رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ١٧٠ رۆژە لەلایەن پەدەکەوە رفێندراوە
ماوەی ١٧٠ رۆژە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە لایەن پەدەکەوە رفێندراوە و تائێستاس رێگە بە پارێزەرەرانی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
ماوەی ١٧٠ رۆژە رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە لایەن پەدەکەوە رفێندراوە و تائێستاس رێگە بە پارێزەرەرانی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی رۆژ نیوز کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بۆ دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و بەشداری لە پرسەی باوکی بە فەرمی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردبوو، لە ٢٥ی ئەو مانگەدا و لەکاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پیشخابور لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرا.
ئاسایشی پەدەکە پاش نزیکەی شەس رۆژ لە رفاندنی لە ژێر گوشاری رای گشتیدا دانی بەوەدا نابوو، کە ئەو رۆژنامەنووسەی رفاندووە، بەڵام هاوشێوەی دۆسیەی رۆژنامەوانانی بادینان باسی لەوەکردبوو کە دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانیەوە نییە، بەڵکوو لە سەر چالاکی سیاسی گیراوە.
ئاژانسی رۆژنیوز وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ئاسایشی پەدەکە، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسەیانی کردبوو، بەرپرسیارێتی گیانیشی خستبووە ئەستۆی پەدەکە.
لەدوای رفاندی ئەو رۆژنامەنووسە تائێستا پارێزەرانی چەندین جار هەوڵیان داوە چاویان پێی بکەوێت، بەڵام پاراستنی پەدەکە رێگەیان پێنادات.
ڕۆژى ٢٥ى مانگى ١ى ئەمساڵ نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: ئەگەر لەكاتێكی زوودا چارەنووسی سلێمان ئاشكرا نەكرێت، ئەوا حكومەتی هەرێم و وەزیر ناوخۆی هەرێم پەلكێشی دادگای فیدراڵی دەكەین، بۆیە داوا دەكەین، ڕێگەمان بدەن بیبینین و تۆمەتی ساختەی بۆ درووست نەكەن.
باسى لەوەشکرد، لە کاتی سەردانەکانماندا بۆ هەوڵی بینینی سلێمان ئەحمەد، جگە لە سلێمان ئەحمەد، زۆرکەسی دیکە بە ناڕەوا لە زیندانی ئاسایشدا بەند کراون و هیچ تۆمەتێکیان نییە، ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونە و ئەرکی هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە لەدژی ئەو بابەتە بوەستنەوە.
رفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد کاردانەوەی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە رۆژنامەوانووسان لە کوردستان و دەرەوەی لێکەوتووەتەوە و سەرباری هەموو ناڕەزایەتیەکان پەدەکە بەردەوامە لە رێگریکردن لە دیداری پارێزەران و ئەو رۆژنامەنووسە.
ماوەی چەند ساڵێکە پەدەکە گوشارەکانی بۆ سەر رۆژنامەنووسان و رەخنەگران چڕکردووەتەوە، بە تۆمەتی ساختە سزای زیندانی بەسەر بەشێکی زۆری رۆژنامەنووساندا سەپاندووە، لەئێستادا دەیان چالاکوان و ژمارەیەک رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی پەدەکەن.
هـ . ب