بە دیمەن

'رێبەر ئاپۆ ڕێگەی لەبەر ڕاستی کردەوە'

ئادار گابار ئەندامی تەڤنا زیڕین، ٤ی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کوردی لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز کرد و وتی: "بۆ ئەوەی بتوانین خاوەنداری لەم ڕۆژە و ڕێبەرایەتیمان بکەین، پێویستە خاوەنداری لە بەها و دەستکەوتەکانمان بکەین."

ئادار گابار ئەندامی تەڤنا زیڕین، سەبارەت بە یادی ٧٥ــەمین ساڵی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد. ئادار گابار لە قسەکانیدا ٤ی نیسانی لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز کرد و جەختی لە گرنگی و بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە کردەوە.

ئادار گابار، ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لە دایە ئوڤەیش دایکی شەهیدان و مرۆڤایەتی  پیرۆز کرد و وتی: " لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک تیشکی خۆر بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ڕێبەر ئاپۆ لە پیرۆزترین بەشی کوردستان، لەسەر خاکی پێغەمبەران لەدایک بووە. ئەم ڕۆژە پیرۆزە ڕۆژێکی زۆر و گرنگە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و بەتایبەت بۆ ژنان. ڕێبەر ئاپۆ بەو فکر و فەلسەفەی خۆی کە بۆ مرۆڤایەتی ئافراندوویەتی، ژیانێکی نوێ و پڕمانای خۆڵقاندووە. ڕێبەر ئاپۆ بە بیرۆکەکانی هەموو ئەو کردەوانەی کە دژی مرۆڤایەتی دەکرێن ئاشکرا کرد. ڕێبەرایەتی ڕێگای لە سەر ڕاستی کردەوە. لە سەرەتای کار و تێکۆشانەکانییەوە ئەو کوردانەی لە ژێر چنگی کۆمەڵکوژییدا مردبوون، زیندوو کردەوە. لە کوردستاندا کە ژیان راوەستا بوو، بە سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە ژیان دەستی پێکردەوە."

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکەیدا، ئادار گابار، دەڵێت: "٤ی نیسان ڕۆژی دوبارە بوونەوەیە بۆ مرۆڤایەتی". هەروەها ڕۆژی ژیانەوەیەکی نوێیە بۆ ئێمەی ژنان. لەسەر ئەم ئەساسە ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە زۆر مانادارە. ئەم ڕۆژە لە مێژووی گەلەکەماندا بناغەیەکی کۆنی هەیە. ڕێبەر ئاپۆ بە مانەوەی لە ئیمرالی، ڕاستی داگیرکەرانی بۆ هەموو مرۆڤایەتی ئاشکرا کرد. ڕێبەر ئاپۆ دژی دڕندەیی دەسەڵات بەرخۆدانی کرد و خۆی کرد بە قەڵغان بۆ مرۆڤایەتی. ئەوانەی بەهۆی کۆیلایەتیەوە گەیشتنە لێواری لە ناو چوون، ئەمڕۆ بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، لە شەقامەکاندا داوای ئازادی و مافی خۆیان دەکەن. بە دڵنیاییەوە ئەمە ترسی لە دڵی دەسەڵاتداران داناوە. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی دەرگای ئیمرالی نەکەنەوە. لە بەرامبەردا مرۆڤایەتی بانگەواز دەکات و دەڵێت سەرچاوەی چارەسەری کێشەکان، ڕێبەر ئاپۆیە و هیچ کەسێک جیا لە ڕێبەر ناتوانێت چارەسەری گشتی و هەمیشەیی، مسۆگەر بکات.

بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خاوەنداری لەم ڕۆژە و رێبەرایەتیمان بکەین، پێویستە خاوەنداری لە بەها و دەستکەوتەکان بکەین. ئەمەش لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهاندا کاریگەری هەیە. گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێویستە بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە کەڵک وەربگرن و بۆ درێژەدان بە شۆڕشی، ژن، ژیان، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بەردەوامی بە تێکۆشان و خاوەنداری لە بەهاکانی شەهیدان بکەن. ئەوکات بە یەکێتی ڕێگری لە کوشتن وکۆمەڵکوژی دەگیردریت. ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆیە، ڕۆژی لەدایکبوونی ئێمە تەڤنانە."