ئامەد شاهۆ: هەڵمەتەکەمان بۆ تێکۆشانی هاوبەشی گەلانی ئێرانە

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاند، پێویستیی گەلانی ئێران بە پرۆژە و تێکۆشانی هاوبەش هەیە. راشیگەیاند، لەبەر ئەوەش ئێمە دەستمان بە هەڵمەتی "بەڵی بۆ دیموکراسی، نا بۆ لەسێدارەدان" کردووە.

ئامەد شاهۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران لە دژی رژێمی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران ئاماژەی بە گرنگی دیموکراسی کرد.

لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا و سەرباری ئەو هەموو گوشارە سیاسی و ئابوورییە لەسەر گەل هەیە، دەنگێکی بەرچاو لە گەل بەرز نابێتەوە، ئەوەشی بەرز دەبێتەوە زۆر ناوچەیی و لۆکاڵین و لە یەکتریش دابڕاون، لێکدانەوەى ئێوە بۆ ئەو دۆخە چییە؟

راستییەک هەیە، کە هەرگیز نکۆڵیی لێناکرێت. لە شوێنێکدا گوشار و زۆرداری لەسەر کۆمەڵگە هەبێت ئەوا ناڕەزایەتیی مەدەنی و چالاکییە دیموکراتیکەکانی گەلیش روودەدات. ئاڵای بەرخودان هەموو کات سەرکەوتوو بووە. بەڵام ئەمڕۆ جوگرافیای ئێران بەهۆی دەسەڵاتێکی دز و گەندەڵەوە کاول و وێران کراوە. هەوڵ دەدرێت تواناکانی ژیانی ئازاد و دادپەوەررانە لە ناو ببرێت. رژێمێک بە ناوی "رژێمی سێدارە"، "رژێمی مەرگ" گەندەڵ، دز و تاڵانکەر لەسەر کارە. ئەو کارانە توانای هەناسەدانى لەگەل و کۆمەڵگە بڕیوە و کۆمەڵگەی بەرەو مردن بردووە، بەڵام لە ئەنجامی ئەوەشدا رژێم لە ناو زۆنگاوی پیسی تاوانەکانی خۆیدا دەخنکێت.

گەلانی ئێران هەرگیز دەسەڵاتی دیکتاتۆریی رژێمی ئێرانی داگیرکەریان قبوڵ نەکردووە و بۆ بە بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان تێکۆشاون و لە تێکۆشاندان. تەنوری ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران هەموو کات بڵێسەى بەرز دەبێتەوە و بە پێی کات و شوێن ئاگری سەرهەڵدان گەش دەکات و ئەوەش دەسەڵاتی تووشی تەنگاوی کردووە. نمونەى ئەوەش خۆپیشاندانەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٠، مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی ٢٠١٧ و مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ یە، کە بناغەى رژێمی هەژاند. ئەو خۆپیشاندانانە بۆ دەسەڵات وەک بومەلەرزەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون، کە تاوەکو ئێستاش رژێم بە دەستییانەوە دەناڵێنێت و لە پێشکەوتن و فراوانبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی گەل ترساوە. لەبەر ئەوەش هەموو رێگاکانی سەرکوتکردن و داپڵۆسین بەرامبەر بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەکار دەهێنێت و هەوڵ دەدات رێگری لە جوڵە و شەپۆلی ناڕەزایەتیی گەل بگرێت.

دۆخی ئێستای گەلانی ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بێدەنگییەکەى ئێستا بشکێنێت و سنوورێک بۆ سیاسەتەکانی ژنکوژی، گەنجکوژری، کوردکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دابنێت. چەند هۆکاری سەرەکی هەیە، کە لە هەموو شوێنێکدا کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەیە و ئەو کاریگەرییانەش بەمشێوەیەن، بەکارهێنانی رێبازە دڕندانەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان لەلایەن چەکدارەکانی رژێمەوە، بەکارهێنانی هەمووجۆرە توندوتیژییەک لە بەرامبەر ناڕەزایەتیەکان و سەرکوتکردن و داپڵۆسینی گەلان بە پاساوی نایاسایی و ناڕاست و ناڕەوا. لە هەمان کاتدا کاریگەریی دەستوەردانی دەرەوە لە  خۆپیشاندانەکانی گەلان دا و لە رێ دەرچوونی ئاراستەى خۆپیشاندانەکان و رەواکردنی سەرکوتی گەل لەلایەن رژێمەوە لە گۆڕێدا هەیە. خۆپیشاندانەکان لە پێشەنگ و پێشەنگایەتیکردنیش بێبەش بون، لەبەر ئەوەش رژێم بە فێڵ و فریو و توندوتیژی خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کرد. هەروەها خۆپیشاندانەکان گشتی نەبوون و داوای هەموو خۆپیشاندانەکان یەکگرتوانە نەبوون. لە دیاریکردنی ئامانجە چارەنووسسازەکاندا لاوازی هەبوو و بەپێی تواناکانی رێکخستن و خۆپاراستن گەل ئامادە نەکرابوو.

بێدەنگیی کاتیی گەل بەو مانایە نییە، کە دەستیان لە مافە رەوا و دیموکراتیەکەکانیان هەڵگرتووە. بە پێچەوانەوە ئەوە دوایین شانسە، کە گەلانی ئێران بە رژێمی ئێرانیان داوە، کە بۆ چارەسەریی بنەڕەتی و کێشەکانی گەلان هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت. بەشداریی کەم و لاوازی گەل لە هەڵبژاردنی ١١هەمین خولی پەرلەمانی ئێراندا، لەدەستدانی رەوایی رژێم بوو. گەورەترین ناڕەزایەتیی گەلان، کە لە دژی رژێمی ئەنجامدرا، چاوەڕێ دەکرێت هەمان هەڵوێست لەلایەن گەلەوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی سەرۆک کۆماریی ئێران دووبارە بکرێتەوە. بەڵام روون و ئاشکرایە، کە رژێم گوێ لە داواکانی گەلان ناگرێت، لەبەر ئەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا گەردەلول و زریانی ناڕەزایەتیی گەلان سەرهەڵدەدات، کە لە قۆناغەکانی پێشتر جیاوازتر دەبێت و پێویستە رژێم باجی تاوانەکانی خۆی بدات.

بۆ ئەوەى گەل بە شێوەیەکی گشتی و هەمەلایەنە بکەوێتە جوڵە، پێویستی بە چ جۆرە زمانێک هەیە؟

ئەوانەى خاوەنی خاک، نیشتمان، کولتور و ناسنامەن، گەلانی ناوخۆی ئێرانن، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتێک بە ملهوڕی و زۆرداری سیاسەتێکی ناڕەوا بەسەر گەلانی ئێراندا دەسەپێنێت و گەلان لە راستیی خۆیان دوور دەخاتەوە، لەو دۆخەدا مرۆڤایەتی، هەستی ئازادی و دیموکراسی پێشناکەوێت. ئەو رژێمە لە هەڵبژاردنی خولی ١١هەمین پەرلەماندا لە ناو گەلاندا رەوابوونی خۆی لە دەستدا. دەسەڵاتێک لەسەر کارە، کە هێژای بەڕێوەبردنی گەل نییە. خاوەنی عەقڵییەتی پیاوسالارە، کە ژیانی ئازادی لە ژنان تێکداوە و ئێرانی کردووەتە شوێنی ژنکوژی، کە رۆژانە ژنان دەکوژرێن و ناچاری خۆکوژی دەکرێن. کۆمەڵگە لە رێگەى سوپای بێکارانەوە تەزاندووە و بێ بەرهەمی کردوون. هەروەها میلیتاریزەی کردووە و بە دروستکردن و نۆکەری و دەستدرێژی تەمەنی دەسەڵاتەکەى خۆی درێژ دەکاتەوە. واتە رژێمێکی چاوسوورکەرەوەی و پاکتاوکەر دەیەوێت بە زۆرداری دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەل و کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. رژێمیش بۆ ئەوەى بتوانێت گەلان رادەستی سیاسەتی خۆی بکات، ئامڕازەکانی سەرکوتکردن و داپڵۆسین، خستنە ناو قەفەس، گوریسی لەسێدارەدان و ئاشی تواندنەوەى خستووەتە کار و رۆژانە ورەی ئازاد و تاکەکانی کۆمەڵگە دەهاڕێت.

بۆ ئەوەى رەنگاورەنگی و فرەیی گەلانی ئێران بە نیگار و رەنگی دیموکراسی و ئازادی بڕازێندرێتەوە و چەرخ و فەلەکی دەسەڵات راوبوەستێنرێت، تێکۆشانی هاوبەشی گەلان پێویستیی هەنوکەیی و ئەمڕۆی ئەم قۆناغەیە. بۆ دەستپێکردنی تێکۆشانی هاوبەشیش پێویستی بە پرۆژەی هاوبەش هەیە، کە گوزارشت لە داواکانی هەموو لایەنەکان بکات. ئێمەش وەک بزووتنەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بۆ دەستپێکردنی چەخماخەی ئەو تێکۆشانە هەڵمەتی "بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە"مان دەستپێکردووە. واتا کلیلی چارەسەریی هەموو کێشەکانی ئێران بەندە بە پێشکەوتنی دیموکراسییەوە. تاوەکو لە ئێران هزری دیموکراسی پێشنەکەوێت، ئەوا کۆتایی بە سیاسەتی دژە مرۆیی رژێم نایەت و ئاسایش و ئارامیی ناوخۆیی ئێرانیش بەدی نایەت. لەبەر ئەوەش پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دەرفەتی خەباتی هاوبەشی گەلان بە ئەرکی مێژووی و سەردەمی خۆی دەزانێت و ئاستی تێکۆشان بەهێزتر و گەورەتر دەکات.

بۆ ئەوەى گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد بە کۆدەنگی لە دژی رژێمی ئێران بوەستنەوە و راپەڕن، پێویستی بە بەرزکردنەوەى ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و دیموکراتیک هەیە. دەبێت و زۆر گرنگە گەلان هەموو حسابات و سەرمایەگوزارییان لەسەر هێزی جەوهەریی خۆیان بێت. بۆ تەزاندنی داگیرکەری و رووخاندنی فاشیزمی مەزهەبی، دەبێت بەرەی دیموکراتیکی گەلان لە سەر هێڵی سێیەم، کە هێڵی تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلانە بەهێزتر و بەفراوانتر بکات. رێکخستنکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای هۆشمەندیی نەتەوەی دیموکراتیک، گڕکان و کانگای کوڵای دژ بە دەسەڵات گوڕتر و زیاتر دەکات و لە ئازادی نزیکیان دەکاتەوە".

بۆ بونیاتنان و دروستکردنی ئەو زمانە چی دەکرێت، یان دەبێت چی بکرێت؟

ئەڵقە و زنجیرەی دیموکراسی، یان تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلان لە دژی داگیرکەری و فاشیزم چەند بەرفراوان بێت، ئەوا بەو رادەیەش زنجیری کۆیلەتی لە ئێران دەپسێت و بەرەو ئازادی هەنگاو دەنرێت. لەبەر ئەوەی سەدەی ٢١ سەدەی ئازادیی ژنان و گەلانە، ئیدی هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت هزر و رامانی ئازادی لە سێدارە بدات و کەلەپچەی بکات. دەبێت گەل لە دژی ئەو لافاوە بوەستنەوە، کە دەوڵەمەندیی ئێران تاڵان دەکات و دەرفەتەکانی بە رێکخستنکردن و پێویستیی بنەڕەتیی ژیانی گەلانی لە ناوبردووە، سفرەى گەلی بەتاڵ کردووە، سوپای بێکارانی گەورەتر کردووە و رێژەى خۆکوژی، کوشتنی ژنان، منداڵ و گەنجانی زیاتر کردووە. دەبێت دەرفەتی تێکۆشان و رووبەڕووبوونەوە دژ بە دەسەڵاتی فێڵباز، ساختەکار، گەندەڵ، مافیا و بکوژ بەهێزتر بکرێت تاوەکو بتوانن کۆتایی بە تاڵانیی دەوڵەمەندیی گەلان بهێنن و شەقامەکان لە چەکدارە مافیاییەکان پاک بکەنەوە.

بۆ ئەوەى دەرفەتی خەباتی هاوبەش لە دژی رژێمی ئێرانی داگیرکەر بەرەو پێش بڕوات، پێکهێنانی بەرەی دیموکراتیکی گەلانی ئێران و یەکێتی و یەکڕیزیی هێزە کوردەییەکان پێویستە. بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەوەش پێویستە کۆبوونەوە، کۆنفرانس و سیمینار لەسەر بابەتە هەستیارەکان رێکبخرێت تاوەکو زمان و رێبازێکی هاوبەشی تێکۆشان لە دژی رژێم پێشبخرێت. وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بۆ سنووردارکردنی داگیرکەری و پێشخستنی دیموکراسی هەر ئەرک و بەرپرسیارییەکی مێژووی بکەوێتە ئەستۆمان، بۆ بەدیهێنان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و بەختەوەر و دامەزراندنی سیستمێکی ئازاد و دیموکراتیک، ئێمە بە ورە و بڕوای شۆڕشگێڕی و فیداکاریی گەلەوە، ئامادەی ئەنجامدانین.

ژ.ت