جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە باسی لە هاوکاریی دەوڵەتى تورک بۆ هێزە جیهانییەکان کرد و رایگەیاند، دەوڵەتى تورک لەلایەکەوە خزمەت بە ئاغا و ئەفەندییەکانی دەکات و لەلایەکی ترەوە هەوڵ دەدات ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی بەفراوان بکات.
جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
شەڕی جیهانیی سێیەم، کە بەشێکە لە عەقڵییەتی شەڕی تایبەت – دەروونیی هێزەکانی مۆدێڕنیتەى کاپتیالیست، وەک چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری دەکرێت. باشە نەبینیی پەیوەندیی ئەو گێژاوە گەورەیە بە کاپیتالیزمەوە وەک بەشێک لەو شەڕەی لە گۆڕێدایە، دەکرێت چۆن لێکدانەوەى بۆ بکرێت؟
ئەوە بەش ناکات، کە مرۆڤ تەنها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەنی جیوستراتیژیکەوە لێکبداتەوە. جوگرافیایەکە خاوەن تایبەتمەندیی جیۆستراتیژییە، لە سیاسەتی جیهاندا بە زۆری ئەو لایەنە زەق دەکرێتەوە و لەسەر ئەوەش مشتومڕەکان و گفتوگۆکان بەڕێوەدەچن. شەڕی جیهانیی سێیەم بە زۆری لەو رووەوە لێکدانەوەى بۆ دەکرێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕی جیهانیی سێیەم بۆ سەرچاوەکانی وزە و دابەشکردنیان دەگەڕێتەوە. هەوڵ دەدرێت زاڵ ببن بەسەر سەرچاوەکانی ئاوی پاک دا، کە بەرەو وشکبوون دەڕۆن. بێگومان ئەوە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی شەڕی جیهانیی سێیەم.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوگرافیایەکە، کە مرۆڤایەتی خۆی تیادا کردووە بە کۆمەڵگە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی شارستانیەتە. لەبەر ئەوەش خاوەن رۆڵێکی ناوەندییە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکات لەگەڵ شوێنی بە کۆمەڵگەبوونی مرۆڤ ناوەندێکیشە، کە دژبەریی کۆمەڵگەشی تیادا خوڵقاوە. هەر خۆی ئەگەر لەم سەردەمەدا باسی ناکۆکیی گەردوونی بکرێت ئەو ناکۆکییە لە بە کۆمەڵگە بوون و لە دژ بە کۆمەڵگەبووندایە. رێبەر ئاپۆ ئەوە وەک ناکۆکیی نێوان شارستانیەتی دیموکراتیک و شارستانەیتی دەوڵەتی چینایەتیی پێناسە دەکات. ناکۆکیی ریشەیی دەبێت لە ئاستی گەردوونیدا لێکدانەوەى بۆ بکرێت. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شوێنەیە، کە ئەو ناکۆکییەی بە هەزاران ساڵە تیایدا بەردەوامە و دەکرێت بەردەوامیی پێ بدرێت یان چارەسەر بکرێت. کاتێک شەڕی جیهانیی سێیەم لێکدانەوەى بۆ بکرێت، دەبێت راستەوخۆی پەیوەندیی بەوەوە ببینرێت. سەرنج بدەن، لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا هیزە دەسەڵاتپارێز و قەوارە پارێزەکان و هێزەکانی سەرمایەداریی نێونەتەوەی بەرامبەر یەکتر وەستاونەتەوە. هەندێک هێز لە ناو سەرمایەیی نێونەتەوەیشدا لە بەرامبەر یەکتر وەستاونەتەوە. ئەو هێزانە لەلایەکەوە دەیانەوێت لە رێگەى ئەو شەڕەوە ناکۆکییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و لەلایەکی تریشەوە هاوکات پێکەوە لە دژی هێزەکانی شارستانیەتی دیموکراتیک دەجوڵێنەوە. پێکەوە دەجوڵێنەوە. هێرشەکانی دژ بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و لە دژی پەکەکە و دژ بە گەلی کوردستان و لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەو راستییەمان نیشان دەدەن. هێزەکانی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە ناوخۆیاندا ناکۆکییان هەیە و لە بەرامبەر یەک لە ململانێدان، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە گەلی کوردستان، پەکەکە و رێبەر ئاپۆ پێکەوە دەجوڵێنەوە. پێکەوە هەوڵ دەدەن لە ناوی ببەن و پاکتاوی بکەن. ئەوە خۆی نیشاندەری ئەوەیە، کە هێرشەکانی ئێستا لە رووی ریشەییەوە لە نێوان کێدا بەڕێوەدەچێت. بۆیە شەڕی جیهانیی سێیەم نەک تەنها شەڕی ناخۆیی هێزەکانی سەرمایەی نێونەتەوەییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا شەڕی نێوان هێزەکانی مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک و هێزەکانی شارستانیەتی دەوڵەتپەرەست و چینپەرەستن.
ئەوانەى شەڕی جیهانیی سێیەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک چارەنووسێک لێکدەدەنەوە، ئەو هێزانەن، کە ئەوەى روودەدات بە شەڕی ناوخۆیی نێوان هێزەکانی سەرمایەیی نێونەتەوەیی دەزانن. وەک شەڕ لەسەر سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکیدەدەنەوە، بەڵام ئەوە تەنها لایەنێکی شەڕەکەیە، چونکە راستیی ریشەیی ئەوەیە، کە لە دژی هەڵسوکەوتی لە ناوبردنی کۆمەڵگە دەسەپێنرێت، بەرخودانێکی کۆمەڵایەتییە. ئەوە راستیی لایەنێکی شەڕی جیهانی سێیەمە. بۆیە لە بریی ئەوەی وەک چارەنووس لێکبدرێتەوە، دەبێت وەک سەرهەڵدانێکی گەل و گەڕانێکی کۆمەڵگە بۆ خۆلەسەرلەنوێ بونیاتنانەوە لێکبدرێتەوە.
گەلان ئەڵتەرناتیڤی خۆیان دەستنیشان کردووە
شەڕی جیهانیی سێیەم، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدات، دەکرێت لە رووی کاتەوە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بکرێت و لێکدانەوەى بۆ بکرێت؟ قۆناغی یەکەم شەڕی کەنداو و تاوەکو پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، قۆناغی دووەم پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی تاوەکو بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکو ئێستا و 'پلانی تێکشکاندن'ی دەوڵەتی تورک و قۆناغی سێیەمیش بۆ بڵاوبوونەوەى شەڕ بە قەوقاز و خۆ گەیاندن بە سنوورەکانی ئێران؟
دوای ئەوەى رەئال سۆسیالیزم هەڵوەشایەوە، لە قەوقاز شەڕ روویدا. لەمدواییەشدا ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر قەرەباغ بۆ شەڕیان. دوای ئەوەى رەئال سۆسیالیزم لەبەر یەکهەڵوەشا، لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ دا لەو ناوچەیەدا شەڕ روویدا. شەڕ لەو ناوچەیەدا نەک تەنها لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا بوو، بەڵکو لە جۆرجیاش کێشە هەبوو، لە ئوکرانیا کێشە هەیە، لە وڵاتانی قەوقاز، کە لە ناو سنووری پێشووی رەئال سۆسیالیزمدا بوون شەڕی ناوخۆیی روویدا و هەروەها لە نێوان گەلانی دراوسێدا شەڕ روویدا. ئێستا یەکێک لە گۆڕەپانە گرنگەکانی شەڕی جیهانی سێیەم قەوقازە. هەروەها لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە، کە سەرەتای شەڕی جیهانی سێیەم بوو، ناوچەى باڵکانیش وەرسوڕا بۆ گۆڕەپانی شەڕ. هەم کێشەى ناوخۆیی روویدا و هەمیش لە نێوان گەلان دا، کە لەو کاتەدا پێکەوە دەژیان، شەڕ روویدا. لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەوڵەی نوێ دروستکران. کەس ناتوانێت بڵێت، شەڕی جیهانیی سێیەم لەم سەردەمەدا لەو ناوچانەشدا بڵاو نابێتەوە.
وەک دەزانرێت، یەکێک لەو ناوچانەی جیهان کە شەڕی جیهانی سێیەم تیایدا قورس دەبێت وڵاتانی باشووری ئەمریکا و ئەمریکای لاتینە. ئێستا لە هەندێک لە وڵاتدا بشێویی ناوخۆیی روودەدات. ئەوە سبەی دەتوانێت وەرگەڕێت بۆ ئاستێکی جیاوازتر. بۆیە دەکرێت بوترێت، کە شەڕی جیهانیی سێیەم بە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاوبووەتەوە و بەردەوامە.
دەستوەردان لە کەنداو ئاستێکی شەڕی جیهانیی سێیەم بوو، بەڵام پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خرایەگەڕ. پیلانگێرێی نێونەتەوەیش ئاستێکی تری شەڕی جیهانی سێیەمی خستە بەرچاو. دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە نیویۆرک لە دژی دوو تاوەرەکانی بازرگانی جیهانی هێرش روویدا. ئەو هێرشە نیشانیدا شەڕی جیهانی سێیەم بە چ شێوەیەک بەردەوام دەبێت. دەستوەردان لە ئەفغانستان خرایە رۆژەڤەوە. دەستوەردان لە عێراق خرایە رۆژەڤەوە. لە تورکیا دەسەڵات گۆڕدرا. لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە بریی حکومەتی ئەجەویت حکومەتی ئاکەپە دەستبەکار بوو. ئەوەش نیشانی دەدا، کە شەڕی جیهانی سێیەم بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی چووەتە چ ئاستێکەوە. بەوەش لە کوردستان شەڕ چووە ئاستێکی نوێترەوە.
ئاستی سەرەتای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دیلکردنی رێبەر ئاپۆ بوو، ئاستی دووەمیشی کۆتایهێنان بە پەکەکە بوو. گەلان بە بەهاری عەرەب ئەڵتەرناتیڤی خۆیان لە دژی شەڕی جیهانی سێیەم دەستنیشانکرد. راپەڕین لە تونس بەو شێوەیە بوو. هۆکاری راپەڕین لە میسر ئەوە بوو. ئەوە خواستی گەلان بوو. بەرخودان لە کوردستان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خواستی گەلی کوردستان بوو. هەموو ئەوانە نیشانەى ئەوە بوون، کە لایەنەکانی شەڕی جیهانی سێیەم لە دژی یەک دەوەستنەوە. شەڕی جیهانیی سێیەم بە شێوەی دەستوەردان لەوانەدا چووە قۆناغێکی نوێوە. دەستوەردان لە تونس کرا. گەل راپەڕی، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کە دامەزرابوو بە گوێرەی بەرژەوەندیی سەرمایەیی نێونەتەوەیی بوو. لە میسر گەل لە تەحریر راپەڕی، بەڵام ئەو هێزانەى کە بەرژەوەندیی سەرمایەیی نێونەتەوەیی بوون، بوونە دەسەڵاتدار. ئێستا چی بووە؟ رووی شەڕەکەیان کردووەتە قەوقاز. بردنی شەڕ بۆ قەوقاز بە مانای گەمارۆدانی ئێرانە. بەو مانایەیە، کە هێزەکانی سەرمایەی نێونەتەوەیی لە رێگەى دەوڵەتی تورکەوە بەسەر هەموو کوردستاندا باڵادەست و سەردەست دەبن. شەڕی جیهانیی سێیەم لە ئاستی ئێستایدا چووەتە قۆناغێکەوە، کە زیاتر کاریگەرتر و بەرفراوانتر دەبێت.
لە ناو شەڕی جیهانیی سێیەمدا رۆڵ دەگۆڕدرێت
دەوڵەتی تورک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەری جیهانی یەکەم سەرلەنوێ دیزاینکرا، بووە یەکێک لە ئاکتۆرە بنەڕەتییەکان بۆ رۆڵ گێڕاندن. بەشەڕی جیهانیی سێیەم، کە دیزاینی سەد ساڵەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە ئاستی هەڵوەشان، رۆڵ و پێگەى دەوڵەتی تورک لە چ ئاستێکدا دەگۆڕێت؟.
لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا فەرەنسا و بەریتانیا لە پێش بوون. ئەڵمانیا خواستبووی لە جیهاندا پشکێکی بەربکەوێت، بەڵام نەیتوانی بە دەستی بهێنێت. ژاپۆن نەیتوانی بە دەستی بهێنێت. لە بەرامبەر فەرەنسا و بەریتانیادا تێکشکان. فەرەنسا و بەریتانیا وەک یەکەمین هێزی هەژمونگەرای جیهانی دەستنیشانکران.
لە شەڕی جیهانیی دووەمدا ژاپۆن و ئەڵمانیا خواستیان ببن بە هێزی کاریگەری جیهان، بەڵام ئەوەى لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا بەسەریاندا هات، هەمان شتیان بەسەردا هێنرایەوە. فەرەنسا و بەریتانیا لە ناو سەرکەوتوەکاندا بوون، بەڵام لە هێز کەوتبوون. شوێنەکەى خۆیان بۆ ئەمریکا چۆڵ کرد. لە نێوان هێزە هەژمونگەراکاندا رۆڵ گۆڕدرا. ئێستاش بۆ شەڕی جیهانیی سێیەمش سەرلەنوێ رۆڵەکان دەگۆڕدرێنەوە. ئەمریکا خۆی بە سەرکردەی بەرەنگاربوونەوە لە دژی رەئال سۆسیالیزم دەزانێت. خۆی بە لایەنی سەرەکی دەزانێت. کاتێک لە جیهاندا پەیوەندیی هێزەکان دیاری دەکرێن، دەڵێت، ئەوەى پەیوەندییەکە دیاری دەکات ئەوانن.
ئەو رۆڵەی دەوڵەتی تورک لەو شەڕانەدا بینیویەتی، جیاوازتر نیە لەوە. دەوڵەتی تورک لەسەر میراتی عوسمانی بونیاد نرا. ئیمراتوری عوسمانیش لە کاتی پیشەسازی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستدا یەکێک بوو لەو گۆڕەپانانەی ئەو پیشەسازیە تێیدا بڵاو بووەوە، بەڵام لە ناو ئیمپارتورە بەهێزەکانی پێشووتردا بوو. جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ دروستکردنی دەسەڵاتی نوێ، عوسمانی بە ئامانج گرتبوو. چونکە بەشداری عوسمانیەکان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بۆ پاراستنی پەیوەندیە حکومڕانیەکان بوو، بۆیە بەشداری لە شەڕەکەدا کرد. ویستیان ناوچەی تر بەدەست بهێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە تێک چوون و پەرت و بڵاو بووەوە. دەوڵەتی تورکیش لە سەر جۆگرافیای تێکچووی عوسمانی، لە ناوچەیەکی دیاریکراو خۆی بە رێکخستن کرد و بونیاد نرا. ئەوەی پێی دەوترێت میساقی میللی ئەمەیە.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەمین، ئەمریکا بەردەوام فشاری بۆ تورکیا هێناوە کە لەگەڵ ئەواندا بێت. بەڵام هەڵومەرجەکانی ئەو کاتە بوون بە رێگر لە بەردەم دەوڵەتی تورک کە لەگەڵ ئەمریکا بجوڵێتەوە. بەڵام بەو واتەیەش نەبوو کە دەوڵەتی تورک خۆی لە جەنگی جیهانی سێهەم بەدوور بگرێت. هەوڵیدا هەڵومەرجێکی وەها بۆ خۆی برەخسێتێت کە بتوانێت بەردەوام دەست لە باشور و رۆژئاوای کوردستان وەربدات. بەردەوام لە هەوڵی ئەمەدا بووە. کە هەڵومەرجەکەشی بۆ رەخسا لە باشوری کوردستان ناوچەیەکی بەرفراوانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و داگیری کرد. هاوکات کە هەڵمەرجی رەخساند، دەرباسی رۆژئاوای کوردستانیش بوو، ئێستا هەوڵ دەدات رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. بۆیە شێوازی بەشداریکردنی دەوڵەتی تورک لە جەنگی جیهانی سێهەم لەگەڵ شێوازی بەشداریکردنی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم جیاوازترە، کە بێگومان ئەمەش بە پشتیوانی هێزە سەرمایەدارە جیهانیەکان بووە. هێزە سەرمایەدارە نێودەوڵەتیەکان چەند ئەرکێکیان بە تورکیا سپاردووە، ئەویش بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە، مەرامەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. واتە لە لایەکەوە خزمەت بە ئەفەندیەکانی خۆی دەکات، لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدات ناوچەیەکی زیاتر داگیر بکات.
لە کاتی ترەمپدا پلانەکانی دەوڵەتی تورک و ئەمریکا باشتر جێبەجێ دەکران
لە ١٠٠هەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە جێگای گۆتوبێژ. سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش گۆڕانکاری بەسەرهات. ئۆپڕاسیۆنە قڕکەریەکانی دەوڵەتی تورک، 'پلانی لەناوبردن' و رێکەوتنی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن، چی پەیوەندیەکیان بە قۆناغی دەسەڵاتی ترەمپەیوە هەیە؟
پەیوەندیەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ترەمپ، دەبێت وەکو پەیوەندیەکانیانی لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما تەماشا نەکرێت، بەڵام هێندەش دوور نین لە یەکەوە. ناکۆکیشیان لەگەڵ یەکدیدا نیە. چونکە بە پێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر کەسیک دەبێت بە سەرۆک گۆڕانکاریەکی ئەساسی روونادات. لە رووی شێوە و رێبازەوە گۆڕانکاری روودەدەن. دەبێت ئەم پەیوەندیانە بە دروستی پێناسە بکرێن. لە سەردەمی ترەمپدا ئەمریکا و دەوڵەتی تورک باشتر رێکدەکەوتن، تورکیا ئەو شتەی هەوڵی بۆ دەدا بەدەستی هێنا. بەڵام دوای ئەوەی لە ئەمریکا بابەتی بەکارهێنانی هێز لە شەڕەدا بوو بە رۆژەڤ، ئەو رۆڵە ئیدی بە تورکیا سپێردرا. ئەکتیفکردنی دەوڵەتی تورکیا لە قەفقاز پەیوەندی بەو رۆڵەوە هەیە. ئەکتیفبوونی تورکیا لە لیبیاش پەیوەندی بە هەمان رۆڵەوە هەیە. بەڵام گۆڕانکاری لە رێبازەکانی سیاسەتی ئەمریکادا، لە رووی شێوەوە گۆڕانکاری بەسەر رۆڵی تورکیاشدا دێنێت. ئەو گۆڕانکاریانە چی ئەنجامێک بەدوای خۆیدا دێنێت، دەبیت ئەوەش بدۆزرێتەوە. ئایا گۆڕانکاری گەورە لە پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا دروست دەبێت؟ بۆ ئەوەی گۆڕانکاری گەورە رووبدات، دەبێت لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیاشدا گۆڕانکاری گەورە رووبدات. دەبێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا بگات بە ئاستێکی جیاوازتر. ئەگەر پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و روسیا بگات بە رەوشێکی جیاوازتر، ئەوا گۆڕانکاریەکی جیاوازتر لە پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئەمریکاشدا روودەدات. بەڵام ئەم گۆڕانکاریە لە ئەنجامی راستەوخۆی گۆڕینی سەرۆکەکانی ئەمریکا نیە. لە ئەمریکا چوونی ترەمپ و ترس و دڵگرانی ئەوانەی لەسەر هێڵێ ترەمپن، پەیوەندی بە رەوشی ئێستای جەنگی جیهانی سێهەمەوە هەیە.
لەگەڵ ترەمپ، لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگی جیهانی سێهەم پلانسازیەکی نوێ خرابووەڕوو، کەوتبووە کار، بەڵام ئەو سیاسەتانەی لە سەردەمی ترەمپدا بەڕێوە دەبران، سەرکەوتوو نەبوون، بێئەنجام مانەوە و کێشە و قەیرانەکانی قوڵتر کردەوە. جموجوڵ و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمریکا و ئەوروپاش هێمای ئەمە بوون. هۆکار چی دەبێت با ببێت، ئەگەر رووداوێک ببێتە هۆکاری دروستبوونی رووداوە کۆمەڵایەتیەکان، هاوکات دەبێتە هۆکاری رابوون و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتیش. ئەمەش ئەو ئەنجامەمان بۆ روون دەکاتەوە کە سیاسەتێکی ناسەرکەوتوو بەڕێوە دەبێت.
فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ گەیشتنە ئاستێکی گەردوونی
قۆناغی ٢٢ ساڵی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئیمرالی، چی کاریگەریەکی لەسەر تێکۆشانی کوردستان و رۆژهەڵات ناوەڕاست و جیهانی دژی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست دروست کرد؟
ئەو قۆناغەی رێبەر ئاپۆ بەشداری لە تێکۆشانی شۆڕشگێریدا کرد، کۆتایی ساڵەکانی ١٩٦٠ بوو. واتە لەو جیلە بوو کە پێیان دەوت، جیلی ٦٨. تایبەتمەندیەکانی ئەو جیلەی لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستە کرد. ئەو کاتە مۆدێرنیتە کاپیتالیست لەناو کابووسێکدابوو. ئەو چالاکیانەی لەو سەردەمەدا پێیان دەوت شۆڕشی گەنجانی شۆڕشگێری ٦٨، لەسەر بنەمای رابوونی کۆمەڵگا لە دژی کاپیتالیستی پیشەسازی، بە واتای وڵامدانەوە دەهات. هەنگاوێکی شۆڕشگێری بوو.
رابوونێکی وەها بوو کە نوێنەرایەتی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و دیمۆکراتیکی دەکرد. رێبەر ئاپۆ لەو سەردەمەدا جێگای خۆی لەناو بزوتنەوەی شۆڕشگێریدا گرت. کاتێک رێبەر ئاپۆ بەشداری لە بزوتنەوەی شۆڕشگێریدا کرد، کەوتە گەڕان و هەوڵیدا چارەسەری جێگرەوە بخوڵقێنێت. ئەو سەردەمە بوو کە کاپیتالیزمی یەدەستی پیشەسازی گۆڕا بۆ کاپیتالیزمی یەدەستی فینانس. تێکۆشانی شۆڕشگێری کە رێبەر ئاپۆ لەو کاتە بەدواوە بەشداربوو تێیدا، لە دژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست کە دەیویست تەمەنی خۆی بە کاپیتالیزمی یەکدەستی فینانس درێژ بکاتەوە، بە واتای خوڵقاندنی جێگرەوەی شۆڕشگێری کۆمەڵایەتی دەهات. رێبەرایەتی لە ناو ئەم جۆرە گەڕان و لێکۆڵینەوانەدا ریزەکانی خۆی دەستنیشان کرد و لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی شارستانی دیمۆکراتیک کردی بە یەک. کۆبوونەوە بەدەوری رێبەری ئاپۆدا، دروستکردنی حزب و گۆڕینی بۆ بزوتنەوەیەک کە شەڕی گەلی دەستپێکرد، لەسەر ئەم تایبەتمەندیانە گەورە بوو.
دوای ئەوەی ڕێبەرایەتی لە ئەنجامی پیلانگێڕیەک دەستگیرکرا، ئەو هزرەی کە لە سەرەتاوە هەبوو زۆرتر پێشکەوت و گەیشتە ئاستی خوڵقاندنی مانیفیستۆی شارستانی دیموکراتی. لەسەر ئەم بناغەیە هێڵی نوێ، هێڵی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیپارێزی ژن خوڵقێنرا. ئەمەش راستی ڕێبەر ئاپۆ ڕاڤە دەکات. ئەم راستیە لە کەسایەتیەکانیشدا رەنگی دایەوە، لەناو ئەو کۆمەڵگایانەی کە خۆیان لە دەوری ئەو کەسایەتیانەدا خۆیان ڕێکدەخەن، نوێنەرایەتی خۆیان دەبینین. پێویستە ئەمە لە یەکتری جیاواز نەبینرێت. کۆمەڵگاییبوون لە کەسایەتی پێشەنگەکاندا ئەنجامدرا و هەنگاو بە هەنگاو لەناو کۆمەڵگاکاندا بڵاوبوەوە. ئەمە لە راستی ڕێبەر ئاپۆشدا دیار کەوت و ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێکی گەردونی. گەڕان بەدوای ژیانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆی لەناو کەسایەتی و کۆمەڵگا گەورەکاندا بینرا و هەمووان پێکەوە بەرەو پێشەوەچوون. ئەوانەی لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی تێدەکۆشن، پێویستە ئەمە ببینن.
ژ.ت - ز.ش