عومەر ساڵح سەرۆکی پادێ: ڕێککەوتنەکەى پارتی و بەغدا لەسەر شەنگال جێبەجێ ناکرێت

عومەر ساڵح سەرۆکی پادێ لە شەنگال رایگەیاند: "تورکیا لە پشت پلانەکانی سەر شەنگالەوەیە، ئیزدیەکانی ئێستا نە ئێزدی پێش ٢٠١٤ن، هیچ ڕێککەوتنێک قەبووڵ ناکەن، کە بە رەزامەندی ئیزدیەکان نەبێت".

عومەر ساڵح ئیبراهیم سەرۆکی پارتى ئازادی و دیموکراسیى ئێزدییەکان (پادێ - PADÊ) دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیمکراتی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر شەنگال لە وتوێژێکدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دایەوە و لایەنە شاراوەکانی ڕێککەوتنەکەی لە دژی ئێزدیەکان خستەڕوو.

لەسەرەتادا ناوبراو سەرنجی ڕاکیشایە سەر ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دا وتی: "بەبێ ڕازەمەندیی خەڵکی شەنگال کراوە، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو ڕێککەوتنە پێک نایەت لەبەر ئەوەی ئەو کەسانی بەرخۆدانیان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە لە شەنگال زۆرن، بەڵام نە حکومەتی هەرێمی کوردستان نە حکومەتی عێراق بیریان لەو کەسانە نە کردووەتەوە، کە ڕووبەڕووی فەرمان ببوونەوە، ئەو کەسانەی کە مانەوە و بەرخۆدانیان کرد و خاک شەرەف و ناموسی خۆیان بەجێ نە هێشت و چەتەی داعشیان شکاند نەیان هێشت داعش چیای شەنگال داگیر بکات، ئەو کەسانە لە چیای شەنگال بە درێژای ٧٠ کیلۆمەتر ناوچەکەیان لە چەتەی داعش پاکردەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ پاراستیان.

"لە ٪٨٠-ی ئیزدیەکان ئەو ڕێککەوتنە قەبووڵ ناکەن"

عومەر ساڵح سەرۆکی پادێ وتیشی: "ئەو ڕێککەوتنەی کراوە هیچ ڕەزامەندیی گەلی شەنگالی لەسەر نەبوو،  زۆر کەس لە ناو پارتی دیموکرات و  گەلی ئێمەی ئیزدی لە ناو کەمپەکانیش ئاگایان لەو ڕێککەوتنە نەبوو، لە ٪٨٠ خەڵکی شەنگال ئەو ڕێککەوتنەی بە دڵ نییە و قەبووڵی ناکات، نەک تەنها ئیزدیەکان بەڵکو خەڵکانی تری شەنگال و دەورووبەریشی ئەو بریارە قەبووڵ ناکەن، ئێمەش وەک پارتى ئازادی و دیموکراسیى ئێزدییەکان (پادێ - PADÊ) و هەروەها حزبەکانی تریش ئەو قەرارەمان پی قەبووڵ ناکرێت، جێبەجێکردنی زەحمەت دەبێت".

هەموو ئەو هێزانەی ئێستا لە شەنگالن فەرمین

دەربارەی هەڵوێستی گەل عومەر ئیبراهم وتی، هەڵویستی گەلیش ئاشکرابوو بە خۆپێشاندان و میتینگ  هەلوێستی خۆیان ڕاگەیاند و کە ئەو ڕێککەوتنە قەبووڵ ناکەن،  وتیشی: "هەموو ئەو هێزانەی ئێستا لە عێراق بوونیان هەیە هێزی فەرمیی عێراقن، یەبەشە و یەژەشە، حەشدی شەعبی هەموو هێزەکانی تری وەک پۆلیس هێزی فەرمین و سەر بە حکومەتی عێراقن، ئەو دەنگۆیانەی باس دەکرێت کە شەنگال نا ئارامە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵکو پێشتر نا ئارام بوو کە کاتێک هێزی پارتی لێرە بوو، لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێڕشی کرد نزیکەی ١٢ تا ١٤ هەزارا چەکداری پارتی لێرە هەبوون، بەڵام هەموویان ڕایانکرد و گەلی ئێزدیان نە پاراست، لەبەر ئەوەیە گەلی ئیزدی باوەڕی بە هیچ هێزێکی تر نییە، تەنها باوەڕی بەو هێزانەیە، کە بەرخودانیان کرد و ئیزدییەکانی لە داعش ڕزگار کرد.

ئەمریکا و تورکیا لە پشتی ئەو ڕێککەوتنەوەن

دەربارەی ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و حکومەتی عێراق  ناوبراو وتی: "ڕۆژی ٩ ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی شومە بۆ گەلی کورد، چونکە لەو ڕۆژەدا لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٨٨ پیلانگێریی نێونەتەوەیی دەستیپێکرد, لە هەمان ڕۆژدا ساڵیك پێش ئێستا دەوڵەتی تورکیا هێرشی بۆسەر سەریکانی و گرێ سپی دەستپێکرد، بەهەمان شێوەی ئەمساڵ ئەو ڕێککەوتنە شومە لەسەر شەنگال بڵاوکرایەوە. ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە پشتی ئەو ڕێککەوتن و بڕیارە دەوڵەتی ناوچەیی وەک تورکیا هێزی هەژموونەگەرای وەک ئەمریکای تێدایە، هەریەک لە عێراق، ئەمریکا، تورکیا و پارتی لەسەر میزێک کۆ بوونەوە و ئەو پلانەیان داڕشت بە ناوی ڕێککەوتن، ئێمە پرسیار دەکەین بۆ چی خەڵکی شەنگال لەسەر ئەو مێزە نەبوون؟

پارتی بۆ لەسەر دڵی کوردستان ڕێککەوتن ناکات

عومەر ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە ئێستادا ئێمە پرسیار دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ناچێت لەسەر کەرکووک ڕێککەوتن بکات، ئەی ئەوان ناڵین "کەرکوک دڵی کوردستانە" ئەی بۆ ناچن لە گەڵ حکومەتی عێراق لەسەر کەرکوک ڕێککەون. لەبەر ئەوەی گەلی ئیزدی دەگەڕێتەوە شەنگال و ژیان ئاسای دەبێتەوە دەیانەوێت رێگری لەوە بکەن و گرفتی بۆ دروست بکەن، چەند ساڵە و ئێستاش پێش لە خەڵکی دەگیرێت بۆ ئەوەی نە گەڕێتەوە سەر موڵک و ماڵی خۆی، بەم ڕێککەوتنە دەیانەوێت کێشەیەکی نوێ لە ناوچەکە دروست بکەن.

عومەر ساڵح ئیبراهیم سەرۆکی پارتى ئازادی و دیموکراسیى ئێزدییەکان (پادێ - PADÊ) لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕێگرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماڵە ئێزدیانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەکانی خۆیان لە شەنگال وتی: "ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ ماڵ دەگەڕێتەوە شەنگال، بەڵام پێشیان ڵیدگیرێت پێان دەڵین، مە گەڕێنەوە لە شەنگال ژیان ئارام نییە، دەبێت ئیدارەی پێشتر بگەڕێتەوە شەنگال، ئێمە پرسیار دەکەین ئیدارەی پێشتری شەنگال بۆچوو، بۆ دوو جار ڕایکرد و شەنگالییەکانی بە جێ هشێت، لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی هاتنی داعش و لە ٢٠١٧ لە کاتی هاتنی حەشدی شەعبی ئەوان رایانکرد، بۆیە ئێمە دەڵێین، بە هێچ شێوەیەک خەڵکی شەنگال ئەو هێزانە قەبووڵ ناکەن خەڵکی شەنگالیان بە جێهێشتوە".

ژ.ت