سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە، ڕایگەیاند، لە ئێستادا تورکیا لە چەند شوێنێکی باشوری کوردستان حکوم دەکات و تەنانەت لەو ناوچانە هیڵەکانی پەیوەندی تەلەفۆنی تورکیا کار دەکات، ئاشکراشیکرد، کە پەدەکە چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و عێراق ئەنجامداوە، هاوکات وتیشی: پشتیوانی لە بانگەوازییەکەی قەرەیلان دەکەن بۆ ڕوونەدانی شەڕی براکوژی.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – یەنەکە، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ئاریەن تیڤیدا، تیشکی خستە سەر بانگەوازییەکەی موراد قەرەیلان بۆ ئاشتی و ڕێگریی لە ڕوودانی شەڕی براکوژیی و مەترسییەکانی جوڵەپێکردنی هێزەکانی پەدەکە لە سنووری بادینان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەیاننامەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و ڕێککەوتن لە بارەی شەنگالەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕایگەیاند: پەدەکە هێزەکانی ڕۆژی لەچەند شوێنێک جووڵە پێدەکات و لە ئێستاشدا ڕەوانەی ناوچەی بادینانی کردووە لە گارە کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەرهەڵدانی شەڕ، هاوکات پشتیوانیی بانگەوازییەکەی موراد قەرەیلانی بۆ ئاشتی و ڕێگریی لە ڕوودانی شەڕی براکوژیی دەربریی و وتی: بەڕێز موراد قەرەیلان، پیاوێکی تێکۆشەر و خاوەن ئەزموونە و خاوەن ئەزموونی شەڕ و ئاشتیشە و دەزانێت کە شەڕ چەند ماڵوێران کەرە و چەند زیانی سیاسیی و نەتەوەیی هەیە بۆیە پشتیوانی پەیامەکەی دەکەین کە خوازیارە شەڕی براکوژی ڕوو نەدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەداگیرکردنی دەڤەری بادینان کرد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و ڕایاگەیاند، تورکیا لە چەند ناوچەیەکی بادینان حکوم دەکات و تەنانەت هێڵەکانی پەیوەندی تەلەفۆنی تورکیا کار دەکات نەک کۆڕەک و ئاسیاسێل.
سەعدی پیرە، ئاشکراشی کرد کە پەدەکە چەندین ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا و عێراق ئەنجامداوە و ئەوان ئاگاداری ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکان نین، لە کاتێکدا ئەوان لە حوکمەتدان و دەبێت ئاگاداری هەموو ئەو ڕێککەوتنانە بن کە ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەوەش پەدەکەیان ئاگادارکردووەتەوە.
لەبارەی ڕێکەوتنی پەدەکە و بەغداش لەسەر شەنگال، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەنەکە ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ هەر ڕێکەوتنێکدان ئەگەر خەڵکی شەنگال قبوڵی بکات بەڵام ئەوەی دەیبینن خەڵکی شەنگال ئەو ڕێکەوتنەی قبوڵ نەکردووە، بۆیە ئەوان لەگەڵیدا نین.
هاوکات لەبارەی ئەو بەیاننامەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا کە پشکی یەکێتی تێدایە و گوایا چەند گروپێکی تیرۆریستیان دەستگیرکردووە، سەعدی پیرە، وتی، ئەگەر ئەوەی دەیڵێن ڕاستە پێویستە بیخەنەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایش ماوەیەکی زۆرە کۆنەبوونەتەوە تا بەیاننامە دەربکات، کێشە و ناکۆکی لە نێوان دەزگای زانیاری و پاراستندا لە ئەنجومەنەکەدا هەیە، ئەگەر ئەوە چارەسەر نەکرێت هاوشێوەی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دووبارە دەبێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیشدا لەبارەی بەردەوامی هێرشە داگریکارییەکانی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستن سەعید ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند، لەشکرکێشی تورکیا جێگەی قبوڵ نییە، ئەگەر پەیوەندی بە میساقی میللیەوە هەیە ئەوە میساقی میللی لە قەرەباخ و لیبیاوە نییە، ئەگەر پەیوەندی بە باشوریشەوە هەیە ئەوە جێگەی پرسیار و موناقەشەیە.
ف.ق