شێرزاد شەمۆ بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بووە میوانی بەرنامەیەکی ڕادیۆ دەنگی چرا لە شەنگال و تێیدا دۆخی شەنگالی لە ساڵی ٢٠١٩ شیکردەوە.
شەمۆ باسی لەوەکرد، کە لەناو سالی ٢٠١٩دا ئەوەی زۆرترین گرنگی پێدراوە لای ئەوان پەروەردە و بەهێزکردنی لایەنی فکری بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە شەنگال لەساڵی ٢٠١٩دا لەلایەنی ئەمنیەوە، هەرێمی هەرە ئارام بووە لە ئاست تەواوی عێراق.
شێرزاد شەمۆ ڕاشیگەیاندووە: خەڵکی ئێمە هاوکاری ئێمە دەکەن و جێگای دلخۆشییە، بەم هێز و هاوکارییەوە ئێمە زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین، گەل دەزانێت ئەندامانی ئاسایش لە منداڵانی ئەم گەلە پێک دێت و ئەوان هیچ کاتێک دەستبەرداری خاکی خۆیان بۆ دوژمن نابن.
بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەنێوان ئەوان و هێزەکانی عێراقی لە دژی شانە نووستووەکانی داعش و وتی: ئێمە بەشێوەیەکی چالاک بەشداری زۆر ئۆپەراسیۆنمان کرد و ئەرکی خۆمان پێک هێنا.
سەبارەت بە کارو چالاکییەکانیان بۆ ساڵی نوێ، شەمۆ جەختیکردەوە" ئێمە تا کۆتایی خەڵک و کۆمەڵگای خۆمان دەپارێزین، چی دەبێت با ببێت ئێمە خاک و خەڵی خۆمان دەپارێزین".
بەرپرسیاری هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان هیواشی خواست بۆ ساڵی نوێ کە ببێتە ساڵی برایەتی گەلان و یەکێتی گەل و پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال.
ب.ش