بانگەوازی پەرلەمانتارانى هەدەپە بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن

پەرلەمانتارانی هەدەپەی شاری وان موراد ساریساچ  و موعەزەز ئۆرهان بانگەوازیان لە گەل کرد، کە بەهێزێکی مەزنەوە خاوەنداری  لە چالاکیی مانگرتنی لەیلا گیوڤەن بکەن، کە ماوەی ٥٧ رۆژە بەردەوامە.

هاوسەرۆکی گشتیی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری جۆلەمێرگ لەیلا گیوڤەن، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ماوەی ٥٧ رۆژە دەستی بە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی بێسنوور کردووە.

 پەرلەمانتارانی هەدەپەی شاری وان موراد ساریساچ و موعەزەز ئۆرهان بەرخودانی لەیلا گیوڤەن و سیاسەتی شەڕانگێزیی حکومەتی ئاکەپە-یان بۆ ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF) نرخاند.

ساریساچ و ئۆرهان رایانگەیاند، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەربەستێکە لەسەر داهاتووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. راشیانگەیاند، ڕێگەچارەی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی لە ئیمراڵییە.

پەرلەمانتار ئۆرهان سەرنجی راکێشایە سەر مافی گەلان بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسی و وتی، پەسەندنەکردنی ئەو مافە ڕێگە لە بەردەم ڕاپەڕین و کۆمەڵکوژی دەکاتەوە. وتیشی، "گەلی کورد گەلێکی دێرینی ئەم خاکەیە. لە دژی ئەو سیاسەتەیە، کە نکوڵی لە مێژوو، زمان و چاند و کولتووریان دەکات و لە ناوی دەبات. بۆ ئەوەش ماوەی ٤٠ ساڵە تێدەکۆشێت. بەڕێز ئۆجالان چەندین جار دەستپێشخەریى بۆ ئاشتی کردووە و ڕێگەی لە کوشتنی مرۆڤەکان گرتووە، بەڵام دەوڵەت کە هەرگیز دەستبەرداری سیاسەتى ئینکارکردن و لە ناوبردن نەبوو، بۆیە هەموو جارێک شتێکی کردووە بە بیانوو و پرۆسەکەی تێکداوە".

موعەزەز ئۆرهان رایگەیاند، ئاکەپە لە ٧ی حوزەیران دا ئەوەی بینی دەسەڵات لە دەست دەدات،  لەبەر ئەوە دەستی بە شەڕ کرد. راشیگەیاند "ئاکەپە ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچەی پشتگوێ خست، ئەنجامی هەڵبژاردنی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی ڕژێمێکی دیکتاتۆریی تاکەکەسی بچەسپێنێت. لە دژی هەموو ئۆپۆزسیۆن دەستی بە شەڕ کرد و پەیوەندیشی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بڕی".

گەل خاوەنداری لە داواکارییەکانی لەیلا گیوڤەن دەکات

ئۆرهان سەرنجی راکێشایە سەر قەیرانی ئابووری و سیاسی لە تورکیا و رایگەیاند، لەیلا گیوڤەن ماوەی ٥٧ رۆژە بەردەوامە لە چالاکیی مانگرتن لە خواردن، ڕێگەی دەرباز بوون لەم قەیرانە خستووەتەڕوو و وتی "ئەم چالاکییەی بەڕێز لەیلا گیوڤەن لە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالانە. گۆشەگیری لە دژی پێشەڕۆژی گەلانی تورکیایە، لە دژی ئاشتی، یەکێتى، دیموکراسی و دادپەروەرییە. گۆشەگیرکردنی ئیرادەی گەلانە... مانگرتن لە دواى ٥٥ رۆژ دەچێتە دۆخێکى مەترسیدار و کێشەی قورس و هەمیشەیى تەندروستیی لێدەکەوێتەوە. ئەو بێدەنگی و خەمساردییەی دەسەڵاتداران مایەی پەسەندکردن نییە. ئەمە بە واتای سووربوونە لە سەر شەڕ و چارەسەرنەکردنی کێشەکان. دەبێت لایەنگرانی دیموکراسی، ئاشتی و یەکسانی گوێ لەم دەنگە بگرن. خاوەنداریکردن لەم دەنگە، خاوەندارییە لە ئاشتی، لە ژیانێکی ئازاد و پڕشکۆ و یەکسان. گەلەکەشمان خاوەنداریی لە داخوازییەکانی بەڕێز لەیلا گیوڤەن کردووە".

دەتوانین بە بەرخودان گۆشەگیری هەڵگرین

پەرلەمانتاری هەدەپەی وان موراد ساریساچ چالاکیی مانگرتن لە خواردنی بێسنووری لەیلا گیوڤەنی بە بیرهێنایەوە و وتی "ئەم  چالاکییەی بەڕێز گیوڤەن هاوارێکی راپەڕینە. هەرچەندە ئەو دەنگە رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و زیاتر لە بە کۆمەڵگەدا دەنگ دەداتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست. دەبێت گەلی کورد بە گشتی لە دژی ئەو سیستمە تێبکۆشن، کە کوردان و ئیرادەی کوردان قبوڵ ناکات. بۆ ئەوەش بەخودانێکی مەزن و بە هێز پێویستە. لە دەستووری بنەڕەتیی سالی ١٩٨٢ی تورکیادا کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی بە نەبوو دانراوە، بەڵام دەسەڵاتی ئێستا، حکومەتی ئاکەپە بە بڕیارەکانی دەستووری بنەڕەتیى ساڵی ١٩٨٢ی تێپەڕاندووە".

ساریساچ ئەوەی بە بیر هێنایەوە، ئەو سزایە کە ئێستا بەسەر پەرلەمانتار لەیلا گیوڤەن دا جێەجێ دەکرێت هێشتا لەلایەن دادگاوە بڕیاری لێنەدراوە و ئەو سزایە یەکلایى نەبووەتەوە و وتی "نموونەی ئەنیس بەربەر ئۆغلۆ-مان لە بەرچاوە. لە دژی کوردان یاسایەکى تر و جیاوازتر  بەڕێوەدەبەن. کورد و سزا پێکەوە بە یەک مانا بەکاردەهێنرێن. ئەوەش سیاسەتی حکومەتە، بۆیە مەگەر فاشیزم تەنها بە بەرخودانی گەل تێکبشکێنرێت. ئێستا پشتگیرییەکی بەهێز لە چالاکیی مانگرتن لە خورادنی لەیلا گیوڤەن دەکرێت و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی پاشەکشە بە فاشیزم بکرێت. ئێستا ٩٠ کەس لە چالاکیی مانگرتنی بێسنووردان و رەنگە ئەم ژمارەیە بەرەو زیاتر بچێت. لە راستیدا دەبێت کۆمەڵگە زیاتر خاوەنداری لە داخوازییەکانی بەڕێز لەیلا گیوڤەن بکات تاوەکو پرۆسەکە و چالاکییەکە سەربکەوێت. ئەگەر داوای ئاشتییەکی هەمیشەى و کۆمەڵایەتى دەکرێت، دەبێت گۆشەگیریی سەر ئۆجالان کۆتایی پێ بێت، ئاشتی بەم جۆرە بەدی دێت".

ر.م