ڕژاک بۆ کۆچی دوایی چنوور غەریب راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

بۆ کۆچی دوایی چنوور غەریب هاوسەری شەهید کەمال پێنجوێنی، لە پرسەنامەیەکدا ڕژاک سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان دەکات و وێڕای ڕەخنەگرتن لە خۆیان، پەیمان دەدەن تێکۆشانیان زیاتر بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان.

ئێوارەی دوێنێ بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەوە، ژنێک بەناوی چنوور غەریب گەیەندرایە نەخۆشخانە و دواجار بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەم بۆنەیەوە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پرسەنامەکەدا هاتووە:”ئێمە وەکو ڕێکخراوەکەمان دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی کەسایەتی (چنوور غەریب) هاوژینی شەهید (کەمال پێنجوێنی) پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید کەمال و بنەماڵەی چنوور غەریب و منداڵەکانی دەکەین، ئاشکرایە ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان دەبین، ئەم دیاردانە بووە بە هۆکاری کۆمەڵکوژی لە کۆمەڵگاکەماندا، ئێمە وەک ڕێکخراوەکەمان بە بەردەوامی لە هەموو چالاکییەکانمان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پەروەردە و بە شێوازی جۆراوجۆر، بەبەردەوامی کار لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی و نەهیشتنی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەکەین، بە هیچ شێوەیەک چارەسەری لەم کارانەدا نابینین، بەڵکو هۆکاری تەواوی توندوتیژییەکان ئەو ئەقڵیەتە ڕەگەزگەرا و پیاوسالارەیە کە بە لێشاو لەسەر کۆمەڵگا لەلایەن سیستمە دەسەڵاتدارەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە بەرامبەردا پێویستە هەم وەکو ڕێکخراو هەم وەک تاکە کەس بەبەردەوام تێکۆشان بکەین بۆ دانانی چارەسەری و تێپەڕاندنی زیهنیەتی ڕەگەزگەرایی و بنەبڕکردنی زیهنیەتی بێ چارەیی کە خۆی لە خۆکوشتن و خۆسوتاندندا دەبینێتەوە.

ڕژاک باسی لەوەکردووە، کە ئەوان وەک رێکخراوەکەیان بەبەردەوامی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ژنان و کێشەی تاکەکەسی و خێزانی چنوور غەریب’یش بێ سنوور هەوڵیان داوە، “بەڵام دیارە ئێمەش نەمانتوانیوە بەتەواوەتی ببینە هێزی چارەسەری، ئەویش بۆ چارەسەری کێشەکانی بێ چارەیی هەڵبژاردووە کە ئەمەش تا دوا ڕادە بە هەڵە دەبینین و پێمانوایە هەموو ژنێک هێز و توانای چارەسەریی هەیە و پێویستیشە بە بەردەوامی لە چارەسەری بگەڕێین و هەموو مرۆڤێک هێژای ژیانکردنە، بەڵام ژیانێکی سەرکەوتوو پێویستی بە تێکۆشانی ئازادیخوازانە هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە سەرەڕای دەربڕینی خەم و پەژارە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەکەیان، لەبەرامبەر خۆکوشتنی هەر ژنێک و ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەش ڕەخنەدانی خۆمان دەدەین و بڕیاڕ دەدەین ئاستی تێکۆشانی خۆمان بڵدتر بکەین بۆ نەهێشتنی هەموو زیهنیەتێکی بێچارەیی و لەپێناوی چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ژنان بەڕێ و ڕێبازی هەمەجۆر، لە کۆتاییدا هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەکەی دووپات دەکەینەوە و هیوادارین دوا ناخۆشیتان بێت”.

ف.ق