سوپای تورک دارستانەکان دەسوتێنێت و رێگە بە کوژاندنەوەی نادات

دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان دارستانەکان دەسوتێنێت. پارێزگارەکانیش رێگە نادەن ئاگرەکان بکوژێننەوە.

لە هەرێمی بەستای شڕنەخ دارستانەکانی گوندی مێهرینێی سوتێنران. ئاگرەکە کە بەهۆی بۆردومانی هەلیکۆپتەرەکان کەوتەوە، تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

دارستانەکە بە بیانوی ئەوەی کە هەرێمێکی ئەمنیە، رێگە نادرێت هاوڵاتیان بچنە ناوچەکە.

دەرسیم

بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای تورک لە گوندەکانی دانزی کوروکایماک و کۆچەری ناوچەی خۆزاتی دەرسیم ئاگر کەوتەوە و دوێنێ ئاگرەکە گوندی ئوزونچەشمەشی گرتەوە. ئاگرەکە ١٠ رۆژە بەردەوامە.

رێگە نادرێت ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەو هۆیەوە بە دەیان هکتار لە دارستانەکان سوتاون. خەڵكی هەرێمەکە چەندین جار هەوڵی داوە بچێتە شوێنی ئاگرەکە و کۆنتڕۆڵی بکات، بەڵام سەربازانی تورک رێگەیان لێدەگرن.

پارێزگاری دەرسیم لە راگەیەنراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناتوانن بچنە شوێنی ئاگرەکە و بۆیەش کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

ف.ق