژییەکەى دەوڵەتی تورکە، بۆ ئەوەش بە شێوەیە لە دژیان دەوەستێتەوە و دژایەتیان دەکات، ئامانجی سەرەکیی ئەوەی، کە دەڵێت، یەپەگە – پەکەکەیە، بۆ دوژمنایەتیکردنی گەلی کوردە.

ڕۆڵیان چی بوو لەو زنجیرە سەرکەوتنانەی شەڕ و تێکۆشان لە دژی داعش...

ئەو جەنگە مرۆڤایەتیی لە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی کۆمەڵکوژ و ترسناکی و دڕەندەیی داعش ڕزگار کرد. ئەگەر بەو هێزەی خۆی  شکۆ و گەورەیی کۆبانێی بگرتایە، بە دڵنیاییەوە داعش بەشەکانی دیکەی ڕۆژئاوای داگیردەکرد.بەو شێوەیەش تەواوی سووریای دەگرت، لەوانەیە زیاتریش رووی بکردایەتە باشوور و ناوچەی زیاتری لە باشوور داگیربکردایە. لنگی ئیمپراتۆریەتیی عێراق و دیمەشق، کە ئامانجی داعش بوو، بە شێوەیەکی بەهێز، کە خۆی لەسەر دەچەسپاند، بەڵام لە کۆبانی پێنج هەزار کادێری هەڵبژێردراو و دەستەبژێری خۆی لە دەست دا و ئەوەش پشتی داعشی شکاند. ئەو ئەنجامە زۆر گرنگە، چونکە ئەوە لە کاتێکدا روویدا، کە هیچ کەسێک نەیتوانی دژی داعش بوەستێتەوە.

پاشان هەموو کەس لەمەوە هێز و ورەی بەدەست هێنا. دەوڵەتی عێراق خۆی کۆکردەوە، پێشمەرگەش هەروەها، هەموو کەس لە دژی داعش دەستیکرد بە خەبات و تێکۆشانی کاریگەر. ڕاستە شەڕی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێونەوەیی گرنگە و دەرئەنجامی کرداریی خۆی هەیە. هەروەها لە عێراق ڕێکخستنی حەشدی شەعبی، خۆکۆکردنەوەی سوپای عێراق و گرتنەەوەی موسڵ شتێکی ئاسایی نییە. هەرەها هێزی پێشمەرگەش شەڕی داعشی کرد. دەوڵەتی سوریا، ئێران و ڕووسیا لە دژی داعش شەڕیان کرد. هەموو ئەوانە گرنگن، بەڵام ئەگەر بە دەستێوەردانی پەکەکە لە شەنگال ئاگری بەرخودان هەڵنەگیرسایە، دواتریش ئەو ڕۆح و ورەی بەرخۆدانە ئەگەر لە کۆبانێ نەگەیشتایەتەی بەرزترین ئاستی خۆی، ئەوا زۆر قورس دەبوو، کە لە دژی بەرخودانێکی ئازایانەى لەو شێوەیە ئەنجام بدرایە.

بۆ نمونە هێزە ڕۆژئاواییەکان لەسەر خاک  و زەویدا شانیان نەدایە بەر، کە لە دژی داعش شەڕ بکەن، بەڵێ، لە زەویدا هێزیان هەبوو،  بەڵام ئەوانەی پارێزگارییان لێکردن هێزە خۆجێیەکان بوون. بۆ نمونە، دەوروبەری یەکەکانی ئەمریکا لەلایەن یەپەگەوە دەپارێزرا. پارێزگاریان لێدەکردن و هێزی خۆیان هێنا. جەنگی سەرەکیی ئەوان، جەنگی ئاسمانی بوو. بە جەنگی ئاسمانی، مرۆڤ ناتوانێت هێزەکە تەواوی کۆتایی پێبهێنێت. تاوەکو جەنگ لەسەر زەوی نەبێت، تەنها مرۆڤ لە ئاسمانەوە ناتوانێت کۆتایی بە هێزێک بهێنێت. ئەو ڕاستییە لەم دواییانە لە شەڕی ئەفغانستاندا سەلمێندرابوو. بەکورتی بە بەرخۆدان، بە ڕەنج و خوێن، ئێمە پێش هەموو کەس لە دژی داعش ئاڵای جەنگ و تێکۆشانمان بەرزکردەوە و پێشەنگایەتیی ئەوەمان کرد.

هەستت چۆنە وەک ئەندام و بەڕێوەبەری ئەو هێزانە، کە داعشیان تێکشکاند؟ سەبارەت بە نهێنیی ئەو سەرکەوتنە و کاریگەریی لەسەر دینامیکی خۆجێی و ناوخۆیی چی دەڵێن؟

سەبارەت بەم پرسیارەش دەمەوێت ڕۆڵی ڕێبەری ئاپۆ لەم دەستکەوتانەدا بەتایبەتی هەڵبسەنگێنم. پێشبینی، هەوڵ و بانگەواز و رێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هێزمان لە شەڕی دژ بە داعشدا. لەو رووەوە ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کەس زیاتر بەشدارە لە تێکشکاندنی داعش دا. لەو کاتەدا وەک ئێستا گۆشەگیری نەبوو و شاندەکان دەچوون و دەهاتن.

رێبەرایەتی لەڕێگەی ئەو وەفدانەوە تێڕوانینیان بۆ شەنگال و کەرکوک و باشوور پیشکەش دەکرد. هەروەها سەفەربەرییەکی بۆ کۆبانێ ڕاگەیاند. رێگای گەلەکەمانی دیاری کرد. زەمینەی ئەوەی دروست کرد، کە هێزەکانمان فیداییانە و بە بەرخۆدان تێبکۆشن. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی کرد. ئەمە خزمەتێک بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ئاشکرایە، کە ڕێبەر ئاپۆ بە تێکۆشانی خۆی خزمەتی مرۆڤایەتیی کردووە. ئەمانە ئەو هەوڵانەن، کە وایانکردووە داعش شکست بهێنێت. ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە ئەوە بوو،  چونکە رێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ هێزەکانی هەپەگە، بەڵکو بۆ هێزەکانی یەپەگە و هەموو هێزەکان بووە بە ئیلهام.

گەنجانی یەپەگە و ژنان و گەنجانی عەرەب لە ڕۆژئاوا، ئیلهامیان لە ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت و بەو شێوەیە فیداییانە شەڕیانکرد. هەموو هەڤاڵێکی گەنجی عەرەب بە وتنی: "ڕێبەر ئاپۆ هەم ڕێبەری ئێمەیە و هەمو ڕێبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە بەر ڕۆشنایی بیر  و رامانەکانیدا بە خۆشحاڵییەوە هەموو شتێک لەبەرچاو دەگرین" و بەوە پەیوەندییان بە ریزەکانی قەسەدەوە کرد.

دید و روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتیكی رێبه‌ر ئاپۆ یه‌كێتی كورد، عه‌ره‌ب، ئاشور –سوریانی، توركمان و ئه‌رمه‌نی له‌ باكور- رۆژهه‌ڵاتی سوریا پێكهێناوه‌. بنه‌مای ئه‌و پاڕادایمه‌ ئایدۆلۆژی- فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆیه‌. دید و روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیكه‌. ئه‌وه‌ی وایكرد كه‌ گه‌لانی عه‌ره‌ب، ئاشور-سوریان و گه‌لانی دیكه‌  له‌ دژی داعش بوه‌ستنه‌وه‌ دیسان رێبه‌ر ئاپۆیه‌. هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ هێڵه‌ی ئازادی ژنه‌ كه‌ رێبه‌ر ئاپۆ هێنایه‌ ئاراوه‌، له‌ دژی مامه‌ڵه‌ی توند و داخراو و گوشار له‌سه‌ر ژنان دێنه‌ ئاراوه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ك داعش و هه‌ر جۆره‌ رێكخراوێكی تر، له‌ ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ دژی دواكه‌وتوویی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته‌ وه‌ڵامی هه‌ره‌ به‌هێز- روونكه‌ره‌وه‌، شۆڕشگێڕ و دیموكراتیك. له‌ سه‌ر ئه‌و بابتانه‌ له‌ به‌رده‌م رێبه‌ر ئاپۆ دا هه‌م ئێمه‌ و هه‌م ته‌واوی مرۆڤایه‌تی قه‌رزارن. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌و باره‌وه‌ كردوومانه‌ كاری كرده‌وه‌یی و پراكتیكیه‌. ئێمه‌ ئه‌ندامانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ گوێره‌ی دید و تێڕوانی گشتیی كه‌ دیاریكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بكرێت، تائاستێك هه‌وڵمانداوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بناغه‌كه‌ی داناوه‌ رێبه‌ر ئاپۆیه‌، ئه‌وانه‌شی گه‌یاندویانه‌ته‌ ئه‌نجام شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌كانمانن.

ئێمه‌ وه‌ك په‌كه‌كه‌ كه‌ ئه‌و به‌رخودانه‌مان كرد پێی سه‌ربه‌رزین. هه‌تا ئاستێكیش كه‌ ئێمه‌ دید و تێڕوانینی رێبه‌رایه‌تیمان به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌ پێی دڵخۆشین. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و به‌رخودانه‌ به‌ ره‌نج و ماندوبونی شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌كانمان پێكهاتووه‌ و ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌رزاری ئه‌وانین. ئێمه‌ زۆر شه‌هیدی گه‌وره‌ و به‌نرخمان پێشكه‌ش كرد. جارێكی تر یه‌ك به‌ یه‌ك به‌ قه‌رزارباری و پێزانیه‌وه‌ یادیان ده‌كه‌مه‌وه‌. ئێمه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانین قسه‌ بكه‌ین. به‌وانه‌وه‌ توانیمان ئیمراتۆریه‌تی داعش هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ بوو به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی. په‌كه‌كه‌ خۆی وه‌ك پارتێكی مرۆڤایه‌تی پێناسه‌ ده‌كات، پارتێك كه‌ خاوه‌نی روانینی سه‌رده‌میانه‌، دیموكراتیك و ئازادیخوازانه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و قوربانیه‌ی له‌و پێناوه‌دا داویه‌تی به‌ دڵخۆشیه‌وه‌ ئه‌و قوربانیه‌ی داوه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌رگیز په‌شیمان نه‌بووه‌.

ئه‌گه‌ر داعش و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌و سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌ هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌كه‌تان چی ده‌بێت؟

ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر داوا بكرێت په‌كه‌كه‌، له‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئازادی ژن، بۆ ئازادی مرۆڤایه‌تی و به‌ها دیموكراسیه‌كان، ئاماده‌یه‌ كه‌ هه‌مان قوربانی پێشكه‌ش بكات. خۆی له‌ خۆیدا له‌ ئێستادا، تێكۆشانی ئێمه‌ له‌ دژی تیرۆری فاشیستی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌ كه‌ حاڵه‌تی شاراوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی داعشه‌، به‌رده‌وامه‌.

ئێوه‌ بڕیارێكی ئه‌وه‌نده‌ گرنگتاندا، بۆ له‌ناوبردنی هێزێكی وه‌ك داعش كه‌ ئاڵقه‌ی كۆتایی دواكه‌وتوویی و دڕنده‌یی جیهان و بیر و ئایینی خۆیان بوون و ئێوه‌ ئه‌وه‌تان برده‌ ناو قۆناغی له‌ناوچوونه‌وه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨دا له‌ باره‌ی سێ به‌ڕێوه‌به‌ری بزوتنه‌وه‌كه‌تانه‌وه‌، ئیداره‌ی ئه‌مریكا بڕیاری كوشتن و گرتنی دا. ئێوه‌ له‌و باره‌وه‌ چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌؟

به‌ڵێ. له‌ ناو لیستی خه‌ڵاته‌كه‌كانی ئه‌مریكادا دانانی به‌ڕێوه‌به‌رانی سێ دامه‌زراوه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ پراكتیكی ئه‌و قۆناغه‌دا بڕیارده‌ر بوون، له‌ په‌ره‌سه‌ندن به‌ تێكۆشان دژی داعشدا رۆڵیان هه‌بوو، رێگه‌یان بۆ بیر و روانگه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ كرده‌وه‌، به‌ڵگه‌ی دوو روویی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نامه‌وێت زیاتر شتێكی دیكه‌ بڵێم، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكی ویژدانی، ئه‌خلاقی و یاسایی نییه‌ كه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ تێكۆشان دژی داعشدا خاوه‌نی رۆڵن به‌و جۆره‌ بكرێنه‌ ئامانج و به‌ ملیۆنان دۆلار خه‌ڵات له‌ دژیان دانراوه‌. ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی دڵی توركیا خۆش بكه‌ن بڕیارێكی له‌و جۆره‌یان داوه‌. له‌وه‌شدا هه‌ر چه‌نده‌ رۆڵی كه‌سانی وه‌ك جه‌یمس جێفری و به‌رپرسانی ئه‌و كات به‌رچاو بێت به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ سیستمه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ ببینین كه‌ بیركردنه‌وه‌ی سیسته‌می ئێستا چییه‌. له‌قه‌ست له‌ دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج كه‌ كاریگه‌رترین شه‌ڕیان له‌ دژی داعش كردووه‌. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ به‌هاكان، ئه‌خلاق، راستی و یاساوه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌موو چه‌شنه‌ به‌هایه‌كی مرۆیی پێشێل ده‌كه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌توانم ئه‌وانه‌ بڵێم.

هه‌روه‌ها ده‌زانرێت كه‌ سی ئای ئه‌ی له‌ مێژه‌ كه‌ دژبه‌ری كوردانه‌. به‌ تایبه‌تی دژایه‌تی په‌كه‌كه‌ ده‌كات و هه‌ستیاری به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌. ئێستا ئه‌وانیش له‌ رۆژئاوان و ئه‌وانیش چاودێری زۆر شت ده‌كه‌ن، به‌ڵام چه‌نده‌ له‌گه‌ڵ راستیدا رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تی جێی مشتومڕه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی ساڵیادی سه‌ركه‌وتنی كۆبانێ، داعش له‌ حه‌سه‌كه‌ هێرشێكی تازه‌ی ئه‌نجامدا. هێشتا زانیارییه‌كان نوێن، به‌ڵام له‌ باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ بیركردنه‌وه‌ی ئێوه‌ چۆنه‌؟

هێشتا ئێمه‌ به‌ به‌رفراوانی ئاگادار نه‌بووینه‌ته‌وه‌. به‌ڵام وادیاره‌ كه‌ ئامانجی قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پێنج هه‌زار داعشی كه‌ له‌ زیندانی حه‌سه‌كه‌ گیراون رزگار بكه‌ن، لانیكه‌م به‌شێك له‌ حه‌سه‌كه‌ داگیر بكه‌ن و جارێكی تر ببنه‌وه‌ خاوه‌نی هێزی پێشوویان. ئه‌سته‌مه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی ئاگایان له‌ هه‌ولێكی له‌و جۆره‌ نه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ له‌ باره‌گاكانی سه‌رێكانیه‌وه‌ رێكخراوه‌. یاخود فه‌رمان و رێگه‌پێدانی تره‌مپ بۆ توركیا و داگیركردنی گرێ سپی و سه‌رێكانی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ بڕیارگه‌ی داعش بووه‌ ده‌رفه‌تێك. چ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رێكانیدان له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌! به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داعش له‌ حه‌سه‌كه‌ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ی نابێت، ئه‌وه‌ به‌ هۆی داگیركردنی سه‌رێكانیه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورك.

باشه‌ روسیا و ئه‌مریكاش كه‌ به‌وه‌ ده‌زانن بۆ بێده‌نگن؟ چ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌؟

روسیا به‌ هه‌لپه‌ره‌ستیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ئاگاداری ئه‌وانه‌یه‌ به‌ڵام بێده‌نگه‌ و مته‌قی لێوه‌نایات. ئه‌مریكاش دووڕوویی ده‌كات. ئێستا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نابینێت خۆی كه‌ڕ كردووه‌. ئه‌و هێزانه‌ی جیهانیان وه‌ك مۆم خستوه‌ته‌ به‌ره‌ ده‌ستیان و كۆنتڕۆڵیان كردووه‌، خاوه‌نی ئه‌و توانا هه‌واڵگری و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ن، ئه‌و هێزه‌ باڵاده‌ستانه‌ ده‌زانن كه‌ توركیا له‌گه‌ڵ داعش له‌ عه‌فرین، ئیدلب، سه‌رێكانی و گرێ سپی چی ده‌كات و ده‌یبینن. سه‌ركرده‌ی داعش به‌غدادی له‌ كوێ بینرا و كوژرا؟ مه‌گه‌ر له‌و ناوچانه‌ی ژێر كۆنتڕۆڵی توركیا نه‌كوژرا؟ ئێستا بۆ خه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌كردن له‌ دژی ئه‌ندامانی داعش له‌ توركیا ئۆپراسیۆن ده‌كات و گه‌وره‌ی ده‌كاته‌وه‌.  به‌ڵام زۆرینه‌یان ناڕاستن. له‌ رووكه‌شدا ده‌ڵێن گیراون و براونه‌ته‌ دادگا، به‌ڵام دادگا چ سزایه‌كیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت؟ ئه‌وان ئازاد ده‌كات یان سنوورداشیان ده‌كات، ئه‌گه‌ر تاوانێكی له‌و جۆره‌یان هه‌بێت كه‌ نه‌توانن بیشارنه‌وه‌ سزایه‌كی سوكیان پێده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ هه‌موو بۆ فریودانه‌.

له‌ بنه‌ڕه‌تدا رژێمی فاشیستی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌ له‌ رێگه‌ی هێزه‌كانی وه‌ك داعش، قاعیده‌، ئیخوان موسلمین و به‌ره‌ی نوسره‌ ده‌یه‌وێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا باڵا ده‌ست بێت. به‌و جۆره‌ش ده‌یه‌وێت كورد له‌ هێز دابماڵێت، پاكتاوی بكات، به‌ سیاسه‌تی تیرۆر و پاكتاوكاری له‌سه‌ر كوردان، ده‌یه‌وێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببێته‌ هێزی سه‌ره‌كی، هێزێكی ئیمپرایڵی له‌ ناوچه‌كه‌. بۆ ئه‌وه‌ش قه‌ته‌ر، داعش به‌كارده‌هێنێت و ده‌یه‌وێت ببێته‌ هێز. ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت عوسمانی نوێ ئه‌وه‌یه‌. ئه‌سته‌مه‌ كه‌ هێزه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌وه‌ نه‌زانن؟ هه‌ڵه‌بته‌ كه‌ ئاگادارن به‌ڵام به‌ هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ بێده‌نگن. ئه‌وه‌ش راستی ئه‌و هێزانه‌ ده‌خاته‌ڕوو. هه‌روه‌ها له‌ دژی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر رۆژئاوا و شه‌نگال خۆیان كه‌ڕ كردووه‌. له‌ دژی كرده‌وه‌ نامرۆڤییه‌كان له‌ عه‌فرین مته‌قیان لێوه‌نایات. ئه‌وه‌ش راستی ئه‌و هێزانه‌ ده‌خاته‌ڕوو. ئێمه‌ به‌ باشی ئه‌وه‌ ده‌زانین، به‌ڵام پێویسته‌ رای گشتیی و گه‌له‌كه‌شمان به‌وه‌ بزانێت. له‌ئێستادا رژێمی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌ له‌ پێشه‌وه‌ له‌ دژی كورد، له‌ دژی گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌ تیرۆری ده‌وڵه‌تی به‌ شێوه‌ی جیاجیا به‌كارده‌هێنێت و له‌ رێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ جیهانیانه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌مان به‌ ناوه‌كانیان كرد تیرۆر ئه‌نجام ده‌دات. هێزه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ن.

داعش چۆن به‌ ته‌واوی له‌ ناو ده‌برێت؟

ئه‌وه‌ راستیه‌كه‌: ده‌وڵه‌تی تورك هه‌م له‌ سوریا و هه‌م له‌سه‌ر خاكی خۆی له‌ چه‌ند شوێنێكی ناوچه‌كه‌ ده‌رفه‌تی بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ جیهانیانه‌ ره‌خساندووه‌ كه‌ بڕیارگه‌ی خۆیان دروست بكه‌ن، تا ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌ناو نه‌برێن ئه‌سته‌مه‌ داعش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناو ببرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ی توركیا داگیریكردوون، داعش كه‌ له‌ گه‌ڵ رێكخراوه‌ جیهادیه‌كانی دیكه‌ له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ن، خۆی رێكده‌خات، له‌و ناوچانه‌ كادره‌كانی خۆی په‌روه‌رده‌ ده‌كات و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانێت خۆی زیندوو بكاته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی داعش له‌ناو ببرێت به‌ر له‌ هه‌موو شت ده‌بێت توركیا له‌ سوریا ده‌ربكرێت، توركیا و قه‌ته‌ر پشتیوانی له‌و رێكخراوانه‌ نه‌كه‌ن. تا ئه‌وان یارمه‌تی بده‌نه‌ ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌ كه‌ به‌ ناوی ئیسلامی رادیكاڵه‌وه‌ ده‌جوڵینه‌وه‌، به‌ به‌رده‌وام ده‌مێننه‌وه‌، داعش وه‌ك رێكخراو له‌ ناو ده‌چێت، به‌ڵام هزر و رامانی داعش به‌رده‌وام ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌تانه‌وێت چی بڵێن و چ په‌یامێكتان هه‌یە

له‌ پێشه‌وه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ كۆبانێ و رۆژئاوا ته‌واوی گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستان له‌ قۆناغی شه‌ڕدا رۆڵێكی گرنگیان جێبه‌جێ كرد. یاخود گه‌لانی عه‌ره‌ب، ئاشور- سوریانی، ئه‌رمه‌ن، چه‌چه‌ن، چه‌ركه‌ز، توركمان كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاكانه‌ له‌ دژی دواكه‌وتوویی یه‌كیان گرت، نمونه‌یه‌كی هه‌ره‌ باشی پارادایمی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیكی رێبه‌ر ئاپۆیان نیشاندا. به‌ تایبه‌تیش هه‌موو ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ قسه‌یان ده‌ڕوات، له‌ پێشه‌وه‌ له‌ تێكۆشانی دژی داعشدا، له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی شه‌ڕدا به‌ڵێنی خۆیان به‌جێگه‌یاندووه‌ و جێپه‌نجه‌یان له‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كاندا دیاره‌. هه‌مو ئه‌وانه‌ هانمان ده‌دات كه‌ بۆ ئازادی و ئارامی گه‌له‌كانمان زیاتر هه‌وڵ بده‌ین و زیاتر تێبكۆشین.

ئێمه‌ ده‌بێت به‌ باشی بزانین، ئێمه‌ی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ هێزی خۆمان، به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆمان به‌ هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان بسپێرین، بێ ئه‌وه‌ی هیوای هیچ شتێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وان هه‌ڵبچنین، به‌ به‌هێزكردنی ناوخۆ، به‌ خۆپارستنی یه‌كێتی گه‌لان و خوشك و برایه‌تی گه‌لان له‌و رێگه‌یانه‌وه‌ ده‌توانین ژیانێكی ئازاد و دیموكراتیك بونیات بنێین. تاقه‌ رێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ و رێگه‌ی دیكه‌ بووونی نییه‌. هه‌ڵه‌یه‌ مرۆڤ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بێت هه‌ندێك بێن و به‌ گۆچانی جادویی كێشه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ته‌نیا، له‌ چوارچێوه‌ی خوشك و برایه‌تی گه‌لان، هاوكاری نێوانیان، له‌سه‌ر هێڵی ئازادیخوازی دیموكراتیك و به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌موویان له‌ چوارچێوه‌ی پارادایمی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیكی رێبه‌ر ئاپۆ، به‌ به‌هێزكردنی به‌ره‌كان ئێمه‌ ده‌توانین له‌و كێشانه‌ رزگارمان بێت، سیستمێكی دیموكراتیك، ئازاد، به‌خته‌وه‌رانه‌ له‌م هه‌رێمه‌ دابمه‌زرێنین.  له‌ پێشه‌وه‌ گه‌له‌ وڵاتپارێزه‌كه‌مان، هه‌موو هێز، پێشه‌نگانی گه‌له‌كه‌مان و داینه‌مۆ و بزوێنه‌رانی شۆڕشگێڕ ئه‌گه‌ر له‌و چوارچێوه‌دا به‌رپرسیارێتی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن پێمان وایه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، من سڵاو له‌ ته‌واوی گه‌له‌كه‌مان و دۆستانمان ده‌كه‌م.

تێبینی: له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌ی چه‌ته‌كانی داعش بۆ سه‌ر حه‌سه‌كه‌ ئه‌و رێپۆرتاژه‌ ئاماده‌كرا.

ژ. ت / هـ . ب