"ئاشتى بە نەمانى گۆشەگیری بەدی دێت"

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتاری ئامەدى هەدەپە رایگەیاند، ماوەى ٢٠ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی گۆشەگیری پەیڕەو دەکرێت. راشیگەیاند "گۆشەگیری کاریگەریى لەسەر هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستکردووە".

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە لەبارەیى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و باری تەندروستیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)، کە ماوەى ٦٨ رۆژە لە چالاکیى مانگرتن لە خواردندایە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

"ئاشتى گۆشەگیر ناکرێت"

گیوزەل رایگەیاند، ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئیمراڵی گۆشەگیری پەیڕەو دەکرێت و راشیگەیاند "گۆشەگیری تەنها کاریگەری لە ئیمراڵی ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات. بە گۆشەگیرکردنى ئۆجالان تورکیا لە یاسا و مافەکان دوور کەوتووەتەوە. هۆکاری قەیرانەکانى تورکیا گۆشەگیرکردنى بەڕێزە ئۆجالانە، بۆ ئەوەى ئارامی بۆ تورکیا بگەڕێتەوە پێویستە بە خێرایى گۆشەگیری لاببرێت. بەڕێز ئۆجالان کەسێکى ئاسایى نییە. بەرێز ئۆجالان رێبەری گەلی کوردستانە و ملیۆنەها کەس ئەو رێبەر و ئیرادەى سیاسیی خۆیان دەزانن، بۆیە رێگری لە رامان و ئیرادەى ملیۆنەها کەس ناکرێت و ئاشتى گۆشەگیر ناکرێت".

"لە کەسایەتیى بەڕێز ئۆجالان دا کۆمەڵگەى تورکیا گۆشەگیر کراوە"

گیوزەل باسی ئەوەیکرد، ٣ ساڵ لەوە پێش کەس لەم وڵاتەدا نەدەکوژرا و ئەوەشی وت "هەموو دونیا لە سەردەمی دیالۆگدا شایەتى ئاشتى، دیموکراسی و ئازادى بوو. بەڵام دواى ئەوەى لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ / ١٦ی خاکەلێوە لە کەسایەتیى بەڕێز ئۆجالان دا گۆشەگیری ئەنجامدرا. ئیتر ئەو گۆشەگیرکردنە تەنها بە بەڕێز ئۆجالانەوە سنووردار نەما و سنووری ئیمراڵی تێپەڕاند. گۆشەگیریى قورس و چڕکراوە بەسەر بەڕێز ئۆجالان بەسەر کۆمەڵگە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا دەسەپێنرێت. بۆ ئەوەى ئاشتی و ئارامی بۆ ئەم خاکە بگەڕێتەوە، پێویستە بە خێرایى گۆشەگیری لاببرێت".

"دۆخی تەندروستیى لەیلا گیوڤەن مەترسیدارە"

گیوزەل سەرنجی خستە سەر چالاکیی مانگرتنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەی جۆلەمێرگ، کە ماوەى ٦٨ رۆژە لە چالاکیى ماگرتنی بێسنووردایە و لەبارەیەوە وتى "دۆخی تەندروستیى گیوڤەن مەترسیدارە، بە بە بەردەوامى زەختى دادەبەزێت و بەرزدەبێتەوە، تووشی سەرگێژە بووە، بە زۆر دەتوانێت شلەمەنی بخوات و تاوەکو ئێستا ١٤ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە، بۆیە دۆخی ئێستاى مەترسیدارە. گیوڤەن پێشتریش بەهۆی نەخۆشییەوە نەشتەرگەریى بۆ کرابوو. بەڕێز گیوڤەن دەبێت بەشێوەیەکى رێک و پێک دەرمانى پێبدرێت. لەبەر ئەوەى تەمەنیشی لە سەرەوەیە زەختى لە بەرزبوونەوە و دابەزیندایە. لە زیندانەکانى تریشدا پێداویستیى ئەو زیندانیانەى لە مانگرتندان دابین ناکرێت. ڤیتامینى بی، سەرباری ئەوەى بە یاسا سەپێنراوە، کە دەبێت بە کەسانى مانگرتوو بدرێت، پێیان نادرێت. ئەو زیندانییانەى لە مانگرتندا لە ژووری تاکە کەسیدا راگیراون و بەو شێوەیە بەرەو مردنیان دەبن".

"دەوڵەت لە رامانی ئۆجالان دەترسێت"

گیوزەل باسی ئەوەشیکرد، بۆ ئەوەى دەنگى چالاکییەکەى گیوڤەن نەبیسترێت، حکومەتى فاشیست هەموو رێگایەکى گرتووەتە بەر و وتیشی "حکومەتى فاشیست بۆ ئەوەى رێگری لە دەنگ و هاواری چالاکی زیندانیانى مانگرتوو بکات و کەس دەنگیان نەبیستێت، بە شێوەیەکى چاوسوورکەرەوانە هێرش دەکات. رای گشتى و میدیا و راگەیاندنى تورک خۆیان لەو بەرخودانە کەڕ و کوێر کردووە. دەسەڵاتیش دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت 'ئەگەر گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت، دەسەڵاتى ئێمەش کۆتایى پێ دێت'. لەبەر ئەوەش دەوڵەت لە رامانى ئاشتییانەى ئۆجالان دەترسێت و بۆ ئەوەش گۆشەگیرییەکەى قورستر کردووە".

ر.م