سەردانکردنی پرسە و سەرەخۆشی بۆ شەهید فەرهاد لە شاری سلێمانی بەردەوامە

هاوڵاتیان و کەسایەتییە ناسراوەکان بۆ پرسە و سەرەخۆشیی شەهید فەرهاد شبلی، سەردانی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانیی باشوری کوردستان دەکەن.

سەردان بۆ پرسە و سەرەخۆشی بە بۆنەی شەهیدکردنی فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەریی  خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی بەردەوامە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکانی وەک کەنەکە، تەڤگەری ئازادی، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی پێشکەوتنخواز و دەیان کەس لە خەڵکی ڕۆژئاوا و دەیان کەس لە هاوڵاتییانی باشور و کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق سالار مەحمود، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کەسایەتییە ئایینییەکان ڕوویان لە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی کرد و سەرەخۆشیان لە نوێنەرایەتییەکە و گەلی رۆژئاوا کرد.

پرسە و سەرەخۆشییەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانیی باشوری کوردستان بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی ١٧ی حوزەیران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەکەلار ئۆتۆمبێلێکی بۆردومانکرد. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا فەرهاد شبلی جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و سێ کەسی دیکە شەهید بوون.

ژ.ت