٧ ڕۆژ بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، دەیان هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە. زۆر کەس هێشتا لە ژێر داروپەردووەکاندان. دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە کاری رزگارکردنی راگرتووە، دەیەوێت داروپەردوەکان بەو خەڵکەوە لە ژێریدایە پێکەوە پاک بکاتەوە و شارەکان کەسی تیا نەمێنێت.
٢١:٤٨
دەوڵەتی تورک رێگری لە هاوکاریەکان دەکات
یاسین کاپلان لە ناوەندی کۆردیناسیۆنی بومەلەرزەی تۆپەوە وتی، " ٦ رۆژە بومەلەرزە روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش پێداویستی سەرەکی گەل دابین نەکراوە. دەوڵەت هاوکاری ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا رێگری لە ترێلەکانی هاوکاری دەکات."
٢٠:٢٨
پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیانلێکەوتووان لە ئەسکەندەرۆن
تولای حاتمئۆغوللاری پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە رایگەیاند کە بۆ دیاریکردنی پێداویستیەکان لە ئەسکەندەرۆن سەردانی گەلیان کردووە. حاتمئۆغوللاری وتی، پێداویستی زیانلێکەوتووان بە مۆلیدە، چادر، چرا، باتری و ئامێری پاککردنەوە هەیە.
حاتمئۆغوللاری باسی ئەوەشی کرد کە لە شارەکە پشتگیریەکی گەورە هەیە و ئەمەش بۆ گەل هیوایەکی گەورەیە.
٢٠:١٠
ژمارەی ئەو کەسانەی لە باکور و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە ٢٩ هەزار و ٦٠٥ کەس
ئافاد رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەی باکور و تورکیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٢٩ هەزار و ٦٠٥ کەس.
سەرچاوە هەرێمیەکان رایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زیاترە و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک راستیەکان دەشارنەوە. دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کە بومەلەرزەکە وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنن، ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزسیۆن لەدێ دەژین و بە تایبەتی شوێنی کوردە عەلەویەکان چۆڵ دەکات.
٢٠:٠٠
رێکخراوەکانی نزیک لە ئاکەپە و مەهەپە هاوکاریەکان کە بۆ لێقەوماوان رەوانەکراوە لە کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکردووە و بە تایبەتی هاوکاریەکان پێشكەش بە عەلەویەکان ناکەن.
١٩:٣٥
گوندی ئۆردەکلی بازارجک
لە گوندی ئۆردەکلی بازارجک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٢٠ کەسە ١١٥ خانوو رووخاون. لە گوندەکە تەنیا ٥ خانوو ماون. لە گوندەکە بە گشتی ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
١٩:١٠
لە ئێلح منداڵان پارەکانیان پێشکەش بە لێقەوماوان کرد
منداڵانیش بەشداری لە کەمپەینی هاوکاریکردنی لێقەوامانی بومەلەرزە دەبن. لە ئێلح ٣ منداڵی تەمەن بچوکی ٨ و ١٠ ساڵ سەردانی باڵەخانەی هەدەپە لە ئێلح کرد و پارەی دەخیلەکانیان پێشکەشی بە منداڵانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە کرد. سێ منداڵەکە ناوەکانیان سیماک، زەلیجا و مورادە و لە کاتی بەخشینی پارەکانیاندا وتیان: " ئێمە پارەکانمان بۆ منداڵانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەنێرین."
١٩:٠١
دیمەنێک لە گوندی عوسمان دەدەی بازارجک
١٨:٥٩
بانگەوازێک لە جوودی بچوکەوە
١٨:٤٠
١٨:٠٥
ژمارەی گیانلەدەستدان لە سوریا گەیشتە ٣ هەزار و ٥٨١ کەس
ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ٣ هەزار و ٥٨١ کەس. راگەیەندرا کە ٥ هەزار و ٣٤٨ کەسیش بریندار بوون. دەگوترێت، زۆر کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندان.
١٧:٥٨
خانەوادەی ئەندامانی خانەوادەی ئەسمەری خەڵکی جزیر کە لە هاتای لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا بۆ جزیر رەوانەکران. باوک ئەشرەف ئەسمەر، دایک یڵدز ئەسمەر و منداڵانیان حەسەن و حسێن لە گۆڕستانی ئاسری جزیر بەخاکسپێردران.
١٦:٤١
دیمەنێک لە گوندی عوسمان دەدەی بازارجخ
لە گوندی عوسمان دەدەی بازارجخ ٤٠ ماڵ هەیە کە نیوەیان رووخاون و ئەوانەی دیکە زیانیان بەرکەوتووە. لە بومەلەرزەکەدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدابوو. نزیکەی ٦٠ کەس لە گوندەکەدا دەژین.
١٦:٣٠
زانیاری لەسەر زیندانیان نییە
لە زیندانی پیتی ئێڵی ژمارە دووی تورکئۆغلۆ مەرەش و زیندانی پیتی تی ئیسلاحیە لەبەرئەوەی زیانیان بەرکەوتبوو، زۆر زیندانی بۆ زیندانەکانی دیکە گواسترانەوە. بەڵام زانیاری بە خانەوادەکانیان نادریت. لەگەڵ ئەوەی ٧ رۆژ بەسەر بومەلەرزەکە تێپەڕیوە تاوکو ئێستاش نازانرێت زیندانیان بۆ کوێ گواستراونەتەوە.
١٦:١٠
پۆلیسی تورک خۆبەخشەکان ئەشکەنجە دەکات
رەجەب تانریڤەردی، ئایدن تانریڤەردی، یوسف ئاباتای، ئیبراهیم تانریڤەردی و ئەرهان تانریڤەردی کە لە قایمقامی چناری ئامەد مۆڵەتیان وەرگرتبوو کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بەشداری لە هەوڵی رزگاارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بدەن، لە سەمسور لەلایەن پۆلیسەوە رفێندران.
ئەو گەنجانە دوێنێ تەرمێکیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنابوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن جەنمدرمەکانەوە وەک کەسانی گۆماناوی دەستگیرکران. جەندرمەکان ئەو ٥ کەسیان رادەستی پۆلیس کرد. گەنجەکان لە بەڕێوەبەری پۆلیس ئەشکەنجەدران.
گەنجەکان دواتر بەبێ جلوبەرگ و بە رووتی لە شاری سەمسور خرانە دەرەوە.
"ئاژانسی میزۆپۆتامیا"
١٦:٠٠
فەدا: دەوڵەت بە ئەنقەست دەرەنگ دەستوەردانی لە بومەلەرزەکەدا کرد
١١:٠٥
'ئاسایشی سلێمانی رێگا نادات هاوکاری بۆ زیان لێکەوتووانی بومەلەرزەکە کۆبکرێتەوە'
ئاسایشی سلێمانی ڕێگە بە خۆبەخشانی کەمپەینی هانا نادات، کە لە کارگەی جگەرەی سلێمانی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوە.
١٠:٥٠
پۆلیسی تورک دەستی بەسەر هاوکارییەکانی هەدەپەدا گرت
هەدەپە بارهەڵگری هاوکارییەکانی لە ئیزمیرەوە بۆ عوسمانییە ناردبوو، بەڵام شەوی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرا. دەستبەسەرداگرتنەکە بە پاسای ئەوەیە، کە "پارێزگار مۆڵەتی نەداوە" و لەبەر ئەوشە نەیانهێشت بارهەڵگرەکان بچنە ناو شارەکەوە و شۆفێری بارهەڵگەرکە و برازای شۆفێرەکەشیان دەستگیرکرد.
١٠:٣١
گولوم پەرلەمانتاری هەدەپە: هەوڵ دەدەن هاتای لە خەڵک چۆڵ بکەن
زوڵێخا گولوم پەرلەمانتاری هەدەپە لەسەر دۆخی ئەم دواییەی هاتای ڕایگەیاند، لە هاتای کاولبوون و خاپووربوونێکی جدی هەیە. بیناکان بەپێی بەرگەگرتن لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروست نەکراون. لەبەر ئەوە، زیانەکە قورسە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزە و هێشتا خەڵکێکی زۆر لە ژێر داروپەردووەکاندان.
ڕاشیگەیاند، کێشەی جدی هەیە و دەوڵەت هیچ ئامادەکارییەکی نیە. بینای ئافاد و نەخۆشخانەکان ڕووخاون. فڕۆکەخانەکە ڕووخا، چونکە بەبێ ڕەچاوکردن لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروستکراوە، هەرچەندە هاوڕێیانی لە ژووری تەلارسازان و ئەندازیاران ئاگاداریان داوە سەبارەت بە هێڵی بومەلەرزە، بەڵام دەوڵەت فڕۆکەخانەکەی هەر لەوێ دروستکردوە و سەرباری ئەوەش رچاوی بەرگەگرتن بەرامبەر بە بومەلەرزەی تیادا نەکراوە.
زوڵێخا گولوم ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندن و ئاگادارکردنەوە کێشەی گەورە و جدی هەیە. ئێمە ناتوانین بڕۆین بۆ ئەوێ، یان پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەین. پەیوەندیکردن زۆر قورسە هیچ هێڵێکی تەلەفۆنی نییە، کێشەی سەرەکی بەهۆی نەبوونی پەیوەندییەوە، کەسوکاری نەخۆشەکان و زیان بەرکەوتوان نازانن خزمەکانیان لەو کوێن. ئەوانەی چوون بۆ نەخۆشخانەکە گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی تر، هیچ تۆمار و ئامارێکییان نییە. ئێستا خەڵک بەدوای خزم و کەسوکاری خۆیدا دەگەڕێت تاوەکو بزانن گیانیان لە دەستداوە، یان لە بریندارن، یان لە کوێن، بەڵام هیچ دیار نییە.
ئەوەشی وت، لێرە ئۆپۆزسیۆن، شۆڕشگێڕەکان و سۆسیالستەکان و رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان هاوکاریی گەل دەکەن، لە دەرەوەی هاوکاریی زۆر دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستم نییە شپرزەی و پلان بۆ دابەشکردنی باش نییە.
وتیشی، لێرەدا گیان لە دەستدان زۆرە و بەخاکسپاردنی تەرمەکان بووەتە کێشەیەکی گەورە.
باسی ئەوەشیکرد، ناوچەکە لە مرۆڤ چۆڵ دەکرێت، کۆچبەرەکان هاندەدرێن بۆ ڕۆیشتن، لێرە لە مرۆڤ چۆڵ دەکرێت، ئێرە شوێنێکی کولتوری و رۆشنبیری و ناسنامە و شێوەیەکی ژیانە، چۆڵکردنی ئیرە بە واتای سڕینەوەی تەواوەتی دێت. ئێمە هەوڵ بۆ سڕینەوەش دەبینین.
لە کۆتایدا وتی، ژنان پێویستیی جدییان بە هاوکاری هەیە. کاتێک هاوکارییەکان بە شێوەیەکی گشتی دەنێردرین، پێویستییەکانی ژنان نانێردرێن. دەمەوێت سەرنج بە خەمە سەر ئەوە تاوەکو پێویستە تایبەتەکانی ژنانیش دابین بکرێن".
١٠:١٨
هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بەردەوامن
هەرچەندە هێزەکانی گەریلا بڕیاریان دا چالاکییەکانیان ڕابوەستێنن، بەڵام سوپای تورکی داگیرکەر بەردەوام لە زەمین و هەواوە هێرش دەکات.
٠٩:٤٦
هەڵمەتی هاوکارییەکانی هەدەپە- هەدەکە لە هاتای بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکە بەردەوامە
٠٩:٤١
گەنجان لەسویسرا و ئەڵمانیاو فەرەنسا بە پەرۆشییەوە بەشداری لە کەمپەینی هاوکاری بۆ بومەلەرزە لێدراوان دەکەن
کاتژمێر ١٩:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ لە شاری سەینت گالێن-ی سویسرا، ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) پۆستەری کەمپەینی هاوکارییەکانی مانگی سووری کوردستانیان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە، بەسەر هاووڵاتییان دا دابەشکرد.
لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا، گەنجان بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری دا دەکەن.
لە شاری سەیت ئاڤۆلدی فەرەنسا و دەوروبەری، ئەندامانی تەجەشە و تەڤگەری ژنانی تێکۆشەر بۆ پشتگیری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بەڕێوەدەبەن.
ئەو گەنجانە داوایان لە هەمووان کرد، کە لە ڕێگەی مانگی سووری کوردستانەوە پشتگیری لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن.
٠٩:٣٧
لە شەقامەکانی لەندەن هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە کۆدەکرێتەوە
ڕێکخراوە چەپەکانی کوردستان و تورکیا لە لەندەن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی بومەلەرزەکە لە وێستگەکان، یاریگاکان، شەقام و شەقامەکانی ناوەندی دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە کردووە.
٠٩:٠٩
لە مەلەتی پێویستی بە چادر و زۆپا هەیە
مێزی قەیرانی هەدەپە لە مەلەتی لە ناوەندی شاردا ٦ کۆگای هاوکاریی کردوەتەوە. لە عەمبارەکان و لە گوندەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە خۆبەخشانە کار بۆ لابردنی داروپەردووەکان دەکەن. ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە ڕایانگەیاند، لە شارەکەدا پێویستی بە زۆپا و چادر هەیە.
٠٨:٥١
لە هاتای مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئەنفلۆنزا و پەتا وەرزییەکان هەیە
لە هاتای لە ڕۆژی حەوتەمی بومەلەرزەکەدا بۆنی تەرمی ژێر داروپەردووەکان لە هەندێک ناوچەوە دێت. ناڕەزایی خەڵکیش بەرامبەر بە دەوڵەت ڕووی لەزیادبوون کردووە.
هەر لەسەرەتای بومەلەرزەکەوە کارەبا و ئاو لە هاتای نییە و ئەوەش لەم وەرزەدا بووەتە هۆی زیاتر سەختکردنی باری ژیانی هاوڵاتیان.
کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی شارەکە ڕایانگەیاندووە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزا و پەتا وەرزییەکان زیاتر بووە، چونکە تەرمەکان لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکان و لە ژێر داروپەردووەکاندان و تا ئێستاش کێشەی تەوالێت چارەسەر نەکراوە.
کارمەندانی تەندروستی ئەوەشیان وت، دەرمانی پێویست لە شارەکەدا نییە و نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەهۆی ناهەمانگیی دەوڵەتەوە زیادیان کردووە.
لە شەقامەکاندا کرم داوێتە خواردنەکان و لاشەی ئاژەڵە مرداربوەکان زیادی کردووە.
سۆسیالیستەکان و خەڵک بەپێی توانا و دەرفەتەکانی خۆیان هەوڵ بۆ یارمەتیدان لێقەوماوان دەدەن.
دوای ئەوەی گروپ و کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسیخوازەکان هاتنە ناوشارەکە، دابەشکردنی هاوکاری بەسەر زیان بەرکەوتوانەدا بە تەواوی شێواوە و هیچ هەماهەنگی و پلانێک بۆ دابەشکردن نەماوە.
٠٨:٣٣
بانگەوازی تەڤدەم بۆ دیمەشق: ڕێگا بدەن بەرێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر هاوکاری بکات
تەڤدەم باسی گرفت و ئاستەنگەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی ناوچە گەمارۆدراوەکان کرد و داوایکرد، ڕێگا بە بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر بدەن تاوەکو هاوکاری بە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب و ناوچەی شەهبا بگەیەنن.
٠٨:١٠
"زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لە دەستداوە"
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، زانیاریی لە بەرپرسێکی ئاکەپەوە بەدەست گەیشتووە، کە ژمارەی گیان لە دەستدانی بومەلەرزەکە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسە.
٠٨:٠٨
زیندانییەکان بەهۆی بومەلەرزەکەوە کۆتاییان بە مانگرتن لە خواردن هێنا
زیندانیانی زیندانی ژمارە ١ی جۆری تیی گیرەسوون و زیندانی جۆری ئێڵی ئەسپیەی گیرەسون، کە لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ مانگرتنی بێسنوور لە خواردنیان دەستپێکرد بوو ڕایانگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەکەوە کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێناوە.
٠٨:٠٧
تەرمی موزیکژەن زیلان تیگریس لە ژێر داروپەردوی بومەلەرزەکەدا دەرهێنرا
لە ئامەد کاری گەڕان بۆ ڕزگارکردن بەردەوامە. دوێنێ شەو تەرمی موزیکژەن زیلان تیگریس (دیلەک کوچوکەر) لە ژیر داروپەردوی شوقەی ٩ نهۆمیی سۆزەل لە شەقامی ٢ی ئیسماعیل پاشای کورد لە گەڕەکی کۆپەراتیف لە بەشی ئۆفیسی ناوچەی شاری نوێ دەرهێنرا.
٠٥:٤١
ڕۆژنامەنووس کەمال ڕەئوف: یارمەتیەکانتان بدەنە دەستێکی باوەڕپێکراو
٠٥:٣٤
خۆبەخشێک: هاوڵاتیان خۆیان برینەکانیان ساڕێژ دەکەن، نەک دەوڵەت
محەمەد کاشار خوێندکاری زانکۆ یەکێک لەو کەسانە سێ بومەلەرزەی بەسەردا هاتوە و ماڵ و کەسوکارەکەی لەدەست داوە، بەشداریی لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ئەو کەسانی ژێر داروپەردووەکاندا کردووە و بۆ ئەوەش لە ئیزمیرەوە خۆی گەیاندوەتە ئەلبیستان و وتی: "بەو بڕوایە، کە گەل برینەکانی خۆی ساڕێژ دەکات خۆم گەیاندە ناوچەکە. ئێرە هەرێمێکە، کە هیچ دام و دەزگایەک بەناوی دەوڵەتەوە تیایدا نییە. بە ئافاد و کزلای-یشەوە هیچ ئۆرگانێکی دیکەی دەوڵەت لێرە نییە. یارمەتی لە ڕێگەی جەمخانەکانی ئەلبیستانەوە کۆدەکرێنەوە. تا ئەو جێگایەی لە دەستمان دێت هەوڵدەدەین برینی هاوڵاتیان ساڕێژ بکەین".
٠٥:٣١
'هێشتا تەرمەکانمان لە ژێر داروپەردووەکاندان'
سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی عەلەویی جەلال فرات، کە لە هەرێمەکانی سەمسور و مەلەتی کاردەکات، باسی لە چادێریەکانی خۆیان لەە ڕۆژی شەشەمی بومەلەرزەکەدا کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەت کەمتەرخەمە و هێشتا تەرمەکانمان لە ژێر داروپەردووەکاندان.
٠٥:٢٩
ئەرجە: هەرێمەکە بە ئەنقەست لە مرۆڤ چۆڵ دەکرێت
جومعە ئەرجە سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی پیر سوڵتان عەبدال باسی لە چاودێرییەکانی خۆی لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان کرد و وتی: "ئەوەی ئێمە بینیمان کەمتەرخەمی و بێباکی، کاول بوون، بێچارەیی، قەیران و گێژاو و توڕەیی بوو".
ئەرجە هۆشداریدا، ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان بە ئەنقەست لە خەڵک چۆڵ دەکرێن و وتی: "ئەو منداڵانە، کە نەیانتوانیووە خوێندنەکەیان تەواو بکەن، جارێکی تر ناچاری کۆچبەری دەکرێن. بێچارەبوون بەسەر مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەدا دەسەپێنرێت. دەیانەوێت هەرێمەکە دووبارە و بۆ جارێکیتر لەبەر یەک هەڵبوەشێت و کەسی تیا نەمێنێت، هەژاری زیاتر بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنرێت".
٠٥:٢٦
نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە دوو ئەوەندە زیاد دەکات
بوومەلەرزە ٧.٨ پلەیەکەی ڕۆژی دووشەممەی مەرەش، کە چەندین ناوچەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریاشی گرتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس تیایدا گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ڕێکخەری فریاکەوتنی بە پەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەیە ژمارەی قوربانییەکان بۆ دوو ئەوەندە بەرز ببێتەوە.
مارتن گریفیتس ڕۆژی شەممە بە سکای نیوزی وت، ئەگەری ئەوە هەیە دەیان هەزار کەسی تر گیانیان لە دەست دابێت. گریفیتس وتیشی، "ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. بەڕاستی ئەوە وەڵامێکی بەهێزی سروشتە. هێشتا خەڵک لەژێر دراوپەردووەکاندان. لەبەر ئەوە، هێشتا بە ژماردنی ژمارەی ڕاستەقینەی گیان لە دەستدانەکان نەکردووە".
گریفیتس ئەوەشی وت، دوای کارەساتەکە ماوەی ٧٢ کاتژمێری یەکەم بۆ ڕزگارکردن بە "کاتی زێڕین" پێناسە کراوە، بەڵام ئەو ماوەیە تێپەڕیوە و هێشتا مرۆڤی زیندوی لە ژێر داروپەردوەکاندا ماون و ڕزگارنەکراون، بۆیە بەڕاستی زۆر زەحمەتە، کە بڕیار بدرێت کەی کاری ڕزگارکردن ڕابوەستێنرێت".
ستێفان دوژارک وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرنامەی ئەمڕۆی ڕادیۆی بی بی سی ٤ ی ڕاگەیاند، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ زیاتر و باشتر گەیشتن بە ناوچەکانی سوریا و داوای کرد، هەوڵەکانی هاکاریکردن و پشتیوانیکردن بەردەوام بن.
ژ.ت