باشور: لە دژی داگیرکاری تورکیا گەل بەرەو قەندیل بەڕێ دەکەوێ

چین و توێژەکانی باشوری کوردستان، لە دژی داگیرکاری سوپای تورکیا بەرەو قەندیل بەڕێدەکەون و قەڵغانی زیندوو پێکدەهێنن.

بەگوێرەی زانیاری بەدەستخراو لە کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزەوە، ڕۆژی هەینی ٨ی مانگی حوزەیران، لە شار و ناوچەکانی باشوری کوردستانەوە، چین و توێژەکانی گەل بۆ وەستانەوە لە دژی داگیرکاری تورکیا و بەجێکردنی هێزەکانی سوپای ئەو ڕژێمە لە باشور، لە کاتژمێر ٨ی بەیانی بەماشین بەرەو ڕانیە بەڕێ دەکەون. پاشان هەمووان لە ڕانیەوە یەکدەگرنەوە ولەوێوە ڕوو قەندیل دەکەن.


لە قەندیل، لە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆدا، بە دەستپێشخەری گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی "سەرهڵدە و داگیرکاری لە ناوببە" ڕێپێوانئەنجام دەدرێت و داگیرکاری تورکیا و بێدەنگی حکومەت و پارلەمان و پارتەکانی باشوری کوردستان ڕسوا دەکرێت. هاوکات نزیکەی ۲۰۰ لە گەنجان و بەشدارانی ڕێپێوانەکە لە دژی داگیرکاریەکە قەڵغانی زیندوو پێکدەهێنن و لە قەندیل دەمێننەوە.

ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە بانگەوازی لە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دەکەن، " تا هەمووان بەشداری ڕێپێوانەکە بن، چونکە بەشداربوون تێیدا ئەرکی سەرشان و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نەتەوەیی و نیشتمانییە".

هـ.هـ