ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی لە مەخمور ئاشکرا کرا

لە هەڵبژاردنی شارەوانی لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور)، ئەدبا عەبدوڵا یڵماز و فاتمە هلالی وەک هاوسەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردران.

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێوەدەچێت. دوێنێ خەڵکی کەمپەکە بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەنجومەنەکانی شارەوانی چوونە سەر سندووقەکان.

هەڵبژاردنەکە لە هەشت ناوەندی کەمپەکە کاتژمێر ٠٨:٠٠ ی بەیانی دەستیپێکرد و تا کاتژمێرەکانی درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکە دەنگەکان جیاکرانەوە، لە سەر ناوی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کەمپەکە هادی ئاکێتی لێدوانیدا.

هادی ئاکێتی سەرەتا سپاسی ئەوانەی کرد کە چوونە سەر سندووقەکان و دەنگیان داوە و بەم جۆرە دوا: "سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک کە تائێستا بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆش جارێکیتر ئەوە خرایەڕوو، لەبەر ئەوەش سپاسی خەڵکەکەمان لە کەمپەکە دەکەین. ئێستا ئەنجامەکانتان پێڕادەگەیەنین. کۆی ئەو دەنگانەی دراون ٤٣٣٦ دەنگ بوون، بەپێی ئەوە کاندیدی ژمارە یەکی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی فاتمە هلالی ١٩٨٩ دەنگی بەدەستهێنا، کاندیدی ژمارە دوو نزار حاجی تەتەر نەرەخی ١١٥٢ دەنگ، کاندیدی ژمارە سێ ئەدبان عەبدوڵا یڵماز ٢٣١٢ دەنگ و کاندیدی ژمارە چوار جەمیلە محەمەد رەپنی ١١١٣ دەنگی بەدەستهێنا. بە گوێرەی ئەو ئەنجامە فاتمە هلالی و ئەدبان عەبدووڵا یڵماز بوونە هاسەرۆکی شارەوانی.

هەروەها بۆ ئەنجومەنی شارەوانیش ئەوانەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە بەم جۆرەن: سدیق حسێن هلالی ١٢٠٥ دەنگ، سەلمان مەحمود شوێدی ١١٩٠، سۆزدار محەمەد تاهیر هلالی ١٠٧٠ دەنگ، بهار ساڵح بلەهی ١٠٥٩، سەبری ئەحمەد مژینی ١٠٣٩، جەوهەر جندی نێروەهی ١٠٣٤ و لەیلا عەبدوڵا چەلی ٩٩١ دەنگی بەدەستهێناوە".

هـ . ب