تەرمی سولەیمان ئۆغڵو گەریلای هەپەگە لە فارقین بەخاک سپێردرا

گەریلای هەپەگە محەمەد سولەیمان ئۆغڵو لە ١٧ی حوزەیران لە شەڕ لە ناوچەی لیجەى ئامەد شەهید ببوو، تەرمەکەى لە ژێر گەمارۆی سەربازەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بەخاک سپێردرا.

گەریلای هەپەگە محەمەد سولەیمان ئۆغڵو (دژوار دیجلە) لە ١٧ی حوزەیران لە شەڕ دا لە ناوچە شاخاوییەکانی لیجەى پارێزگای ئامەد شەهید بوو. دوێنێ تەرمەکەى لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە پەیمانگای پزیشکیی داد لە ئامەد وەرگیرایەوە.

پاش وەرگرتنەوەی تەرمەکە، بنەماڵەکەی تەرمەکەیان بردەوە بۆ گوندی جرموق لە ناوچەی فارقینی ئامەد. لە بردنەوەى تەرمەکەدا نوێنەرانی مەبیا-دەر، مەد-دەر، دەبەپە، هەدەپە و توای-دەر یاوەری بنەماڵەی شەهید دژوار دیجلە بوون.

سەربازان لە دەروازەی گوندەکەدا ئۆتۆمبێلی تەرمەکەیان ڕاوەستاند و جگە لە ئەندامانی بنەماڵە ڕێگایان بە کەسی تر نەدا بەشداری لە بە خاکسپاردنی تەرمەکەدا بکات. ئەندامانی بنەماڵە لە دوای جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکان تەرمی شەهید سولەیمان ئۆغڵویان بەخاک سپارد.

ژ.ت