تەڤگەری ئازادی: ئارام و ئیسماعیل لە ڕێگەی ئازادیدا شەهید بوون

هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی لە پرسەی شەهیدانی ئاخجەلەر قسەی کرد و رایگەیاند، ئارام و ئیسماعیل لە رێگەی ئازادیدا شەهید بوون.

شاندێکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، نوێنەرانی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، کۆنگرەی ستاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە دەیان کەس سەردانی چادری پرسەی شەهیدان ئارام حاجی کاکەخان و ئیسماعیل ئیبراهیم کرد.

هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، تێکۆشانى گەلەکەمان بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پیلانى داگیرکەران و خیانەتکاراندا، دەشڵێت: تورکیا هێزى تایبەتى خۆى بەشى ئەوە ناکات تێکۆشانى گەلەکەمان ڕاگرێت، هەربۆیە بەدواى پشتگیریی جیهانییدا دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانى.

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمڕۆ لەمیانەى بەشداریکردنى لە پرسەى ئەو دوو هاوڵاتییەى، کە دوێنێ لە بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە سنوورى شارەدێى ئاغجەلەر لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی شەهیدبوون، وتارێکى پێشکەشکرد.

لە سەرەتاى قسەکانیدا هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادیی وتی: ئەم تێکۆشانە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پیلانى داگیرکەران و خیانەتکاراندا، چونکە دەوڵەتى تورکیا هێزى تایبەتى خۆى بەشى ئەوە ناکات تێکۆشانى گەلەکەمان ڕاگرێت، بۆیە بەدواى پشتگیریى جیهانى دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانى.

وتیشی: ئەو تێکۆشانەى کە هەریەکە لە ئارام حاجی کاکە خان و ئیسماعیل ئیبراهیم گیانیان لەپێناودا بەختکرد، ڕێگاى سەرجەم شەهیدانى نیشتیمانە.

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەرى تورک ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی تووتەقەڵی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ کردە ئامانج و بەوهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبوون.

ف.ق