تیرۆری جاش و جەردەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ئەلکێی شرنەخ

جاش و جەردەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى ئەلکێی پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان چەکی دەوڵەت لە دژی گەل بەکار دەهێنن و دەستبەسەر زەویی هاووڵاتییاندا دەگرن. سکاڵای هاووڵاتییانی ناوچەکە لە دەزگا پەیوەندیدارەکان بێ ئاکام بووە.

لەم دواییانەدا جاش و جەردەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى ئەلکێ لە پارێزگای شرنەخ تیرۆر لە دژی گەلی ناوچەکە و هاووڵاتییانی گوندەکان ئەنجام دەدەن و بە زۆر دەست بەسەر زەویی هاووڵاتییاندا دەگرن.

لە ناوچەى ئەلکێی پارێزگای شرنەخ تیرۆری جاش و جەردەوانەکان هەیە. هاووڵاتییانی گوندەکان ساڵێک لەوە پێش لە دژی توندوتیژیی جاش و جەرەوامەکان و دەستگرتن بەسەر زەوییەکانیاندا سەردانی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردبوو و سکاڵایان تۆمار کردبوو و لەو کاتەدا وەڵامی "ئەوەى پێویست بێت ئەنجام دەدرێت" پێیاندرابووە.

جەردەوانەکان، کە گوێ بە سکاڵای هاووڵاتییان نادەن، گوشارەکانیان لەسەر گەل زیاتر کردووە. جەردەوانەکان ئەمساڵ رێگا بە هاووڵاتییانی گوندەکان نادەن بڕۆنە سەر زەوییەکانیان. جەردەوانەکان بە چەکی دەوڵەت و بە زۆر دەستیان بەسەر ئاژەڵی هاووڵاتییانی گوندەکانیشدا گرتووە و هەڕەشەی کۆمەڵکوژکردن لە هاووڵاتییانی گوندەکان دەکەن.

هاووڵاتییانی گوندەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند، "ئەو کەسانە دەستیان گرتووە سەر زەوییەکان و ئاژەڵەکانماندا  بە هیچ شێوەیەک گوێ بە یاسا و مافەکان نادەن. بەو چەکەى دەوڵەت پێی داون دەیانەوێت هاووڵاتییانی گوندەکان بترسێنن. ئێمە زۆر جار سەردانی بەرپرسانی ناوچەکەمان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ئاسایشی ژیانمان نەماوە. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گوندەکان چۆڵ بکەین. سەرباری هێرشی جەردەوانەکان ئێمە خاوەنداری لە خاکەکەى خۆمان دەکەین".

هاووڵاتییانی گوندەکان ٤ مانگ لەوە پێش سەردانی قائیمقامی ئەلکێ-یان کردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داوا و سکاڵاکانیان نەدراوەتەوە.

ژ.ت