ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ژنانی هەدەپە بڵاو کرایەوە

ئەنجامنامەی سێهەمین کۆنفرانسی ئاسایی ژنانی هەدەپە بڵاو کرایەوە. کردنەوەی ئەکادیمیای سیاسەتی ژنان یەکێکە لە ئامانجەکانی ژنانی هەدەپە.

کۆنفرانسی ژنانی هەدەپە لە ١٨ و ١٩ی کانونی دووهەم بە بەشداری ٣٠٠ ئەندام لە ئەنکەرە بەڕێوە چوو.

دوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکە، ئەنجامنامەی کۆتایی بە لێدوانێک بڵاو کرایەوە و تێیدا راگەیێنرا کە ئەو رووداوە نائاساییانەی لە ناوچەکەو و لە وڵات روودەدەن و تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسیی گەلان و بە تایبەت ژنان، کۆنفرانسەکەی گرنگتر و واتادارتر کرد.

لە لێدوانەکەدا باس لەوە کرا کە کۆنفڕانسەکە بە جۆش و خروش و بە بڕیاردانی تێکۆشان بۆ یەکدەنگی ژنان، کۆتایی پێهات.

هاوکات لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی شۆڕشگێرانی کورد کە لە پاریس و سلۆپی کۆمەڵکوژ کران، لە ئەنجامنامەکەدا لە کەسایەتی فیگەن یوکسەک داغ، سەباحەت توندجەل و گولتان گشاناک، هەموو هەڵبژێردراوە گیراوەکان بەبیر هێنرانەوە.

لە ئەنجامنامەکەدا هەروەها تیشک خرایە سەر خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنان لە رۆژئاواوە بگرە تا چیلی و لە هندستانەوە تا ئیران و سوودان، لە دژی برسیبوون، نەداری، بێکاری، توندوتیژی، دەستدرێژی و تاڵانی ژینگەیی و باس لەوەش کرا کە، لە دژی ئەم هێرشانە، ئەوان دەڵێن، ژن بە واتای ژیان دێت و بەم شێوە بەردەوام کرا:" ئێمە پارچەیەکین لە تێکۆشان و پاراستنی ژنانی ئازاد و دیمۆکراتیک و بۆ بەرفراوانکردنی تێکۆشانی هاوبەش، رێگای دروستکردنی تۆڕی نێودەوڵەتی ژنان دەگرینە بەر."

ئەکادیمیاکانی ژنان و هێزی خۆپاراستن

لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوەش کرا:" ناوچەکە و وڵاتمان لە ناو گەمارویەکی شەڕانگیز دایە. کۆنفرانسەکەمان ئەوەی سەلماند کە زلهێزەکان و دیکتاتورەکانی هەرێمەکە کە بە دوای دەسەڵاتەوەن، جگە لە فشار، زوڵم، توندوتیژی، کۆمەڵکوژی، پیاوسالاری و شەڕ شتێکی دیکەیان پێشکێش بە ژنان نەکردووە. تەنها بەدیلێک کە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەویش مۆدێلی رۆژئاوایە کە چەتەگەرایی داعش و هێزە ئیمپەریالەکانی هەرێمەکەیان لەناو برد و بە شۆڕشی ژنان، دەستوری ژنان، ئەنجومەنی ژنان، ئەکادیمیاکانی ژنان و هێزەکانی خۆپاراستنی ژنان، کۆمەڵگای سەردەستی پیاوانی سەراوژێر."

توندوتیژی رەگەزی و دەستدرێژی

لە ئەنجامنامەکەدا راگەیێنرا کە لە گەل توندوتیژی پیاوان لە کوردستان، بە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت هێرش دەکرێتە سەر ژنان و دەشلێت:"لە مێردین، چەولک و دێرسم بە هاندانی دەوڵەت، رووداوەکانی دەستدرێژی، توندوتیژی رەگەزی بەکار دەهێنرێن و ئەمەش سیاسەتی شەڕی تایبەتە. بەم سیاسەتە هەوڵ دەدەن، ژیانی ژنانی کورد بەرتەسک بکەنەوە و بە مۆدێلی قەیومەکان تۆڕی پشتیوانی ژنان لە ناوبەرن و هاوسەرۆکایەتی و مافی نوێنەرایەتیکردنمان لێ زەوت بکەن. مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی هێڵی سوورمانە کە ئەم سیستمەمان لە ناو هەموو رێکخراوەکانی پارتەکەمان جێگیر کردووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەو پەیمانەمان کە 'پارتی ژنان' تەنانەت هەنگاوێکیش بۆ دواوە نانێت."

گۆشەگیرکردنی ئوجالان

لە بەردەوامی ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی عبدولا ئوجالان رێبەری گەلی کورد ٢١ ساڵە بە بەردەوامی لە ناو گۆشەگیریدایە و وترا، لەگەڵ ئەوەی گۆشەگیرییەکە بە خۆڕاگریی مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگیی لەیلا گوڤەن کۆتایی پێهێنرا، بەڵام بە پەیمانی شەڕی فاشیزم سەر لە نوێ هاتە ئاراوە.

لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوەش کرا کە، ئەو تێکۆشانەی دژی گۆشەگیری، وەکو بەشێکی دانەبڕاوی تێکۆشانی دژی سیاسەتەکانی توندوتیژی، تاکڕەوی، نەژادپەرەستی و رەگەزپەرەستی دەبینن و تێکبردنی گۆشەگیریشیان وەکو ئامانجێک گۆتووەتە بەر.

ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ژنان دەبێت بە ساڵی سەرکەوتن

لە ئەنجامنامەکەدا هەوەها وترا:"ئێمە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبین، دەبین بە یەک، بە تایبەت لە تورکیا و کوردستان و بە گشتی لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، ئامانجەکەمان بۆ دروستکردنی تۆڕی نێودەوڵەتی ژنان، بەردەوام دەبێت. ئێمە جارێکی دیکە سوربوونی خۆمان لەم چوارچێوەیەدا دووپات دەکەینەوە. ساڵی ٢٠١٩ ساڵی خۆڕاگری بوو، ٢٠٢٠یش دەبێت بە ساڵی سەرکەوتن بۆمان."

چەند بڕیارێک کە لە کۆنفرانسەکەدا دران بریتین لە؛

"تێکۆشانمان لە دژی دەوڵەت و تاکڕەوی پیاوان، بەرفراوانتر دەکەین.

لە دژی سیاسەتی داگیرکەری و قەیومەکان تێکۆشانی پاراستنی دەستکەوتەکان بەرفراوانتر دەبێت.

ناوەندی بیر و ئەکادیمیای سیاسەتی ژنان دروست دەکرێت.

تۆڕی پشتیوانی ژنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بکرێت.

تێکۆشانی دژی گۆشەگیری بە بڕیارەوە بەڕێوە بچێت.

راگەیاندنی کەمپین بۆ ئازادکردنی ژنانی زیندانیکرداو.

دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ ژنان.

لە دژی نەداریی ژنان، پەیرەوکردنی سیاسەتێکی تایبەت و دیاریکردنی چارەسەری بۆ ئەو پرسە.

بەرفراوانکردنی تێکۆشانی پاراستنی ژینگە.

بەهێزکردنی پشتیوانیکردن لە ژنانی ئاوارە و دەربەدەر.

لە دژی تاکڕەوی پیاوان، پێوانەکانی ژنان کاریگەرتر بکرێت.

دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنان."

ز.ش