سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی سەتکار لە ناوچەى ئەلکێ لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان ئاگریان بەردایە دارستانەکان و رێگاش بە هاووڵاتییانی گوندەکە نادەن ئاگرەکە بکوژێننەوە.
لە گوندی سەتکار لە ناوچەى ئەلکێ لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، سەربازانی دەوڵەتی تورک دارستان و پووش و پاوانی گوندەکەیان گولـلەبارانکرد و بەو هۆیەوە ئاگر بەربوویە دارستانەکان.
ئەو ئاگرە، کە لە دوێنێوە نراوەتەوە تاوەکو دەڕوات زیاتر تەشەنە دەسەنێت و بە دارستانەکاندا بڵاودەبێتەوە. هاووڵاتییان هەوڵیاندا دەستوەردان بکەن و بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام لەلایەن سەربازانی تورکەوە رێگرییان لێکرا.
هاووڵاتییانی ئەو گوندە رایانگەیاند، ئاگرەکە تاوەکو دێت تەشەنە دەسەنێت و ئەو شوێنەى ئاگری تێبەردراوە شوێنی لەوەڕی ئاژەڵەکانیانە و ئاژەڵەکانیان لە ئێستادا لەوێن و ئەگەری ئەوە هەیە ئاژەڵەکانیان بەهۆی ئاگرەکە بسوتێن و تیا بچن، بەڵام سەربازانی دەولەتی تورک رێگایان پێنادەن بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە و ئاژەڵەکانیان رزگار بکەن.
هاوکات هاووڵاتییانی ئەو گوندە داوایان لە تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کردووە بڕۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە و لە وەڵامدا پێیان وتون، "لە ئێستادا ناتوانین بێن، بەڵام سبەی دێین!".
سەربازانی دەوڵەتی تورک ماوەیەک لەو پێش هەر لەو ناوچەیەدا شوانێکیان گولـلەبارانکردبوو و هەڕەشەیان لێکردبوو و پێیان وتبوو، "دەبێت ئاژەڵەکانتان لێرە لاببەن، ئەگەر نا دەتانکوژین!".
ژ.ت