ئەنجو: ئێمە بەهۆی ناسنامەکەمانەوە (کوردبوونمانەوە) کوژراین

فەرهاد ئەنجو بە بۆنەى ساڵیادى کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکییەوە نامەیەکى لە زیندانەوە نووسیوە و تیایدا هاتووە "ئێمە بەرپرسیارانى ئەو کۆمەڵکوژییە دەناسین. ئێمە تەنها بەهۆی هەژاریمانەوە نەکوژراین، بەڵکو بەهۆی ناسنامەکەمان (کوردبوونمان)ەوە کوژراین".

فەرهاد ئەنجو خەڵکى رۆبۆسکی و پەرلەمانتاری پێشووی شرنەخ لە زیندانى جۆری ئێفی کاندرییەوە بە بۆنەى ٧هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی-یەوە نامەیەکى نووسیوە و لە نامەکەدا هاتووە، کۆمەڵکوژیى رۆبۆسکی پەڵەیەکى رەشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

ئەنجو رایگەیاندووە، سەرباری تێپەڕینى ئەو هەموو سالە، بەڵام هێشتا لێپرسینەوە لە بکەرانى کۆمەڵکوژییەکە نەکراوە، بەپێچەوانەوە ئەو بنەماڵانە، کە تێکۆشانیان بۆ دادپەروەری دەکەن لەلایەن دەوڵەتەوە سزا دەدرێن.

راشیگەیاند "بە بڕیاری عەقڵیەتێکى سیاسی، کە ویژدانى تیادا فڕێدراوەتە دەرەوە و بەو میکانیزمانەى دادگا، کە کەوتووەتە ژێر نیری ئەو عەقڵیەتە سیاسییەوە کار بۆ پەردەپۆشکردنى ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن، کە برینێکى گەورە و ساڕێژنەبووە لە ویژدانى مرۆڤایەتیدا و بە بەردەوامى خوێنى لێدەچۆڕێت. مێژوو ئەو ناهەقییە لە بیر ناکات. ئەوە لە یاد ناکرێت و درەنگ یان زوو لێپرسینەوە لەو بێویژدانییە دەکرێت".

ئێمە بەهۆی ناسنامەکەمانەوە (کوردبوونمانەوە) کوژراین

ئەنجو لە نامەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە "ئێمە بەرپرسیارانى ئەو کۆمەڵکوژییە دەناسین. ئێمە تەنها بەهۆی هەژاریمانەوە نەکوژراین، بەڵکو بەهۆی ناسنامەکەمانەوە و بەهۆی ئینتمامانەوە کوژراین و بە داخەوە هێشتا کۆمەڵکوژیش بەردەوامیى هەیە".

دەبێت بەبێ ترس راستییەکان بڵێین

ئەنجوو ئاماژەى بەوەشکردووە "مرۆڤ ناتوانێت بە تانک و تۆپ و بە ئێف ١٦ راستییەکان بشارێتەوە. هیچ چارەیەک نییە جگە لەوەى کە ئەوە ببینرێت و بسەلمێنرێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەوا ئازارەکان گەورەتر دەبن. بۆ ئەوەى جارێکیتر ئێمە ئازارێکى لەو جۆرە نەکێشینەوە، دەبێت ئێمە ئیرادە و ورەی تێکۆشان و ورەی خۆمان بخەینەڕوو. دەبێت خۆڵەمێشى مردن، کە ٣ ساڵە کردوومانە بەسەر خۆماندا لەسەر خۆمانى لاببەین. دەبیت زۆر باشتر و زیاتر باس لە حقیقەت و داد بکەین".

ئەنجوو ئەوەشى خستووەتەڕوو "چەندین کۆمەڵکوژیى هاوشێوەى رۆبۆسکی و رووداوەکانى تری کوشتن لە ئەنقەرە ون کراون. دەسەڵاتى ئاکەپە بەرپرسیارێتیى سەر شانی خۆی قبوڵ ناکات و دەیەوێت بە شێواندن و پێچەوانەکردنەوەى راستییەکان ئەو راستییە پەردەپۆش بکات. تێکۆشان لە دژی ئەو عەقڵییەتە بۆگەنە بەرپرسیارێتییەکى ویژدانییە. من داوا لە هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان دەکەم، کە ئەو بەرپرسیارێتییەی خۆیان بەجێبهێنن. بۆ ئەوەى لە رێگەى ماف و یاساوە راستیى ئەو رۆبۆسکییانەى کە کوژراون ئاشکرا بکەن، داوا لە هەموو پارێزەرە راستەقینە هەقبێژەکان و مافناسان دەکەم کە بۆ رۆبۆسکی بێنە دەنگ".

ر.م