ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی سولەیمانی موعینی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستانە لەلایەن بارزانی و پارتییەوە

ئەمڕۆ ٥٤هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سولەیمان موعینی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستانە لەلایەن  پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیى مەلا مستەفا بارزانییەوە...

ئەمڕۆ ٥٤هەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سولەیمان موعینی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستانە لەلایەن  پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیى مەلا مستەفا بارزانییەوە. بارزانی تەرمەكەی موعینیی رادەستی ساواک و حكومەتی پاشایەتیى ئێران کردەوە.

حكومەتی داگیرکەری پاشایەتیی ئێران وەک داگیرکەرەکانى تری کوردستان هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی گەلی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان زەوتكردبوو. گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە بەدەستهێنانی مافەکانى لە دژی رژێمى پاشایەتی دەستی بە تێکۆشان کرد. چەندین کەسایەتى و پێشەنگی شۆڕشی ئەو سەردەمە لە دواى کۆماری کوردستان خۆیان رێکخستەوە و بزووتنەوەیەکى بەربڵاو و بەرفراوانیان لە دژی رژێمى داگیرکەری ئێران دروستکرد و سەدان رۆڵەی گەلی کورد بەشدارییان لەو بزووتنەوەیەدا کرد.

بەهۆی هەوڵی ئەو تێکۆشەرانەوە لە ساڵانى ١٩٦٧ بۆ ١٩٦٨ بە پێشەنگایەتیى سولەیمان موعینی (ناسراو بە فایەق ئەمین)، مەلا ئەحمەد شەڵماشی (ناسراو بە مەلا ئاوارە)، ئیسماعیل شەریفزادە، محەمەد ئەمین سیراجی، قادر شەریف، خەلیل مستەفازادە (ناسراو بە خەلیل شەوباش) و.. هتد بزووتنەوەیەکى بەرفراوانیان بۆ ئازادیی رۆژهەڵاتى کوردستان و بەدەستهێنانى مافەکانى گەلی کورد ڕێکخرا.

جموجوڵ و چالاكیی ئەو پۆلە لە شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان رژێمی پاشایەتی ئێرانی رووبەرووی قەیران كردبووە. لە بەرامبەردا هێزە جۆراجۆرە شۆڕشگێڕەکانى ئەو سەردەمە هەستیان بە گەورەیی و بەهێزیی ئەو بزووتنەوەیە کرد و دەستیان بە پشتیوانیکردن لەو بزووتنەوەیە کرد و ژمارەیەک لە پێشەنگەکانى خۆیان رەوانەى کوردستان کرد بۆ ئەوەى پشتیوانى لەو تێکۆشانە بکەن. یەکێک لەو کەسایەتییانەش کوروش لاشایى بوو. لە باشووری کوردستانیش باڵی مەکتەبی سیاسی و حزبی شیوعی و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکان وەک شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید و دەیان رۆشنبیر پشتیوان و دۆستی ئەو شۆڕشەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

ئەو شۆڕشگێڕانەى رۆژهەڵات هەر وەک هەموو بزووتنەوەکانى تر لەلایەن ژمارەیەکى بەرچاو لە کەسایەتى و خەڵکی باشووری کوردستانەوە پشتیوانییان لێدەکرا و بەو هۆیەشەوە بۆ رێکخستنى کارەکانیان لەباشووری کوردستانەوە دەستیان بە جموجوڵ و خۆرێکخستنەوە کرد. هاوکاتیش هەموو جۆرە هاوکارییەکیان پێشکەشی شۆڕشی باشووری کوردستان دەکرد و لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە هاوکاریى بەردەوامیان بۆ شۆڕشەکەى باشووری کوردستان کۆدەکردەوە و پێشکەشی ئەو شۆڕشەیان دەکرد.

رژێمى داگیرکەری پاشایەتیى ئێران بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنى ئەو بزووتنەوەیە دەستی بە جموجوڵ و هاندانی سیخوڕەکان و بەکرێگیراوەکانى کرد، چونکا ئەو پشتیوانییەی باشوور و یەکگرتوویى تێکۆشەرانى باشوور و رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا بە تەواوەتی رژێمى پاشایەتیى تەنگاوکردبوو، بۆیە لە رێگەى ساواک و بەکرێگیراوەکانییەوە پەیوەندیى بە سەرکردایەتى شۆڕشی ئەیلول و بارەگای بارزانی بە سەرۆکایەتیى مەلا مستەفا بارزانییەوە کرا و داوایان لێکردن ئەو کەسانە بکوژن، یان دەستگیریان بکەن و رادەستى ئێرانیان بکەنەوە.

بارەگای بارزانی بەهۆی وەرگرتنى پارەى بەردەوام لە ساواک و رژێمى ئێران و بەهۆی ئەو پشتیوانیانەى رژێمى داگیرکەری ئێران لێى دەکردن، بە خێرای لە دژی شۆڕشگێڕانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستبەکاربوون و لە رێگە پیاوەکانیانەوە دەستیان بە پیلانگێڕی کرد و تەونی سیخوڕییان بەسەر کار و چالاکیی ئەو شۆڕشگێڕانەوە دروستکرد و چەندین پروپاگەندەی زۆر نەشیاو و بەدەر لە هەموو پێوەرێکی مرۆیی و نەتەوەیی لە دژی ئەو تێكۆشەرانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكردەوە.

بارزانی و پارتی لە دوای هەڵبەستنی چەندین درۆ و چەواشەکاری لە دژی تێکۆشەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان بۆ ڕازیکردنی دەزگای سیخوڕیی ساواک دەستی بە ئەنجامدانی پیلانگێڕییەکانی کرد. بە فەرمانی بارزانی و پارتی چەندین کەسایەتى و شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمەى رۆژهەڵاتى کوردستان لەسەر داواى رژێمى پاشایەتیى ئێران و ساواک تیرۆر کران.

سولەیمان موعینى، کە یەکێک لە پێشەنگە دیار و بەرچاوەکانى ئەو بزووتنەوەیە بوو راستەوخۆ لەلایەن پارتی و بارزانی و ساواکەوە کرایە ئامانج.

لەو کاتەدا سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش لە دوای ماوەیەک مانەوە لە سلێمانی و رێکخستنی بەشێک لە کاروبارەکانیان و کۆبوونەوە لەگەڵ چەندین کەسایەتیی ئەو سەردەمەدا بۆ هەڵگیرساندنەوەى شۆڕش لە سلێمانییەوە بەرەو رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێکەوتن. پارتی لە رێگەى سیخوڕێکییەوە بە ناوی قالە تەگەرانی دەستیکردبوو بە چاودێریکردنی جموجوڵەکانی سولەیمانی موعینی و قالە تەگەرانی خۆی وەک دۆستی موعینی نیشان دابوو. سولەیمانی موعینی ڕاستەوخۆ لەلایەن شێخ لەتیفی شێخ مەحمود، کە یەکێک لە دۆستە گرنگەکانی ئەو دەمی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بوو لە دوای کۆماری کوردستان ئاگادار دەکرێتەوە، کە خۆی لە قالە تەگەرانی بە دوور بگرێت.

 موعینی لە بەرەبەیانێکی زوودا لە سلێمانی شاخی گۆێژە بە ئۆتۆمبێلە جێبەکەى قالە تەگەڕانی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ناوچەی سیتەک. قالە تەگەرانی پێشتر پارتی و مولازم سدیق ئەفەندیی لە گەشتەکەى موعینی ئاگادار کردبووە، بۆیە مولازم سدیق ئەفەندی لەسەر داوای بارزانی و بەپێی بەرنامەیەکى پێشوەختە بۆسەیەکیان بۆ سولەیمان موعینى و خەلیل شەوباش دانا و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا بە بەرچاوی قالە تەگەرانییەوە دەستگیریانکردن. بە ڕێزەوە قالە تەگەرانییان بە ڕێکرد و بە توندوتیژی و بێڕێزییەوە پەلاماری موعینی و شەوباشیان دا. لەسەر فەرمانی بارەگای بارزانى هەر لەوێدا خەلیل شەوباش بە بەرچاوی سولەیمان موعینى-یەوە تیرۆر دەکەن و سولەیمان موعینی-یش بەرەو بارەگای بارزانی و سەركردایەتیی شۆڕشی ئەو كات دەبەن.

سولەیمان موعینی لە سەركردایەتیی شۆڕشدا گوشارێکی زۆری خرایە. ڕاستەوخۆی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە و گوشارەکانی سەر موعینیان دەکرد. مستەفا و ئیدریسی کوڕی هەموو سنورێکیان بەزاند و تەنانەت لە رێگەى چەند کوردێکی ئێرانەوە، کە لەو سەردەمەدا خزمەتکاری بارەگای بارزانی بوون چەندین سوكایەتی بە موعینیی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەر کرد. تاقمەکەى بارزانی  زۆر هەوڵیاندا سولەیمانی موعینی بیكەنە پیاوی دەستەمۆی خۆیان، بەڵام سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی كەسە نزیكەكانی بارزانی، موعینی خۆڕاگریی كرد و خۆی نەدا بە دەست داواكەیانەوە.

بارزانی و حیزبەکەی بەوە نەوەستان، بەڵکو سەرجەم ئەو لێکۆڵینەوانەى لەبارەگای بارزانى و سەرکردایەتى پارتی دا لەگەڵ سولەیمانى موعینى ئەنجام دەران راستەوخۆ بۆ ساواک دەزگاى سیخوڕیى ئەو کاتی ئێران دەنێردران و هەموو زانیارییەکانیان لەسەر شۆڕش و جموجوڵی تێکۆشەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان رادەستى رژێمى داگیرکەری پاشایەتیى ئێران دەکرد. ئێرانیش بەو خزمەتەى ماڵی بارزانی یەک بە یەک شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی تیرۆر دەکرد.

بنەماڵەی بارزانی لە لێکۆڵینەوەکانیاندا و ئەوەى ڕادەستی ساواکیان کردووە، شۆڕشی رۆژهەڵاتى کوردستانیان بە ئاژاوەنانەوە ناوبردووە و لێکۆڵەرەکانى سەرکردایەتى پارتی و بارەگای بارزانى لە چەندین شوێن دا جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەوەى سولەیمانى موعینى و هاوڕێکانى ئەنجامی دەدەن کاری ئاژاوەنانەوەیە و هەموو کارەکانیان لە دژی رژێمى پاشایەتى زیانى بۆ پارتی و بارزانى دەبێت، بۆیە زۆر هەوڵیانداوە رێگری لە هەموو جوڵەیەکى ئازادیخوازانەى گەلی رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتیی موعینی و هاوڕێکانی  بگرن.

لە دوای شكستی هەوڵی لێکۆڵەرەکانى پارتی و بارزانى لە رۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٦٨ / ٢٥ی گوڵان (بانەمەڕ) سولەیمانى موعینى لەسەر فەرمانى بارەگای بارزانى و سەرکردایەتیى پارتی تیرۆر دەکرێت و بە خێرایی تەرمەکەی رادەستی جەنەراڵ بەیاتی بەرپرسی دەزگای ساواكی ئەو کاتی ئێران دەکەنەوە. ئەو جەنەراڵە ئێرانییەش تەرمەكەی موعینی لە شنۆ و پیرانشار (خانێ) و مەهابادا بە بەرچاوی خەڵكدا دەگەڕێنێت، بەڵام لە دوای چەند رۆژ بەهۆی ناڕەزایەتیى خەڵکی رۆژهەڵاتى کوردستانەوە رژێمى ئێران ناچار دەبێت تەرمەکە رادەستى بنەماڵە و کەسوکاری موعینى بکاتەوە. خەڵكی مەهاباد و چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش لە رێوڕەسێمكی جەماوەریی زۆر گەورەدا تەرمەكەیان لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد دا بە خاكسپارد.

تیرۆركردنی كوردە تێكۆشەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها بە تیرۆركردنی ئەو سەركردەیە كۆتایی پێنەهات و هەر یەك لە مەلا ئاوارە و سەدیق ئەنجیری ئازەر و چەندین سەركردە و شۆڕشگێڕی تری رۆژهەڵات لەو ماوەیەدا لەلایەن پارتییەوە تیرۆركران، كە بە گشتی لەلایەن شۆڕشی ئەیلولەوە بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی زیاتر لە ٧٠ شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆرکران.

پارتی بەو کردەوە تیرۆریستییانەیە بۆ ماوەیەک رێگری لە هەستانەوەى شۆڕشی رۆژهەڵاتى کوردستان کرد. تەنانەت دواى ئەوەش بارزانی لە ئەمریکا مرد و رژێمى پاشایەتیى ئێرانیش رووخا، بەڵام هەر بنەماڵەى بارزانی و پارتی، کە ئەو کات پێیان دەوت، قیادە موەقەتە ئامادە نەبوون دەست لە خیانەتەکانیان هەڵگرن و بە خۆیاندا بچنەوە. بۆیە لە ماوەیەکی کورت دا خێرا خۆیان لە رژێمی تازە دەستبەکاربووی ئێران بە سەرۆکایەتیی خومەینی نزیک کردەوە و هەر وەک پاسدارێک بوونە بەرگریکارێکی ئەو رژێمە. قیادە موەقتە دەستی بە هەڵگیرساندنی شەڕێکی خوێناوی لە دژی كوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. نەک تەنها شانبەشانی پاسدارەکان، بەڵکو زۆر زیاتر لەوان و زۆر توندتر لەوان لە دژی کۆمەڵە و دیموکرات دەجوڵانەوە. پاسدارەکانیان فێری شەڕ دەکرد و چاوساغییان بۆ دەکردن. بۆ ئەوەى خزمەتکاربوونی خۆیان بە رژێمی تازە دامەزراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان بدەن، چەندین ناوچەیان بۆ رژێمى کۆماری ئیسلامیى ئێرانی لە دەست پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرهێنا و رادەستى سوپاى پاسدارانیان کرد. تاوەکو ئێستا بە پێچەوانەی هەموو بانگەشەکان بنەماڵەى بارزانی و پارتی یەکێک لە گەورەترین دۆستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و بە شێوازە جۆاروجۆرەکانیان رێگری لە هەموو جوڵەیەکی ئازادیخوازانەی کوردانی رۆژهەڵات دەکەن.

ژ.ت