ئاسایشى سلێمانى پەیامنێرێکى ئاژانسی ڕۆژنیوزى دەستگیرکرد

گەنجانی وەڵاتپارێژ بەنیازبوون بەئامانجی ئیدانەکردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان چالاکی ئەنجام بدەن. لەکاتى ڕووماڵکردنى خۆپیشانێکدا، ئاسایشى سلێمانى، پەیامنێرێکى ئاژانسى هەواڵى ڕۆژنیوز-ى لەگەڵ ٢٠ خۆپیشاندەردا دەستگیرکرد.

بڕیار وابوو، کاتژمێر ١:٠٠ى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە شەقامى سالمى شارى سلێمانى، خۆپیشاندانێک دژى گۆشەگیرى سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، بەڕێوەبچێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى ڕێگرییان لە خۆپیشاندانەکە کرد و بە دەیان خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد.

بەرهەم لەتیف، پەیامنێرى ئاژانسى هەواڵى ڕۆژنیوز، کە بە ئامانجى ڕووماڵکردنى خۆپیشاندانەکە ڕۆشتبووە شوێنى خۆپیشاندانەکە، لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و هەتاوەکو ئێستا ئازاد نەکراوە.