عەمر ساڵح: پێویستە گەلی عێراق لە دژی سەردانەکەی ئەردۆغان کاردانەوە نیشان بدەن!

عەمر ساڵح، سەرۆکی لێژنەی عەشیرەتەکانی شەنگال، سەبارەت سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا وتی: "عێراق هیچ سوودێک لە سەردان و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان ناکات. پێویستە گەلی عێراق لە دژی سەردانەکەی ئەردۆغان کاردانەوە نیشان بدەن"

ئەمەر ساڵح/سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەمەبەستی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی داگیرکاریی بۆ سەر باشووری کوردستان، دیدارەکانی لەگەڵ پەدەکە و عێراق پەرە پێداوە. پەدەکە، ماوەیەکی زۆرە خاکی باشووری کوردستانی بەڕووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا کردووەتەوە، بە هەموو شێوەیەک خەریکی ئامادەکاریی شەڕە، هەروەها حکوومەتی تورک دەیەوێت عێراق بخاتە ناو ئەم پیلانە شەڕەوە و لەوە چوارچێوەدا گوشار دەخاتە سەر عێراق. ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە سەردانەکەی لە ٢٢ی نیسان بۆ بەغداد، لە هەوڵی ئەوەدایە عێراق بکێشێتە ناو پیلانەکانی.

ڕۆژەڤ و پلانسازییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ پەرە پێدان بە داگیرکارییەکانی لە سەر باشووری کوردستان و بەتایبەتی لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی و پارێزگەی شەنگال، مەترسی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گەلی شەنگال بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدان لە دژی سیاسەتی داگیرکاری ئامادە دەکەن.

سەرۆکی لیژنەی عەشیرەکانی شەنگال، عەمر ساڵح، ڕایگەیاند، لە ڕۆژەڤی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا سیاسەتی میساقی میللی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایە سەردانی بەغدا دەکات، ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک وەکوو ڕابردوو داگیرکردنەوەی خاکی عێراقە. دەیەوێت کەرکوک و موسڵ داگیر بکات. دەوڵەتی تورکیا باسی گارێ و مەتینا و ئاڤاشین دەکات، بەدەیان جار هێرشی ئەنجامداوە، بەڵام قەد سەرنەکەوتووە و شکستی ‌هێناوە."

'زۆربەی لە هێزەکانی عێراق لەگەڵ ئەردۆغان نین'

عەمر ساڵح ڕوونیکردەوە، هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا باسی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق دەکات، بەڵام راستیەکە لەو ئاستەدا نییە، لە عێراقدا لە ناو دەوڵەتدا هێزی زۆر بەشدارن، ڕێکخراوی سەربازی هەیە. زۆرێک لەو هێزانە لەگەڵ بڕیارەکەی ئەردۆغان نین. ئەردۆغان ڕووی لە کوێ کردبێت، بەوەشەوە ناوەستێت. بۆ نموونە لە باشیکە، لە ئامێدی و شێلادزێ بنکەی هەیە. ئێستا نە عێراق و نە هەرێمی کوردستان ناتوانن بیکەنە دەرەوە. عەفرینی داگیرکرد و ئێستا هێزەکانی وەک داعشی لەوێ جێگیر کردووە. هەروەها حکوومەتی تورک دەیەوێت موسڵ و کەرکوکیش داگیر بکات. بۆیە بەم سیاسەتەیەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و دەوڵەتی عێراق. پێویستە گەلی عێراق دژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا لە ٢٢ی نیسان کاردانەوەی خۆیان نیشان بدەن.

'عێراق سود لە سەردانەکەی ئەردۆغان نابینێت'

عەمر ساڵح سەرۆکی لێژنەی عەشیرەتەکانی شەنگال، سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی داگیرکاری هۆشداری دایە عێراق و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان عێراق هیچ سودێک نابینێ چونکە هیچ کام لەو داواکارییانەی دەوڵەتی تورک کە بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە. لە سەردەمی سەدام حوسێندا دەوڵەتی تورک تەنانەت بۆ خولەکێکیش نەیدەتوانی ئاو بەسەر عێراقدا بگرێتەوە. ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئیرادەی هەبێت، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکات. فڕۆکەکانی تورک ٢٤ سەعاتە بەسەر شەنگال، مەخموور و باشووری کوردستان دەسوڕێنەوە، دەبێت دەوڵەتی عێراق ئەم شتانە قبوڵ نەکات.

'پەدەکە هەم دوژمنی گەلی کوردە و هەمیش دوژمنی عێراقە'

عەمر ساڵح سەرنجی بۆ هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕاکێشا و وتی: "پەدەکە ئاگاداری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر شەنگال و چیا ئازادەکانی کوردستان و لەو بوارەدا هاوکاریی دەکات. فوئاد حسێن و ڕێبەر ئەحمەدیش سەر بە پەدەکەن. دەوڵەتی تورک کە کێشەی لە گەڵ زمانی کوردی هەیە، چۆن دان بە باشووری کوردستاندا دەنێت؟ ئەمڕۆ بەرپرسانی پەدەکە شەریک و یارمەتیدەری دەوڵەتی تورکن، پەدەکە بەم سیاسەتانەی دوژمنایەتی لەگەڵ گەلەکەی دەکات، هاوکات دوژمنی گەلی عێراقە. دەوڵەتی تورک فاشیستە و جگە لە خۆیان هیچ دەوڵەت و نەتەوەیەکی تر قبوڵ ناکات.

'کەمپەکانی پەدەکە بە ئێزدییەکان مەترسیدارترین شوێنە'

لە درێژەی قسەکانیدا، عەمر ساڵح، بۆ بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق لەسەر گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان و دۆسیەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە بەرامبەر بەرپرسانی پەدەکە کرایەوە، هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: "پەدەکە بەهۆی هەڵبژاردنەکان و سیاسەتەکانی ڕێگا بۆ مانەوەی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا کردووتەوە، ئەگەر کەمپەکان چۆڵبکرێن، پەدەکە خەسارێکی گەورە دەبینێت. بۆیە هەوڵ دەدەن ڕێگای گەڕانەوەی ئێزدییەکان ئاستەنگ بکەن. گەلەکەمان دەیەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی گوشار و هەڕەشەکانی پەدەکەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە. هەر کاتێکیش گەل دەگەڕێتەوە دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە هێرش دەکاتە سەر شەنگال. ئێمە دەمانەوێت گەلەکەمان باش بزانێت کە کەمپەکانی پارتی مەترسیدارترین شوێن بۆ ئەوان."

'هەندێک کەس بە ناوی عەشیرەوە بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندان'

لە کۆتایی قسەکانیدا عەمر ساڵح ڕەخنەی لە هەندێک کەسی ناو کۆمەڵگای ئێزدی گرت کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەشدارییان لە کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانی موسڵ و بەغدا دەکەن و وتی: "هەندێک کەسان گوتیان ئەوانە سەرۆک عەشایری شەماڵن. لە ڕاستیدا هەریەکەیان بەسەری خۆیان ڕۆیشتوون. گەل هیچ باوەڕێکی بەو کەسانە نییە. پێویستە هەمووان بزانن کە هیچ کەس بەبێ ئاگاداری گەل شتێک ناکات. پێویستە کارەکانی گەڕانەوەی گەل بە بەرنامە ئەنجام بدەین و ئامادەی ئەوە بین لە داهاتوودا هێرشێک یان شەڕێک ڕووبدات، شەنگال و گەلەکەمان بپارێزن."