ئیهادە: ژیانی دەمیرتاش لە مەترسیدایە

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD)، لەبارەی ژیانی سەلاحەدین دەمیرتاشەوە هۆشداریدا و ئاشکرای کرد کە ژیانی دەمیرتاش لە مەترسیدایە.

لێژنەی زیندانییەکانی ناوەندی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) و لقەکەی لە ئەستەنبۆڵ بە ئامانجی ئەوەی تیشک بخەنە سەر دۆخی تەندروستی هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە بینای کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) لە ئەستەنبۆڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان رێکخست. لە هۆڵی کۆبوونەوەکە نووسراوی 'با سەلاحەدین دەمیرتاش و زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن' هەڵواسرابوو. زەینەب جەرەن بۆزتۆبراک کە یەکێکە لە پارێزەرانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) راگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

بۆزتۆپراک رایگەیاند کە رۆژبەرۆژ هەلومەرجی قورس لە بواری پێشێلکردنی ماف و ئازادی ئەوان قورستر دەبێت و لەبەر ئەوەش دۆخی تەندروستی زینتدانییەکان باش نابێت و وتی: "بەهۆی دۆخی گرتووخانەکان لە ماویەکی کورتدا زیندانییەکان نەخۆش دەکەون و دۆخی تەندروستیان خراپ دەبێت. ئێستا لە گرتووخانەکان هەزاران زیندانیی نەخۆش لە لێواری مەرگدان".

'ژیانی دەمیرتاش لە مەترسیدایە'

بۆزتۆپراک ئاماژەی بەوەش کرد بەپێی راپۆرتەکانی ٢٠١٩ی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهادە - ÎHD) ٤٥٧ زیندانیی نەخۆش هەن کە ٣٣٤ زیندانی رۆژ بەرۆژ دۆخیان بەرەو خراپتر دەچێت. بۆزتۆپراک ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش نەخۆش کەوتووە و دوای چوار رۆژ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. بۆزتۆپراک ئاماژەی بەوەش کرد کە ژیانی دەمیرتاش لەژێر مەترسی دایە و وتی: "پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت چونکە ژیانی لەژێر مەترسیدایە. بانگەوازی بۆ وەزارەتی داد و بەرپرسیاران دەکەین کە دۆخەکە پێشێل نەکەن. ئەگەر شتێک بەسەر دەمیرتاش و زیندانییەکانی دیکە بێت، بەرپرسانی دەوڵەت و وەزارەتی داد بەرپرسیارن".

ز.ش