ئەنجوومەنی شەنگال ئاماری شەهید و بریندارەکانی نەخۆشخانەکەی شەنگالی بڵاوکردەوە

ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال رایگەیاند، لە هێرشەکەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر نەخۆشخانەى سکێن لە شەنگال ٤ شەڕڤانی یەبەشە و ٤ کارمەندی تەندروستیی نەخۆشخانەکە شەهید بوون و چوار کەسی تریش بریندار بوون.

ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەبارەی ئاماری شەهید و بریندارەکانی بۆردومانی نەخۆشخانەى گوندی سکێن لە شەنگال راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

  لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ئەنجامی هێرشی وەحشییگەرانەی دەوڵەتی تورک، ژمارەیەک شەهید و بریندارمان هەیە، لە دوێنێوە هەوڵ دەدەین ناسنامەی شەهید و بریندارەکان ئاشکرا بکەین و ڕایبگەیەنن، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەوە، دەستنیشانکردنی تەرم و ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان، دوا کەوت، بەگشتییش لە ئەنجامی هێرشی دوێنێ لەسەر نەخۆشخانەی گوندی سکین، هەشت کەس شەهید و چواری دیکەش برینداربوون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو هەشت کەسەی شەهیدبوون، چواریان شەڕڤانی یەبەشەن، کە لەنەخۆشخانەکە چارەسەر دەکران، هەروەها سێ لە شەهیدەکان، کارمەندی تەندروستیی بوون، کە خزمەتی کۆمەڵگای ئێزدییان دەکرد، شەهیدەکەی دیکەش ناوی موخلیسە سیدار، کە خەڵکی شاری شرناخی باکووری کوردستانە و لە فەرمانی ٢٠١٤-دا، کاتێک بانگەوازیی سەفەربەربوون کرا، بۆ ئەوەی بریندارەکانی کۆمەڵگای ئێزدیی دەرمان بکات، وەکو پزیشک هاتبوو بۆ شەنگال و لەو کاتەوە خزمەتی تەندروستیی پێشکەش بە خەڵکی شەنگال دەکرد.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی سەنگال، ڕاشیگەیاندووە، چوار بریندارەکەش بە ناوەکانی ’حەسەن، عەڤدی، سەمیر و ماجید’، سەرجەمیان کارمەندی تەندروستیی بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ناوی شەهیدەکان بەم جۆرەیە:

- حەمید سەعدوون (قیران سیبا)، شەڕڤانی یەبەشە.

- خدر شەریف (پیر خدر)، شەڕڤانی یەبەشە

- ڕامی سەلیم (ڕۆنی)، شەڕڤانی یەبەشە لە عەرەبەکانی بەعاجە

- مەیتەم خدر خەلەف (سەرحەد زەمار)، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشە

- عەلی ڕەشۆ خدر، کارمەندی تەندروستیی

- سەیدۆ ئلیاس رەشۆ، کارمەندی تەندروستیی

- حەجی خدر، کارمەندی تەندروستیی

- موخلیسە سیدار، کارمەندی تەندروستیی

ژ.ت