ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال: ئیرادەی گەل لە هەموو هێرشەکان بەهێزترە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ساڵیادی تەقاندنەوەی مەجلیسی گەلی سنوونێ شەهیدانی مەجلیسەکە بیرهێنایەوە و گوتی: "ویستیان ئەو ئیرادەیە لەناوببەن کە پاش فەرمانەکە بنیاتنرا، بەڵام ئەم ئیرادەیە لە هەموو هێرشەکانیان بەهێزترە".

ڕاگەیاندراوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال

١٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ مەجلیسی گەلی سنوونێی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەلایەن سیخووڕانی پەدەکە-میت کە جڤاکی ئێزدی پێیان دەڵێت "دوژمنی ڕیشەیی" تەقێنرایەوە. لە ئەنجامدا مناڵێک بە ناوی شڤان خدر و ئیبراهیم دەروێش شەهیدبوون. دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال و مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ساڵیادی هێرشەکەدا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە و شەهیدەکانیان بیرهێنایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال خودێدا ئیلیاس و ئەندامی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری شەنگال نەعام خەڵەف خوێنرایەوە.

خودێدا ئیلیاس ڕایگەیاند مەجلیسی گەل بەدەستی خائینان تەقێنرایەوە و هەموو شەهیدانی بیرهێنایەوە، دووپاتی کردەوە دوژمن نەیدەویست گەل بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، گوتی: "کاتێک گەل گەڕایەوە، ئیرادە و هێزی خۆی بنیاتنا، ئەم جارە دوژمن بۆ لەناوبردنی ئەم ئیرادەیە دەستی بە هێرش کرد. دوژمن نایەوێت جڤاکەکەمان ئیرادەی خۆی بنیات بنێت، ناخوازن هێزی پاراستنی گەلەکەمان دروست ببێت".

"ئیرادەمان لە تانک و تۆپەکانیان بەهێزترە"

خودێدا ئیلیاس ڕایگەیاند با جڤاکی ئێزدی دڵنیا بێت ئیرادەی شەنگال دروست بووە و هەرچەند دوژمن هێرش بکات هەرگیز پاشەکشە ناکەن، گوتی: "بەرامبەر هێرشی دوژمن و خائینان پاشەکشە ناکەین. بەڵێنمان بۆ شەهیدان بەجێ دەگەیەنین. ئیرادەمان لە تانک و تۆپ و هێرشەکانیان بەهێزترە. ئیرادەی جڤاکی ئێزدی لە خائینان بەهێزترە. ٧٤ فەرمانە ئێمە ڕادەست نەبووین، هەرگیز ڕادەست نابین".

"ڕۆژ بە ڕۆژ خۆمان بەهێز دەکەین"

ئەندامی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری شەنگال نەعام خەڵەف شەهیدانی بیرهێنایەوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد، گوتی: "کاتێک لەچیای شەنگال هێزی خۆمان پێکهێنا، دەمانزانی ئەم هێرشە دەکرێت. بەڵام پاشەکشەمان نەکرد. یەکەمجار لە فەرمانەکاندا ئێمە هێزی خۆمان دامەزراند. پاشان ڕۆڵەکانمان بەدەستی دەوڵەتی تورک شەهیدکران. دەبێت بزانرێت ئێمە پاشەکشە ناکەین".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات.