باری تەندروستیى ناسر یاگزی مانگرتوو رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت

باری تەندروستیى ناسر یاگز رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. یاگز لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٥٦ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە لە شاری هەولێری باشووری کوردستان.

چالاکییەکانى مانگرتن بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامییان هەیە. لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتارى جۆلەمێرگی هەدەپە لە زیندانى ئامەد نزیکەى ٧٠ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە. لە ئەوروپا و زیندانەکانى تورکیاشدا چالاکییەکانى مانگرتن بەردەوامییان هەیە.

لە نوێنەرایەتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە شاری هەولێر لە باشووری کوردستان، ناسر یاگز ماوەى ٥٦ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

باری تەندروستیى یاگز رۆژ لە دواى رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات. دۆخی تەندروستیى یاگز گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئیتر ناتوانێت شلەمەنیش بخوات و تاوەکو دەچێت باری تەندروستیى بەرەو خراپی دەڕوات.

چالاکوانە هاوڕێکانى رایانگەیاند، بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە، سەردانکردنەکانیان بۆ لاى یاگز سنووردار کردووە و تەنها لە چەند کاتێکى دیاریکراودا و بەپێ دۆخی تەندروستیى یاگز سەردان کردن ئەنجام دەدرێت. دوێنێ ئەنجوومەنى گەلی مەخمور چوون بۆ سەردانى یاگز.

"تاوەکو گۆشەگیری تێکنەشکێت چالاکییەکە بەردەوامیى دەبێت"

دوێنێ لە کاتى وەرگرتنى زنجیرە مانگرتنى دەوری لە دەستەى ٢٧هەمین و دەستکردن بە مانگرتن لەلایەن دەستەى ٢٨هەمینى مانگرتوانەوە، یاگز رایگەیاند،  تاوەکو گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایى پێنەیەت لە چالاکییەکەى بەردەوام دەبێت.

یاگز راشیگەیاند "دەبێت بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیری هەوڵی زیاتر بدرێت، چونکە زیاتر لە ٣ ساڵە گۆشەگیرییەکى چڕ و قورس بەسەر ئۆجالان دا سەپێنراوە".

یاگز کە رۆژ لە دواى رۆژ باری تەندروستیى بەرەو خراپبوون دەڕوات ئەوەشی وت "چى دەبێت با ببێت، من چالاکییەکەم درێژە پێدەدەم. دەبێت بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستیى رێبەرایەتى جوڵەى زیاتر بکرێت. دەبێت پەرلەمانتارانى زیندانیکراوى هەدەپە لە زیندانەکانى تورکیا ئازاد بکرێن".

ر.م