ئاسایشی سلێمانى داواکانى مام جەلال جێبەجێ ناکات و پێشێلیان دەکات

ئاسایشی سلێمانى بە پێچەوانەى داواکانى مام جەلال دەجوڵێتەوە و ئازادیی لە شاری سلێمانى بەرتەسک کردووەتەوە.

مام جەلال سکرتێری پێشووی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لەکاتی دروستکردنی سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیى شاری سلێمانى دەڵێت "سەکۆیەک دروست دەکەم هاووڵاتییان ڕۆژانی هەینی بیروڕای خۆیانی تیادا بخەنەڕوو و هەرچی دەڵین ئازادن، گردنیان  ئازادبێت".

لەو کاتەدا تاڵەبانى راشیگەیاندبوو "با سەرەتا لەسەر ئەو سەکۆیە هێرش بکەنە سەر من. ئەگەر جنێویشم پێ بدەن سزایان نادەم. گردنیان ئازاد دەکەم".

 

هەر لەسەر هەمان سەکۆی ئازادی، کە مام جەلال لە گرتە ڤێدۆیەکەدا باسی دەکات، دوێنی هەینی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ئەندامان و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی و هاووڵاتییان خواستیان سەیری فیلمی ساکینە جانسز (سارا) ئەندامى دامەزرێنەری پەکەکە بکەن، کە لەگەڵ نوێنەری کەنەکە لە پاریس فیدان دۆغان (رۆژبین) و ئەندامى بزووتنەوەى گەنجان لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار لە پاریس تیرۆکران، بەڵام ئاسایشی سلێمانى هێرشی کردنە سەر و ٥٢ کەسی لێدەستگیرکردن، کە چەندین کەس لە دەستگیرکراوەکان ژن و منداڵ بوون.

لە دوای ئەو هێرشەى ئاسایش بە شێوازێکی بەرفراون هاووڵاتییان ئەو ڤێدیۆیەی مام جەلالیان لەبارەی سەکۆی ئازادی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو هێرش و دەستگیرکردنانە پێچەوانەى جێبەجێکردنى خواست و داواکانى مام جەلالە.

ر.م