سەرحەد ئەرەن: هەڵوێستی زیندانیان پیشاندەری ئەوەیە گەلی کورد لە تێکۆشاندا ناوەستێ

پەڕلەمانتاری ئامەدەی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوەدا، وەک هەمیشە زیندانیان لە ئێستاشدا بە بووێری و قارەمانێتیەوە پێشەنگایەتی تێكۆشانی ئازادی دەکەن و لە چارەسەری ئاشتیانەدا بوون بە نموونە.

بەرخۆدان لە زیندانەکاندا

پەڕلەمانتاری ئامەدەی دەم پارتی سەرحەد ئەرەن بڕیار و هەڵوێستەکانی زیندانیانی پەکەکە و پاژکی هەڵسەنگاند، کە بڕیاری ئەوەیان داوە، لە ٤ی نیسانەوە دادگاکان بایکۆت بکەن و بەشداری چاوپێکەووتن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیاندا هەڵپەسێرن.

ئەرەن باسی لەوەکرد زیندانیان سیستەمی نایاسی وگۆشەگیری کە لە ئیمراڵیدا بەڕێوەدەچێت شەرمەزاردەکەن و دەستنیشانیکرد کە داخوازییەکانیان ڕەوایە و وتی: "ئەم هەڵوێستەی زیندانیان پیشاندەری ئەوەیە گەلی کورد لە تێکۆشاندا ناوەستێ، وێڕای هەموو گوشارێکی دەسەڵات، دەست لە بەرخۆدانی خۆی بەرنادات. وەک هەمیشە زیندانیانی سیاسی لە ئێستاشدا بە بوێرییەوە خاوەنداری لە تێکۆشانی ئازادیی دەکەن و پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشانە دەکەن، بۆ چارەسەریی سیاسیانەی پرسی کورد دەبن بە نموونەیەک بۆ کۆمەڵگا."

هەژاری جڤاکی قوڵتردەبێتەوە

ئەرەن سیستەمی گۆشەگیری وەک درێژەدان بە پرۆسەی ناچارەسەری پرسی کورد هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا هەتا گۆشەگیری بەردەوام بێت، بە سیاسەتی شەڕ قەیرانەکانی کۆمەڵگا قوڵتردەبێتەوە و وتی: "دەوڵەت سیاسەتی شەڕ بەڕێوەدەبات و خۆیی لەسەر ئەم مژارە دەوڵەمەند دەکات، لە لایەکی تریشەوە لە دەرنجامی ئەم سیاسەتەدا گەل زیاتر هەژار دەکەوێت. تا ئێستا بڕیی ٣ ترلیۆن دۆلار بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی شەڕ خەرجکراوە، گەر ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ گۆمەڵگا بەکاربهاتبا ئەوە بەشێکی زۆری قەیرانەکان چارەسەردەبوون، بۆیە پێویستە هاوڵاتیانی تورکیا لە بەرامبەر گۆشەگیری ئیمراڵی و درێژەدان بە سیاسەتی شەڕ بوەستنەوە. داوام ئەوەیە کۆمەڵگای تورکیا هەموو پێکەوە لەگەڵ هەنگاوەکانی نەتەوەی و داخوازییە دیموکراتیکیەکانی گەلی کوردا مامەڵە بکەن."

گەلانی تورکیا بە تەواوی دەکەوونە ناو چاڵی ڕەشی گۆشەگیرییەوە

 

ئەرەن باسی لەوەکرد لەڕێگەی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانەوە پێویستە هەموو خەڵک بەرامبەر سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی بووەستنەوە و وتی: "لە دۆخی ئێستادا بڕیاری بەشداری نەبوون لە دادگا بەرخۆدانێکە لە دژی دادگەری کە بووە بەلایەنگیر و سەربەخۆنیە. هەموو دادگایکردنێک لە تورکیادا ڕووکەشە. نمونەیەکی ڕوونی ئەمەش 'دۆزی کۆبانێیە'. بە دەیان هەزار هاوڕێمان هەن، کەبە فەرمانی دەسەڵاتداری گیراون."

لە کۆتایدا ئەرەن ئاماژەی بەوەدا لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە فێری نایاساییەتی بووە، ئیدی پێشێلکردن ئاسایی بووەتەوە و وتی: "گەلانی تورکیا بە تەواوی دەکەونە ناو چاڵی ڕەشی گۆشەگیرییەوە."