لە دوای ئەو پلانەی هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکیان لەسەر ئیزدیەکان بڵاوکردەوە، ئیزدییەکانی شەنگال ناڕەزایتیان پێشاندا، بە هەموو شێوەک دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو پلانە ڕاگەیاند و بە فەرمانێکی نوێ لە دژی ئێزدیەکان ناوی دەبەن، بۆیە لە ماوەی ڕابردوو بە چالاکیی جیاواز وەڵامی ئەو پلانەیان دایەوە و وتیان ئەو پلان و رێککەوتنە قەبووڵ ناکەین.
لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان شاندێكی ئەنجوومەنی خۆسەری شەنگال، نوێنەری سەرۆک عەشیرەتەکان، پارتی ئازادی و دیموکراسیی شەنگال (پادێ) و یەکینەی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) شاندێکیان پێکهێناو و ڕوویان کردە بەغدا بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بە حکومەتی عێراق، پەرلەمان و پارتە سیاسییەکانی عێراق ڕابگەیەنن.
لە دوای ئەوەی شاندەکە لە بەغداد گەڕایەوە قاسم خەلف سەرۆکی شاندەکە دەربارەی ئامانجی سەردانەکە و گفتوگۆکانیان لە بەغدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
قاسم خەلەف وتی: "شاندەکەی ئێمە پێکهاتبوو لە نوێنەری هەر یەک لە ئەنجوومەنی خۆسەری شەنگال، سەرۆک عەشیرەتەکان، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئیزدیان (پادێ)، و ڕیشسپییەکان و پیاوماقوڵانی شەنگال. پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا لە شەنگال خۆپێشاندانێک دروستبوو لە دژی ئەو پلانە کە دەیانەوێت لەسەر ئیزدیەکان بەرێوەی ببەن، لە ئەنجامی ئەو خۆپێشاندانەدا شاندێکمان دروستکرد و بەرەو بەغداد بەڕێکەوتین. لە بەغدا لەگەڵ هەر یەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جێگری سەرۆک وەزیران، پارتە شیعەکانی عێراق و فەرماندی گشتی سوپای عێراق کۆبوونەومان کرد، پێمان ڕاگەیاندن ئێمە وەک ئێزدیەکان هیچ ڕێککەوتنێک قەبووڵ ناکەین بەبێ ڕەزامدنی و ئامادەبوونی نوێنەری ئێزدی و ڕەزامەندی گەلی شەنگال".
پەرلەمانی عێراق ڕێککەوتنی شەنگال ڕەتدەکاتەوە
سەرۆکی شاندەکە وتیشی: "شاندەکەمان لەلایەن حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لێکراو و ڕەوشی شەنگالمان پێ ڕاگەیاند. ئەوانیش لای خۆیانەوە پشتگیری خۆیان بۆ داوای ڕەوای گەلی شەنگال ڕاگەیاند و وتیان: "ئێمە وەک پەرلەمان، کە گەورەترین دەزگای یاسا دانانین ئاگامان لەو ڕێککەوتنە نییە، پێش ئەوەی ئێوە بێن ئێمە ئەو ڕیککەوتنەمان ڕەتکردووەتەوە".
سوپای عێراق: بڕیار بڕیاری گەلە
قاسم خەلف سەرۆکی شاندەکە وتیشی، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، فەرماندەی گشتیی سوپای عێراق کۆبووینەوە و پێمان گوتن، ئێمە ئەو ڕێککەوتنە ڕەتدەکەینەوە، پێمان گوتن ئێوەی پێشتر هێزتان لە شەنگال هەبوو، پێشمەرگەش هێزی هەبوو، بەڵام لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال هیچ لایەک ئێمەی نە پاراست، بۆیە ئێمە باوەڕمان بە هیچ لایکتان نییە و خۆمان هێزمان هەیە و خۆمان دەپارێزین، ئەوانیش لە وەڵامدا چەند بەڵێنێکیان بە ئێمەدا، وتیان:" بڕیار بڕیاری گەلە".
شیعە و سونە بێ ئاگان لەو ڕێککەوتنە
هەروەها ناوبراو وتیشی، لەگەڵ پارتە شیعە و سونەکانی عێراقیش کۆبوونەوەمان کردوە، ئەوانیش بێ ئاگایی خۆیان لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند و وتیان: "ئێمە پشتگیری وەها ڕێککەوتنێک ناکەین". هاوکات یەکێتیی نێشتمانی کوردستانیش وەک پارتێکی سەرەکی بەشداری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە، کە ئەوان پشتگیری ئەو ڕێککەوتنە ناکەن.
ژ.ت