زانایانی ئایینی پشتیوانیان بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی

بەشێك لە زانایانی ئایینی جەختدەكەنەوە، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی دژی گەندەڵی مافێكی یاسایی و داوایەكی شەرعی و رەوایە، بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بەمەبەستی چاكسازی دەنگیانداوە و مافێكی سروشتیی خۆیانە بەروبومەكەی بەچاوی خۆیان ببینن.

بەشێك لە زانایانی ئایینی لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەیەك سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان رێكخست، كە تێیدا هاتووە:"وەك ئەركێكی ئایینی و نیشتمانی سەرشانمان بۆ جەماوەری موسڵمانی كوردستان و خەڵكی خرۆشاو و دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی و رای گشتی رایدەگەیەنین، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی دژی گەندەڵی مافێكی یاسایی و داوایەكی شەرعی و رەوایە، بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بەمەبەستی چاكسازی دەنگیان داوە و مافێكی سروشتی خۆیانە بەروبومەكەی بەچاوی خۆیان ببینن، نەك هەر بە قسە و بەڵێن".

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەدەكەن، پێویستە حكومەت گوێ لە خەڵكی ناڕازی و جەماوەری خەڵكی كوردستان بگرێت، چونكە داوای خەڵكی بۆ چاكسازی و بەهەدەرنەدانی داهات و پێدانی موچە و شایستەی دارایی خەڵك، رەوایە و وەك مامۆستایانی ئایینی-یش هەمان داوایان هەیە و ئەركی سەرشانی دەسەڵاتە وەڵامی كرداری بۆ ئەو داوایە هەبێت.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا ئەو زانا ئایینیانە جەختدەكەنەوە کە كوشتن تاوانێكە گەورەترە لە روخاندنی كەعبەی پیرۆز، بۆیە بە هیچ پاساوێك ناكرێت خوێنی رۆڵەی ئەم گەلە لەناوخۆماندا بڕژین، مرۆڤەكان لە خانو و كۆشكەكان بەنرخترن، هەرچۆنێك بێت دەچێتە خانەی براكوژی، كە قێزەوترین كاری حەرامە و هاوسۆزین لەگەڵ شەهیدەكان و جەرگ سوتاوەكان.

ز.ش