ئاڵدار خه‌لیل ڕایگه‌یاند، «خۆسپاردن به هێزی ده‌ره‌كی جێی دڵنیایی نییه و چارەسەری به‌دوادا نایه‌ت. لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەبێت ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین. ده‌بێت ڕژێم و ئەو هێزانه‌ی داوای چارەسەری دەکەن، دان به‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌دا بنێن کە هەیە.»
ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ئاڵدار خه‌لیل له‌گه‌ڵ ANF:
بارودۆخی ئێستای باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ڕۆژاڤا چۆنه؟
لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا شۆڕشێکی دیموكراتی هه‌یه كه بۆ مرۆڤایەتی بووه به نموونه. هه‌روه‌ها له ڕۆژئاوای كوردستان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی كه سیسته‌مێكی ئازادی بونیاد ناوه، به سیسته‌مه جڤاكییه‌كانی ئه‌نجومه‌ن، كۆمیون و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جڤاكی كه ئازادیی ژن وه‌ك پێوانێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت، هاتووه‌ته ئاراوه. به‌تایبه‌تی تێكۆشینی دژ به چه‌ته‌كانی داعش له ڕۆژئاوای كوردستان پێشكه‌وتنی وه‌های له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه كه هیچ نموونه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی نییه له سه‌رانسه‌ری جیهان. له ڕۆژئاوای كوردستان شۆڕشی مرۆڤایه‌تی، شۆڕشی دیموكراتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌به‌رئه‌وه هه‌موو هێزه دژه‌دیموكراتی و دژه‌یه‌كسانییه‌كان، ده‌یانه‌وێت گورز له‌م مۆدێله‌ی شۆڕشی ڕۆژاڤا بده‌ن. ئه‌و هێزانه‌ی له سووریا له ناكۆكیدا بوون، ده‌یانتوانی ئه‌نجامێك به‌ده‌ستبێنن به‌ڵام نه‌یانكرد. بارودۆخی باكووری سووریا و ڕۆژاڤا كه‌وته دۆخێكی جیاواز. وه‌های لێهاتبوو كه ڕژێمی سووریا نه‌یده‌توانی ده‌وروبه‌ری شام بپارێزێت.
«ئەو هێزانه‌ی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانی شکان»
ئه‌و هێزانه‌ی به ناوی ئۆپۆزسیۆن دامه‌زرابوون، ده‌یانویست هه‌موو سووریا بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان و به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، بەڵام ئێستا دۆخێكی وه‌ها نه‌ماوه. ئەو هێزانه‌ی كه پێیان ده‌گوترا «ئۆپۆزسیۆن» كه‌وتنه ده‌ستی چه‌ند هێزێكی جیاواز، هه‌ندێكیان بوونه نووسره و چەند گرووپێکی وەك ئیخوانه‌كان کەوتنە ژێر دەسەلاتی دەوڵەتی تورکی داگیركه‌ر، تورکیاش ئەو گرووپانەی بەکارهێنا لە دژی گەلانی سووریا و شۆڕشی سووریا. ڕژێمی سووریاش بەهۆی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا و ئێران توانی خۆی له‌سه‌رپێ بهێڵێته‌وه.
داعش تێکشکا. سوپای ئازادیش هه‌ر نەما. چەند گرووپێك كه مانه‌وه، كه‌وتنه دەستی تورکیا، تورکیاش بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دێنێت. ئێستا به هاوكاریی توركیا ده‌یانه‌وێت ئه‌و گرووپانه بنێرنه باكووری سووریا. له باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و ڕۆژاڤا برایه‌تیی گه‌لان ئافرێنرا، ده‌رفه‌ت ڕه‌خسێنرا كه گه‌لان خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن. ئه‌و شۆڕشه‌ی كه به برایه‌تیی گه‌لان ئافرێنراوه، ئێستا توركیا ده‌یه‌وێت له‌ناوی ببات. لە سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا به هاوكاری ئه‌و گرووپە چەتانه‌ی له ده‌وری خۆی كۆكردوونه‌ته‌وه و پشتگیری‌یان ده‌كات، هێرشیان كرده سه‌ر عەفرین و داگیریان كرد. ئێستاش توركیا هه‌ڕه‌شه لە منبج و ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات ده‌كات. دەیانەوێت بەو جۆرە هەڕەشانە رێگری لە پێشکەوتنه‌كانی باکووری سووریا بكه‌ن. ئێمە متمانه‌مان بە ئیرادەی گەل هه‌یه كه له به‌رانبه‌ر هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان بوه‌ستنه‌وه و ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزن. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی عه‌فرین ئازاد ده‌بێت و ئه‌و سیسته‌می بۆ هه‌موو جیهان بووه‌ته نموونه به هه‌موو لایه‌كدا بڵاوده‌بێته‌وه، خه‌باتی ئێمه به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌م پڕۆسه‌یه‌دا زۆر هێز، كه‌س و لایه‌ن هاتن و چۆن، ئێمه به گوێره‌ی ئه‌وه جموجۆڵ ناكه‌ین. ئه‌مه‌ریكا گوتی: «ئێمه له سووریا ده‌كشێینه‌وه.» به‌ڵام ده‌توانن بكشێنه‌وه. بڕیارێك هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه. ئێمه به گوێره‌ی پێوانه‌كانی خۆمان حیساباتی خۆمان ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها ڕاستییه‌كی دیكه هه‌یه كه مومكین نییه هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌تاهه‌تایه له سووریا بمێننه‌وه.
لە دوای بڕیاره‌كه‌ی ئەمه‌ریکا، ئێوه هیچ دیدارێكتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كردووه؟ ئەگەر چاوپێكه‌وتنتان هه‌بووه، لەسەر چی قسەتان کردووە؟
ئاڵدار خه‌لیل: به‌ڵێ، هه‌موو كات گفتوگۆ و چاوپێكه‌وتنمان هه‌بوون. بەڵام ئێمە هەرگیز ناڵێین مه‌ڕۆن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئەمڕۆ بێت یان سبەی هه‌ر ده‌ڕۆن. ئەوەی ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین ئه‌وه نییه كه نه‌ڕۆن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه، نابێ هێرش بكرێته سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان. ئێمه گه‌له‌كه‌مان له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌پارێزین. هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ڕێگری له ده‌وڵه‌تی تورك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كانمان و سووریا تاڵان و خرا نه‌كه‌ن. پێویسته ڕژێمی سووریا خۆی دان به هه‌رێم و سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییدا بنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون، له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بپارێزین.
دەربارەی ئەو بابەتە ڕژێم چی دەڵێت؟
ڕژێم له ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هیچ كه‌سێكی دیكه‌ی قبووڵ نییه. ده‌ڵێت، با تەنیا حیزبی به‌عس هەبێت. دەسەڵات تەنیا لە شام بێت. ئیراده‌ی گه‌لی سووریا قبووڵ ناكات.
بۆچوونی ئێوە دەربارەی ئەو بابەتە چییه؟
ده‌بێ ڕژێمی ئیدی ده‌ست له‌و زیهنیه‌ته به‌ردات. ئه‌گه‌ر ئه‌و زیهنیه‌ته نه‌بوایه سووریا نه‌ده‌كه‌وته ئه‌و دۆخه‌وه. مه‌گه‌ر له‌به‌رچی ٨ ساڵه له سووریا شه‌ڕ هه‌یه. به‌هۆی ئه‌و مامه‌ڵه هه‌ڵانه‌وه‌یه. له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ئێمه ده‌توانین هاریكاری وه‌ڵاتانی ده‌ره‌وه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ سووریا بدۆزنه‌وه و فشار له ڕژێم بكه‌ن. ئایا بۆچوونیان وه‌ك چاو‌دێر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه. واته وه‌ك چاو‌دێر و بونیادنه‌ر ڕۆڵ بگێڕن. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو، وه‌ك گه‌ل، گه‌لانی كورد، عه‌ره‌ب توركمان، سریانی، ئاشووری پێكه‌وه خاكه‌كه‌مان له دژی هه‌موو هێرشه‌كان ده‌پارێزین. پێكه‌وه ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌پارێزین و له دژی هه‌موو جۆره هێرشێك پێكه‌وه به‌رخۆدانێكی مێژوویی ده‌كه‌ین.
ئایە تاکو ئێستا کەس یان وه‌ڵاتێك هه‌یه ئاماده‌یی ده‌ربڕیبێت نێوانگیری ئێوه و ڕژێم بكات؟ ده‌گوترێت میسر ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه، هه‌روه‌ها ڕژێمیش ڕازی بووه كه نێوانگیرێكتان هه‌بێت.
ئێستا چه‌ندین وه‌ڵات هه‌ن کە ده‌توانن ناوبژیوانی بکەن و ئه‌رك و ڕۆڵی جۆراوجۆر بگێڕن. دەربارەی ئەوەی میسر، پێم وایه ڕاگه‌یاندنه‌كان به‌هه‌ڵه لێی تێگه‌یشتبوون. میسر نه‌یگوتبوو ئاماده‌م بۆ ئه‌و كاره، به‌ڵكو گفتوگۆ هه‌بوون له‌گه‌ڵ میسر ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته. نه‌ك ته‌نیا میسر، له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌ڵاتێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. هه‌وڵ ده‌درێت ڕۆڵیان هه‌بێت و فشار له ڕژێم بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ك بێته ئاراوه.
ئەو وه‌ڵاتانە کێن؟
ناوی ئەو وه‌ڵاتانه جارێ با هه‌ر وا بمێنێته‌وه، چونكه ته‌نیا وه‌ڵاتێك نییه، به‌ڵكو چه‌ندین وه‌ڵات هه‌ن كه كاریگه‌رییان له سووریا هه‌یه. هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌رده‌وامن. ئه‌گه‌ر سووریا هه‌نگاوی نا باشه، ئه‌گه‌ر نا ئێمه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین له به‌رخۆدانی خۆمان. ئێمه قه‌ت نه‌مانگوتووه له سووریا جیاده‌بینه‌وه. نامانه‌وێت له سووریا جیابینه‌وه و سووریا پارچه بێت. ئێمه هیچ كات چاره‌سه‌رییه‌كی وه‌هامان نه‌دۆزیوه‌ته كه پشت به هێزه‌جیاوازه‌كان ببه‌ستێت.
«ئێمە پشت بە خۆمان دەبەستین، پشتگیریی ئەنجوومەنه خۆجێیه‌كان دەكه‌ین»
خۆسپاردن به هێزه‌ده‌ره‌كییه‌كان دڵنیاییكه‌ر نییه و چاره‌سه‌ری به‌دوادا نایه‌ت. ئه‌مڕۆ بێت یان هه‌ر كاتێك ئێمه و گه‌لی سووریا پێكه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام هێزه‌ده‌ره‌كییه‌كان دێن و دەڕۆن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كانمان دروست ده‌كه‌ین. بۆ چاره‌سه‌ری پڕۆژه‌مان هه‌ن. ئێمه ده‌مانه‌وێت سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان، له باكووری سووریا و ناوچه‌ڕزگاركراوه‌كان له‌گه‌ڵ لاوانی عه‌ره‌ب و سریان پێكه‌وه ئه‌و ناوچانه‌مان له ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش ڕزگار كرد. ده‌ست له‌مه به‌رناده‌ین، ئێمه پشتگیریی ده‌كه‌ین. خاوه‌نداره‌تییان لێ ده‌كه‌ین و به هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی خۆمانه‌وه پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ین. له‌و هه‌رێمانه‌ی ڕزگاركراون، ئه‌نجومه‌ن دروستكراون، كاتێك ئه‌وان گوتیان ئێمه كاری خۆمان به‌خۆمان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، ئه‌و كاته ئێمه‌ش ده‌ڵێین ته‌واو. ئه‌گه‌ر نا ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئێمه له‌گه‌ڵیان ده‌بین، پشتگرییان ده‌كه‌ین و فه‌رامۆشیان ناكه‌ین. ئێمه پشتگیری هیچ بڕیارێك ناكه‌ین كه ببێته هۆی ده‌ستێوه‌ران له سووریا.
شاندیکی ئێوە چوو بۆ ڕووسیا. گفتوگۆی ئێوە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر چییە؟ داوای چیتان کرد و ڕووسیا چی ده‌ڵێت؟
شانده‌كانی ئێمه نه‌ك ته‌نیا ڕووسیا، چوونه زۆر وه‌ڵات. هه‌ندێك شاندمان هێشتا له ده‌ره‌وه‌ن، هه‌ندێكیشیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه. ڕۆژه‌ڤی ئێمه چۆنیه‌تیی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كه بۆ سووریا. ئێوه‌ش ده‌زانن ڕۆڵی ڕووسیا له سووریا هه‌یه و كاریگه‌ری به‌سه‌ر توركیاشه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها خاوه‌ن قورساییه‌كه له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان. ڕووسیا زیاتر لایه‌نگری توركیایه. ئه‌مه‌ش له داگیركردنی عه‌فریندا ده‌ركه‌وت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تن، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان كار ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیسان ده‌مانه‌وێت هه‌ندێك شت بكه‌ینه ڕۆژه‌ڤی ئه‌وان. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین كاریگه‌ری له‌وان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن له هه‌رێمه‌كه، بێگومان باشتره. دیداره‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه هێشتا به‌رده‌وامن. ئه‌م چاوپێكه‌وتنانه‌مان نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ ڕووسیا، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ زۆر وه‌ڵات به‌رده‌وامن. ئێمه له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر كار ده‌كه‌ین، یه‌كه‌م: هێزه‌كانی ناوخۆمان به هه‌موو ده‌رفه‌ت و ئیماكاناتی خۆیان به‌رخۆدانیان كرد. دووهه‌م: دیپلۆماتی. ئه‌م كاره‌مان له ئاستی چالاكیی دیموكراتیدا له‌پێناو به‌رخۆدانی گه‌له‌كه‌مان هه‌م له ناوخۆی ڕۆژاڤا و هه‌م له ده‌ره‌وه به‌بنه‌ما ده‌گرین. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی دیكه تێبگه‌یه‌نین كه له‌گه‌ڵ ڕژێم چاره‌سه‌رییه‌كمان ده‌وێت. كاتێك ئه‌وه‌مان جێبه‌جێ كرد، ئه‌مه ده‌بێته دڵنیاییه‌ك؛ ئه‌وه‌ش ٢ سوودی هه‌یه: یه‌كه‌م: ڕێگری له هێرشه‌كانی توركیا ده‌كات. دووهه‌م: ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئافرێنراون، ده‌كه‌ونه ژێر دڵنیاییه‌كی پاراستن.
كاتێك ده‌وڵه‌تی تورك هێرشی كرده سه‌ر عه‌فرین، گوترا كه گرووپێكی سه‌ربازانی ڕژێم چوونه‌ته عه‌فرین، ئێستاش ده‌ڵێن چوونه‌ته منبج، ڕژێم ده‌توانێت ڕێگری له هێرشه‌كانی توركیا بكات؟
ئێستا بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌وه نییه كه گرووپێك بێت، به‌ڵكوو بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه بڵێین وه‌رن پێكه‌وه دانیشین و ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین. ئێمه سیسته‌مێكمان هه‌یه، خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌كمان هه‌یه. ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه ڕێككه‌وتنێك بكه‌ین، ئه‌و كاته سنووره‌كان هه‌موو ده‌كه‌ونه ژێر پاراستنی حكوومه‌تی ناوه‌ندی. ئه‌و كاته ناچارن كه سنوور بپارێزن. ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌مه بكرێت، توركیا ناتوانێت هێرش بكات. ئه‌و كاته توركیا نه ده‌توانێت هێرش بكاته سه‌ر ده‌وڵه‌تی سووریا و نه ده‌شتوانێت هێرش بكاته سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئێمه. بابه‌تی عه‌فرین، بابه‌تێكی جیاواز بوو. ئه‌و هێزانه‌ی هاتبوون هێزی فه‌رمیی سه‌ر به ڕژێم نه‌بوون. گرووپه‌كانی به‌رگریی سه‌ر به سوپای ده‌وڵه‌ت بوون.
ئێوه باسی منبجتان كرد؛ هه‌ژمارێكی زۆری هێزه‌كانی ڕژێم نه‌چوونه‌ته منبج. ئه‌وان له ناوچه‌ی ئه‌ریما-ن. ئه‌و ناوچه‌یه سنووری نێوان ئێمه و چه‌ته‌كانی توركیایه. سنووری نێوان گرووپه‌كانی ڕووسیا و ڕژێمه، پێشتریش هه‌ندێكیان هه‌ر له‌وێ بوون. ئه‌وانه‌ی باسیان ده‌كرێت چه‌ند هێزێكی دیكه‌ن كه گوتبوومان وه‌رن له‌و گوندانه جێگیر ببن. هه‌ندێك له‌و هێزانه هاتوون و له‌وێ جێگیر بوون. به‌ڵام ئه‌وه هه‌موو شتێك نییه. ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه پێویسته ڕژێمی ئیمزای بكات، ده‌بێ قبووڵی بكات كه له‌نێو سووریادا ئیداره‌ی خۆسه‌ر هه‌ن، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی باكووری سووریا له لایه‌ن گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ شام-یش هه‌بێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ڕێپیشانده‌رێك بۆ چۆنیه‌تیی ڕێككه‌وتن.
دوای هێرشه‌كانی ڕژێمی به‌عسی عێراق، هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان له باشوور دروست كرد، ئایا هیچ وه‌ڵاتێك پشتگیری له هه‌نگاوێكی وه‌ها ده‌كات بۆ باكووری سووریا و ڕۆژاڤا؟
هه‌ندێك وه‌ڵات هه‌ن كه بتوانن ئه‌م بابه‌ته بیكه‌نه ڕۆژه‌ڤ و گوتویانه ده‌یكه‌نه ڕۆژه‌ڤ. له‌وانه‌یه ببێته ڕۆژه‌ڤی كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا. خه‌باتێك له‌و بواره‌دا هه‌یه. ئایا له چ ئاستێكدا ده‌بێت و چۆن ده‌بێت، له كۆبوونه‌وه و دانوستانه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له وه‌ڵاتانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش مافی ڤیتۆ به‌كاربێنێت، ئه‌مه‌ش سه‌رنا‌گرێت. به‌ڵام لایه‌نی كه‌م له ڕۆژه‌ڤدایه. دوو شت له ڕۆژه‌ڤدان؛ یه‌كه‌م: هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناوبژیوانی بكه‌ن له‌نێوان ئێمه و توركیا و ببنه دڵنیاییكار. توركیا هه‌میشه ئه‌مه ده‌كاته بیانوو و ده‌ڵێت ڕۆژاڤا هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئێمه، ئێمه‌ش گوتمان مادام له ئێمه ده‌ترسن، با هه‌ندێك هێزی نێوده‌وڵه‌تی بێنه سه‌ر سنوور، ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه پێشڕه‌وی ده‌كه‌ین یان ده‌وڵه‌تی تورك. هیچ نیه‌تێكمان نییه بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری توركیا بده‌ین. دووه‌م: دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین. پێویسته ئاسمانی ئه‌م هه‌رێمه به ڕووی فڕۆكه‌كاندا دابخرێت. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان نییه. ئه‌مه له ڕۆژه‌ڤدایه، به‌ڵام دیار نییه ئه‌نجامێكی چۆنی ده‌بێت.
توركیا هه‌میشه ده‌ڵێت مه‌ترسی له‌سه‌ر سنووره‌كانی توركیا هه‌یه، بۆچی ئه‌وه‌نده ده‌ترسن؟
مه‌ترسی پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌یه. پڕۆژه‌ی ئێمه پڕۆژه‌یه‌كی دیموكراتییه. پڕۆژه‌كه‌مان پڕۆژه‌یه‌كه بۆ برایه‌تیی گه‌لان و له دژی شه‌ڕه. پڕۆژه‌كه‌مان ڕێ به چه‌ته‌كانی داعش نادات. پڕۆژه‌كه‌مان ڕێ به نووسره نادات. پڕۆژه‌كه‌مان چاره‌سه‌ریی هه‌موو كێشه‌كانه. پڕۆژه‌ی ئێمه پڕۆژه‌ی ئازادییه. توركیا له‌به‌رئه‌وه‌یه ده‌ترسێت. توركیا چی ده‌وێت؟ هه‌میشه ده‌یه‌وێت گه‌لی هه‌رێمه‌كه له دژی یه‌كتر بوه‌ستێنێته‌وه. عه‌ره‌ب، سریان. كورد...هتد هێرش بكه‌نه سه‌ر یه‌كتر. ئێمه دیموكراتیمان ده‌وێت، ئه‌وانیش كۆیلایه‌تی ده‌سه‌پێنن. ئه‌وان نایانه‌وێت ژن ئازاد بێت، نایانه‌وێت كۆمه‌ڵگه ئازاد بێت، نایانه‌وێت كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بێت، له‌به‌رئه‌وه ئێمه مه‌ترسین له‌سه‌ر ئه‌وان.
له‌م پڕۆسه‌یه‌دا پێویسته ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان چی بێت؟
له باشووری كوردستان هه‌م گه‌ل و هه‌م لایه‌نه‌سیاسییه‌كان و حكوومه‌تیش، پێویسته به‌باشی ده‌وڵه‌تی تورك بناسن و ڕاستییه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ن. پێویسته گه‌لی باشووری كوردستان به‌بیری خۆی بێنێته‌وه كه توركیا له كاتی ڕیفراندۆمدا چی كرد. یه‌كه‌م لایه‌ن توركیا بوو كه له دژی وه‌ستایه‌وه. توركیا نایه‌وێت ده‌ستكه‌وتی كوردان هه‌بێت. پێویسته گه‌لی ئێمه و حكوومه‌ت له باشوور ئه‌م ڕاستییه ببینێت. ده‌وڵه‌تی تورك جه‌رابلووس، باب و عه‌فرینی داگیر كرد، به‌ڵام هه‌تا ئێستا حكوومه‌تی باشوور ده‌نگی لێ نه‌هاتووه. ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌نێو گه‌ل و له لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، كه‌من و به‌س نین. گه‌لی باشووری كوردستان گه‌لێكی ئاشتیخواز و قاره‌مانه. قاره‌مانی گه‌وره له‌نوێ ئه‌و گه‌له‌دا هه‌ڵكه‌توون. بۆچی ئێستا له به‌رانبه‌ر داگیركاری توركیا بێده‌نگن. ئه‌گه‌ر ئه‌م بێده‌نگییه به‌رده‌وام بێت، ته‌نیا ڕۆژاڤا له‌ناوناچێت، به‌ڵكو باشووریش له‌ناوده‌چێت. ئه‌ردۆغان هه‌میشه ده‌ڵێت كه میساقی میللی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. به گوێره‌ی میساقی میللی سنووری توركیا له حه‌له‌ب بگره تا مووسڵ و كه‌ركووك درێژ ده‌بێته‌وه. ده‌یه‌وێت ئه‌و ناوچانه داگیر بكات. له ڕۆژاڤا پێشڕه‌وی بكات، سبه‌ینێ له باشووریش ده‌یكات. پێویسته له دژی ئه‌مه له سه‌رانسه‌ری باشووری كوردستان چالاكی بكرێن و هه‌ستنه سه‌رپێ. هه‌ڵوێستی ڕاشكاوانه بنوێنن.
پلانتان چییه بۆ عه‌فرین؟ له‌پێناو ڕزگاركردنی عه‌فرین چی ده‌كه‌ن؟
تێكۆشانمان هه‌م له ڕووی سه‌ربازی و هه‌م له ڕووی دیپلۆماتییه‌وه به‌رده‌وامه. له عه‌فرین ڕاستییه‌ك هه‌یه؛ دیمۆگرافیای هه‌رێمه‌كه ده‌گۆڕدرێت و كرده‌وه‌ی دژه‌مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وامن. له دژی ئه‌وه دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌ن به‌رده‌وامن. به دۆسیه و به‌ڵگه ئاماده‌كاری زۆر گه‌وره كراون و بۆ زۆر لایه‌ن نێردراون. هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌وه گه‌له‌كه‌مان له عه‌فرین له كانتۆنی شه‌هبا له‌ژێر چادره‌كاندا له هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا به‌رخۆدان ده‌كه‌ن. ئه‌م به‌رخۆدانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆ هه‌موو كه‌س په‌یامێكه. ده‌ڵێن ده‌ست له گوند و شاره‌كانمان به‌رناده‌ین، ڕاسته له‌سه‌ر خاكی خۆیان ده‌ركراون، به‌ڵام له ته‌نیشت شاره‌كه‌ی خۆیان ده‌بن و له هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا به‌رخۆدان ده‌كه‌ن. ده‌ڵێن؛ «ناڕۆم تا شاره‌كه‌م ڕزگار نه‌كه‌م». له ڕووی دیكه‌شه‌وه به‌رخۆدانی سه‌رده‌م-ی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه به‌رده‌وامه. شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه به قاره‌مانه‌تیی به‌رده‌وامن له به‌رخۆدانه‌كه‌یان، سڵاویان لێ ده‌كه‌م. ئه‌م به‌رخۆدانه هه‌تا ڕزگاركردنی عه‌فرین به‌رده‌وام ده‌بێت.
s.m