ئەو ئۆتۆمبێلەی بوردوومان کرا، هی کۆمپانیای چەترە و ناسنامەی هەر دووشەهیدەکە ڕاگەیەندرا

راگەیاندرا، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوردومانی کردووە و ٢ ڕۆژنامەنوس ژیانیان لەدەستداوە و ٦ ڕۆژنامەنووسیشی دیکەش بریندار بووە، ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای میدیایی چەتر بووە و ناسنامەی هەر دوو شەهیدەکەش ڕاگەیاندرا.

بوردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای میدیایی چەتر لە شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی.

هەروەها ڕاگەیاندراوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کارمەندی کۆمپانیای مێدیایی چەتر پرێس بوون.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٢ ڕۆژنامەنووس ژیانیان لەدەستداوە و ٦ ڕۆژنامەنووسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێى زانیارییەکان، یەکێک لەوانەى لە هێرشەکەى دەوڵەتى تورک شەهیدبووە ناوى هێرۆ بەهادینە و خەڵکى شارەدێى سەنگاوە و لە سلێمانى نیشتەجێ بووە و کارى مۆنتێرى دەکات لە کۆمپانیاى چەتر.

هەروەها، بەپێى زانیارییەکان شەهیدى دووەم ناوى گوڵستان تارایە و خەڵکى شارى باتمانى باکورى کوردستانە و لە ساڵى ٢٠٠٠ ەوە کارى ڕۆژنامەوانى دەکات و ئەندامى ڕاگەیاندنى ئازادە.