تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەبارەى هاتنى جەژنى قوربان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، بەناوی سەرجەم ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و گەلان دەکەین.
ھیوادارین گەلانی بێ ماف و زەوتکرا و چەوساوە، تێکۆشان بۆ ئازادیی و دیموکراتیی و پێکەوە ژیان فراوانتر بکەن، دژی داگیرکەر و زاڵمی تاڵانکەر و ستەمکارانی سەردەم، کە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بە چەکی قەدەغەکراو و زھنیەتی نەتەوەگەرایی و ئاینگەرایی، خاک و نیشتمانی ئێمە بۆردومان و سوتماک دەکەن.
گەلی ئێمە سەدان ساڵە، لە پێناو ئازادیی و دادپەروەریی و ژیانی ئازاددا قوربانیی دەدات، بە ھەزاران رۆڵەی لەو پێناوەدا کردوەتە قوربانیی.
لە یادەوەریی جەژندا، وەک وەفادارییەک پێویستە سەردانی گۆڕی شەهیدان بکەین و بنەماڵەکانیان بەسەر بکەینەوە و پشتگیریی لە خانەوادەی شەهیدان و زیندانییانی دۆزی ئازادیی بکەین، چونکە ئەوانەی ژیان و گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو خاک و بوون و راستیی و دادپەروەریی و ئازادییدا خاوەنی راستەقینەی جەژنی قوربانن.
پیرۆزبایی جەژنی قوربان لەسەرجەم شەھیدانی رێی ئازادیی و تەواوی گەلی کورد ستان دەکەین و ھیوا خوازیین لەم جەژنەدا گیانی ھاوکاریی و ئاشتەواویی بەھێزتر بێت و کوردستان ئاوەدان و ئازاد بێت.".
هـ . ب