شەهیدانی ڕێگای ئازادی لە ڕانیە یادکرانەوە

لە شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی مەزاری شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان کرا.

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە لە شاری ڕانیە، کۆمیتەی باوەڕیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و بنەماڵەی شەھیدان سەردانی گۆڕستانی شەهید هەڵوێستیان کرد و تاجەگوڵینەیان دانا.

پاش بیرهێنانەوەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان، ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ھەرێمی ڕاپەڕین، سەید خالید تیشکی خستەسەر هەڕەشە و شەڕخوازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی کورد لە جیهاندا، گوتی: "دەبێت گەلەکەمان سەیری  ڕابردووی خۆی بکات و ئەزمون لەو یەکێتیی و ڕێکخستنەی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان وەربگرێت، کە چۆن ڕووبەڕووی دەوڵەتی فاشیستی تورک وەستاونەتەوە، ئیرادەی گەلی کورد ئەگەر یەکگرتوو بێت و پشت بەخۆی ببەستێت دەتوانێت بەسەر هەموو بەربەستێکدا سەربکەوێت".

بە ناوی بنەماڵەی شەهیدانەوە، درێعی ڕەشید ڕایگەیاند شەهیدان لەپێناو ئازادبوونی نەتەوەیەکی چەوساوە شەهیدبوون و گوتی: "وەکو بنەماڵەی شەهیدان داوا دەکەین، کوردان یەکڕیزبن، ئەگەر سەرۆکەکانیشیان یەک نەبوو نەتەوە با یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بێت بەرامبەر بە دوژمن".