رۆژنامەوانێک لە سەقز دەستگیرکرا

مستەفا حەمدی میدیاکار و بەرێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی "پۆرسمان" لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی یەکشەممەی رابردوو مستەفا حەمدی لە هۆڵی ئاهەنگەکانی میلاد لە شاری سەقز بە بێ نیشاندانی فەرمانی گرتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

تائێستا هۆکار و هەروەها شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەوانە نەزانراوە.

مستەفا حەمدی پێشتر و تەمووزی ٢٠٢١دا لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە سەق بە تۆمەتی "بانگەشە دژی دەوڵەت" و "سوکایەتی بە دامەزرێنەر و رابەری کۆماری ئیسلامی" بە گشتی سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو میدیاکارە کوردە پێشتریش جەند جارێک بە هۆی کاری رۆژنامەوانیەکانیەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رووبەڕووی بانگهێشت و لێپێچینەوە کرابووەوە.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەوانان و میدیاکاران تیایدا زیندانی کراون و بەردەوام فشار دەخرێتە سەر میداکاران.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئێران لە ناو ١٨٠ وڵاتدا، لە رووی ئازادی کاری رۆژنامەوانیەوە لە پلەی ١٧٧ پۆلێن کرابوو.

هـ . ب