سەمەگە یادی مام بەشیری کردەوە
چەتری ئەنجوومەنی گوندەکانی ئێزدی (سەمەگە - SMGÊ) لە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک یادی مام بەشیر (حەسەن دوتار)ی کردەوە و بەڵێنی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دا.
چەتری ئەنجوومەنی گوندەکانی ئێزدی (سەمەگە - SMGÊ) لە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک یادی مام بەشیر (حەسەن دوتار)ی کردەوە و بەڵێنی بەدیهێنانی ئامانجەکانی دا.
چەتری ئەنجوومەنی گوندەکانی ئێزدی (سەمەگە - SMGÊ) بە بۆنەى کۆچی دوایی مام بەشیر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بە داخەو و پەژارەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی مام بەشیر (حەسەن دوتار) سیاستمەدار و شۆڕشگێڕی کۆمەڵگەی ئێزدی و نەتەوەی کوردمان بیست، کە بەهۆی جەڵتەى دڵەوە گیانی لە دەستداوە.
مام بەشیر ماوەى ٣٧ ساڵ بۆ نەتەوە، کۆمەڵگە و ئایینی خۆی بەبێ پسانەوە تێکۆشا. بە تایبەتی لە دروستکردنی رێکخراوە ئێزدییەکاندا و لە بواری رێکخستنی ئێزدییەکاندا رەنجێکی گەورەی دا، شەو و ۆژی خستبووە سەر یەک بۆ کۆمەڵگەکەى خۆی و کار و ئەرکەکانی بەجێدەهێنا.
لە دوای جینۆسایدی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی سەر شەنگال، مام بەشیر گەڕایەوە بۆ شەنگال تاوەکو لە بواری رێکخستنکردندا هاوکار و یارمەتیدەری کۆمەڵگەى شەنگال بێت. مام بەشیریش وەک مام زەکی فیداکارێکی نەتەوە، کۆمەڵگە و ئایینەکەى خۆی بوو.
کۆچی دوایی مام بەشیر بۆ کۆمەڵگەکەمان، نەتەوەی کورد و ئایینی ئێزدی لەدەستدانێکی گەورەیە. بەڵام کۆمەڵگەکەمان بەهەموو رێکخراو و دامەزراوەکانییەوە بۆ خاوەنداریکردن لە یاد و بیری مام بەشیر، دەبێت درێژە بە رێگاکەی و هێڵەکەى بدات و زۆر زیاتر لە پێشتر خاوەنداری لە کاروبارەکانی خۆیان بکەن.
ئێمە وەک چەتری ئەنجوومەنی گوندەکانی ئێزدی (سەمەگە - SMGÊ) سەرەخۆشی لە بنەماڵەى مام بەشیر، لە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی کورد دەکەین و بەڵێن دەدەین، کە ئێمە درێژەپێدەری رێگاکەی مام بەشیر دەبین و بۆ هێنانەدیی خەون و ئامانجەکانی مام بەشیر، لە پێشتر بەهێزتر کار و خەباتەکانی خۆمان بەرێوەدەبەین".
ژ.ت