بایک: کەس ناتوانێت کورد بە نەبوو بزانێت

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، هێزێک لەگەڵ کورد دا رێکنەکەوێت ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەربکەوێت. راشیگەیاند "چ لەگەڵ یان چ لە دژ، سیاسەت بە بێ کورد نابێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەشی دووەەمی بەرنامەى تایبەتى کەناڵی ئاسمانیى میدیا هەبەر دا شیکاریى بۆ دۆخی ئێستا و داهاتووی سوریا، رۆڵی ئێران لە ناوچەکە، کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و ساڵی ٢٠١٩ی بۆ کوردان کرد.

بایک رایگەیاند، سوریا تاوەکو دیموکراتیک نەبێت ناتوانێت هەستێتەوە سەر پێ و لەبارەى دەستووری بنەڕەتییەوە کە بڕیارە بۆ سوریا ئامادە بکرێت وتى "کێشەکە مان و نەمانى رژێمى ئەسەد نییە. کێشەکە بونیاتنان و دروستکردنى سوریایە لەسەر بنەمای دیموکراتیک، چونکە ئیتر سوریا وەک پێشتر نابێت".

بایک رایگەیاند، ئەگەر دەستووری بنەڕەتى نەنووسرێتەوە و لە دەستووری بنەڕەتیدا گەل و هەموو کولتورەکانی سوریا جێگایان نەکرێتەوە و دەرفەت نەدرێک کە بەشێوەیەکى ئازاد خۆیان بەرێکخستن بکەن، ئەو کاتە قورس دەبێت کە یەکپارچەى سوریا بپارێزێت و سوریا سەرلەنوێ بکەوێتەوە سەر پێ، چونکە هەر ئێستا سوریا هەڵوەشاوەتەوە.

تورکیا هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیى سوریا

بایک ئەوەشی رایگەیاند، نزیکایەتیى سوریا هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیى سوریا و ئاماژەى بە رۆڵی هێزەکانى تر کرد و راشیگەیاند، هێزەکانى ئەو هاوپەیمانییە لە سوریا کە رووسیای تیادایە لە رووی سیاسی و دیپلۆماتیک و سەربازییەوە بەهێز بووە، بەلام ئەگەر لەسەر بنەمای دیموکراتیک سوریا بونیاتنەنرێتەوە، ئەوا ئەو بەهێزبوونە هیچ مانایەکى نابێت.

ئەوەشى خستەڕوو "ئەوە نابێتە هۆی دروستکردنی سوریایەکى ئارام. ئەگەری ئەوە دەبێت شەڕ لە سوریا بە شێوازى جۆراجۆر بەڕێوەبچێت. ئەوە دیسانەوە زیانى بۆ سوریا دەبێت و ئەگەری ئەوەی هەیە سوریا پارچە بکات. نزیکایەتیى تورکیا هەڕەشەیە لە یەکێتی و یەکپارچەیى سوریا".

ئاماژەى بەوەشکرد "تورکیا دەیەوێت سوریا بە تەواوی بەپێى خواستی دڵی خۆی بونیات بنرێتەوە، یان پارچەى بکات. نزیکایەتیى تورکیا ئەو راستییەی بە روونی خستووەتەڕوو. لەو بڕوایەدام سوریا، رووسیا و ئیرانیش ئاگاداری ئەوە بن، بۆیە روونە، کە لە دژی داگیرکەریى تورکیا هەڵوێستیان دەبێت، چونکە تورکیا بچێتە هەر شوێنێک لێى دەرناچێت. یانی ئەو هێزانە ئاگاداری ئەوەن. ئەگەر رێ لە تورکیا نەگرن زۆر شت لە دەست دەدەن".

بایک ئەوەشی وت "سوریا، رووسیا و ئێران دەڵێن، هەوڵیان بۆ ئەوەیە یەکپارچەیى سوریا بپارێزن و بۆ ئەوەش شەڕ دەکەن. یەکپارچەیش بە خوڵقاندنی سیستمێکى دیموکراتیک بەدی دێت. بۆ ئەوەش رەنگە مافی سروشتیى هەموو گەلانى سوریا لە دەستووری بنەڕەتیدا پەسەند بکەن. ئەوە بە رێککەوتن لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکاندا دەبێت. بەڵام وەکیتر ناتوانن رێ لە مەترسییەکان بگرن".

سیاسەتەکانى ئەمریکا لە دژی ئیران زۆر سەرکەوتوو نەبوون

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وتیشی، یەکێک لە ئاکتۆرە گرنگەکانی هەرێمەکە ئێرانە. لە نێوان تورکیا و ئێراندا چەندین کێشەى مێژوویى روویانداوە. ئەگەری ئەوە هەیە لەسەر هەندێک بابەت لەگەڵ یەک کۆببنەوە، بەڵام ئەو بابەتانەى کە لەسەری رێکدەکەون زۆر کەمن.

بایک ئەوەشی وت "ئەو دوو هێزە (ئێران و تورکیا)، هەر دوکیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بە دواى دروستکردنى هەژمونی خۆیانەوەن. لەو ململانییەدا وا دیارە ئێران تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووە. تورکیاش دەیەوێت پشتبەستوو بە ناتۆ و هاوپەیمانى لەگەڵ ئەمریکا هەنگاوێک بنێت. دەیەوێت ئێران لاواز و تەنگاو بکات. لەو بڕوایەدام ئێرانیش ئەوە دەزانێت. لەو بڕوایەدا نیم ئێران بە ئاسانی رێگا بە تورکیا بدات، کە هەندێک ناوچەى تر لە سوریا بخاتە ژێردەستى خۆی، چونکە ئەوە لە دژی ئێران دەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری کشانەوەى سەربازانى ئەمریکا لە سوریا دەستکەوتێکى گەورەى خستە دەستى ئێرانەوە. سیاسەتەکانى ئەمریکا لە دژی ئیران زۆر سەرکەوتوو نەبوون. هەم لە سوریا و هەم لە عێراق و هەمیش لە ناوخۆی ئێران سەرکەوتوو نەبوو. یانی ئێران زیاتر سەرکەوتوو دیارە. بۆیە رێى تێناچێت ئێران دۆخی سەرکەوتنى خۆی بخاتە مەترسییەوە، چونکە ئەوەى ئەو دۆخە بۆ ئێران بخاتە مەترسییەوە تورکیایە. بە کشانەوەى ئەمریکا، تورکیا دەیەوێت شوێنەکەى بگرێتەوە. تورکیا دەیەوێت لەگەڵ قاعیدە و ئیخوان دا شوێنەکەى ئەمریکا پڕ بکاتەوە. دۆخێکى لەو شێوەیە نەک تەنها لە دژی سوریا دەبێت، بەڵکو لە دژی رووسیا و ئێرانیش دەبێت. بڕوا ناکەم ئێران ئەوە بە ئاسانی قبوڵ بکات".

کورد زیندووترین دینامیکە

بایک باسی ئەوەشیکرد "سیاسەتەکانى ئێران لە دژی کورد لە سیاسەتەکانى تورکیا کەمتر نییە. مل بە چارەسەری کێشەى کورد نادات. تورکیا هەوڵ دەدات ئێران بکاتە هاوبەشی خۆی، بەڵام ئەو قۆناغەى ئێستا رێگا بەوە نادات. یانى لە سیاسەتەکانى ئێراندا لەبارەى کوردەوە نزیکایەتیى جیاوازیش هەیە. بە تەواوی وەک تورکیا نزیک نابێتەوە. رەنگە هێشتا ئامادە نەبێت، کە مل بە چارەسەریی کێشەى کورد بدات، بەڵام ئێران ئەوەش دەڵێت، تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەکرێت شانسی سەرکەوتنیشی نابێت. هەروەها ئێران دەڵێت، کورد زیندوترین دینامیکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. کورد ئیتر نایەوێت وەک پێشتر بمێننەوە. کورد بڕیاری خۆی لەسەر ئازادی داوە و ئامادەن لەو پێناوەدا هەموو باجێک بدەن. ئیتر ئەوە دەبینن. یانى نابێت وەک پێشتر لە کورد نزیک بێتەوە. دەبێت هەندێک لە سیاسەتەکانى لەبارەی کوردەوە بگۆڕێت. لەو بڕوایەدام لە ناوخۆیاندا قسە لەسەر ئەوە دەکەن. رەنگە هەندێک بڕیاریان نەدابێت، بەڵام دۆخەکە و ئەو روودانەی روو دەدەن ئەگەری ئەوەى هەیە ئەوان بەرەو بڕیارێک ببات. ئاشکرایە ئەوانەى دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سیاسەتى سەرکەوتوانە بەڕێوەببەن دەبێت کورد ببینن. هەر هێزێک کە لەگەڵ کورد رێکنەکەوێت، قورسە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سیاسەت بکات و ئەنجامیش بە دەست بهێنێت".

لە رەقاوە شانبەشانی یەک دەجوڵێنەوە

بایک وتی "چ لە دژ بێت یان لەگەڵ بێت، بەبێ کورد سیاسەت نابێت. هەموو کەس لەسەر کورد سیاسەت دەکات. ئێرانیش ئەو راستییە دەبینێت. بێگومان ئەگەر وەک پێشتر نزیک بێتەوە ئەوا ئێران زەرەری لێدەکات. لەو کاتەدا هاوپەیمانیى دژ بە ئێران سەردەکەوێت. ئەگەر ئێران نایەوێت هاوپەیمانى لە دژی ئێران سەربکەوێت، دەبێت راست لە کێشەی کورد نزیک بێتەوە. بۆ چارەسەرکردنى کێشەىت کورد هەنگاو بنێت. ئەگەر هەنگاو بنێت ئەوا هەموو سیاسەتەکانى دژ بە خۆی پووچ دەکاتەوە و هەمیش لە سیاسەتى خۆی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ئەنجامى گرنگ بە دەست دەهێنێت".

بایک وتیشی "ئەمریکا لە ٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ١٤ی گەڵاڕێزان بڕیارێکى لە دژی ئێران دەرکرد. ئەمریکا ئەو بڕیارەی بە تەنها خۆی نەیداوە. هەندێک هاوپەیمانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە، کە پشتى پێبەستوون. ئەو بڕیارەى بەو شێوەیە داوە. هەوڵ دەدەن پێکەوە گوشار و گەمارۆی سەر ئێران چڕ بکەنەوە. ئەمریکا دەیەوێت تورکیاش بەشداری ئەوە بێت، چونکە ئەگەر تورکیا بەشدار نەکات ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەمریکا بۆ ئەوەى تورکیا بەشدار بکا لە ٦ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨دا لە دژی بەڕێوەبەریى بزووتنەوەکەمان بڕیارێکى دەرکرد. بڕیارێکى بێویژدانانە بوو. دواتریش بە تەواوی دەرگای بۆ تورکیا خستە سەر پشت تاوەکو هێرش بکاتە سەر رۆژئاوا و باکووری سوریا. بەوە دەویەوێت تورکیا بەرەو لاى خۆی رابکێشێت و لە دژی ئێران بەکاری بهێنێت. وا دیارە تورکیا ملی بەوە داوە، بۆیە ئەمریکا ئەو بڕیارانەى دەرکردووە. ئەگەرنا بڕیاری لەو شێوەیەى نەدەدا. تورکیا لە کاتى رزگارکردنى رەقاوە شانبەشانی ئەمریکا دەجوڵێتەوە. بەرپرسانى تورکیا بۆ خۆیان بە روونی باسی ئەوە دەکەن. لەو بڕوایەشدام ئێران ئاگاداری ئەوە بێت. هەروەها ئێران بە ئاسانی قبوڵی ناکات تورکیا لەگەڵ ئەمریکا هەم لە سوریا و هەمیش لە عێراق هەندێک هەنگاو لە دژی ئێران هەڵبگرێت".

کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، ئەمریکا بە رێککەوتن لەگەڵ کوردەکاندا وێنای خۆی باشکردووە، بەڵام بە کشانەوەى لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش ئەو وێنایەى خۆی خراپ کرد، بۆیە لەگەڵ راگەیاندنى کشانەوە لە سوریادا چەندین هێز و لایەن ناڕەزایەتییان لە دژی بڕیارەکە نیشاندا.

بایک لەبارەى بڕیارەکەى ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا وتیشی "لە راستیدا بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى سەربازەکانى لە سوریا لەلایەن زۆرێک لە هێزەکانەوە بە خراپی پێشوازیى لێکرا. ئەوەش کاریگەریى لە سیاسەتى ناوخۆی ئەمریکاش کرد. هەندێک دەستلەکارکێشانەوە روویاندا. هێشتاش روون نەبووەتەوە کە ئەنجامی ئەو بڕیارە بە کوێ دەگات. بەڵام ئەمریکا بەو بڕیارە زیانى زۆری بەرکەوت. لەبەر ئەوەش هەندێک وتیان 'دەبێت هاپەیمانەکان بڕوا بە یەک بکەن'. باسی ئەوەکرا، ئەگەر هاوپەیمانەکان بە یەکتر پشتئەستوور نەبن، هاوپەیمانی و رێککەوتن بەردەوامیى نابێت و ئەوەش زیانیان پێدەگەیەنێت. رەخنەى ئاشکرای لەو جۆرەیان لێگرت. ئەمریکا بە بەشداریکردن لە هاوپەیمانیى دژە فاشیستی دا و بە تێکۆشانی لەگەڵ گەلی کورد لە دژی داعش وێنای خۆی باشکردبوو. بە کشانەوە ئەو وینایەی تێکدا. لەبەر ئەوەى کاتێک ئەو دۆخەى بینى یەکڕاست سەردانى عێراقی کرد، چونکە بەڕێوەبەریى عێراق بۆ خۆی رایگەیاند، کشانەوەى سەربازەکانى ئەمریکا لە سوریا، کاریگەریى لەسەر عێراق دەبێت. یانی رەخنەى لەو جۆرەیان لێگرت و ئاماژەیان بە هەڵەکانى کرد. ئەوانە چ مانایاک دەدەن؟ مانای ئەوە دەدەن بێ متمانەیى لە عێراقیش بەرامبەر بە ئەمریکا هەیە. سەربازانى ئەمریکا لە عێراق دەڵێن 'ئەگەر لە سوریا کشاوینتەوە ئیتر لە عێراق چی بکەین؟ کەواتە دەبێت ئێمەش بکشێینەوە'. راى گشتیى ئەمریکا ناڕەزایەتیى نیشاندا. لە سەرتاسەری دونیادا رێگای بۆ کاریگەرییەکى خراپ خۆشکرد. لەو دۆخەدا لە ناکاو سەردانى عێراقی کرد. ئامانجی ئەو سەردانە ئەوەبوو، کە وێنا خراپکراوەکە چاک بکات و متمانە و بڕواش بە بەڕێوەبەریى عێراق بدات. یانى ئەو پەیامەى دا 'ئێمە لەگەڵتانین. لە سوریا دەکشێینەوە، بەڵام بە هەموو هێزمانەوە و هەموو کات ئێوە دەپارێزین. سەیر بکەن ئەوەتا ئێمە هاتووین بۆ لاتان'. هەروەها خواستى ورە و متمانە بە سەربازەکانى بدات. چونک سەربازەکان و فەرماندەکانیشیان بێ بڕوا بوو بوون. هەوڵیدا ئەوە چاک بکات. تاوەکو ئەو چاک نەکرێت ناتوانێت شەڕ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا بکات، چونکە ئەمریکا نە لە سوریا، نە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشدا نەکشاوەتەوە و ناشکشێتەوە. تەنها لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش چووەتەدەرەوە.  مانای قسەى 'من لە سوریا دەکشێمەوە' هەر ئەوەیە و هیچ مانایەکى تری نییە. دەیەوێت گوشار لە ئێران بکات. عێراق بۆ ئەوان هەرێمێکى زۆر گرنگە. لەو دۆخەدا، کە لە هەرێمی عێراق بێباوەڕی هەیە دەبێت چی بکات بۆ ئەوەى بتوانێت گوشار و گەمارۆ بخاتە سەر ئێران؟ لە سیاسەتى سوریادا زیانى بەرکەوت. ئێران کەمێکیتر بەهێزبوو. ئەگەر لە عێراقیش ئەو بۆچوونە بێتەپێشەوە، ئەوا ئەو کاتە ناتوانێت بە ئاسانی سیاسەتەکانى دژ بە ئێران بەڕێوە ببات. بۆ ئەوەی ئەوە چارەسەر بکات لە ناکاو سەردانى عێراقی کرد".

دەسەڵات دەیەوێت رژێمەکەى بە تەواوی بچەسپێنێت

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە سەرنجی خستە سەر هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا لە تورکیا و باکووری کوردستان و وتى "بە ریفراندۆم و بە هەڵبژاردنى ٢٤ی حوزەیران بۆ پەرلەمان سیستمى دەوڵەتیان لە تورکیا گۆڕی و سیستمێکى نوێیان لە سەنتێزی تورک – ئیسلام دروستکرد. دەیانەوێت بە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئەو سیستمەیان بە تەواوی بچەسپێنن. ئەگەر لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا سیستمەکەیان بۆ کامڵ نەکرێت، ئەو رژێمەیان بۆ ناچەسپێنرێت. هەروەها دۆخێک کە لە دژیانە دەردەکەوێتە پێش. مەترسیى گەورە دێتە پێشیان. لەبەر ئەوەى باش ئەوە دەزانن، هەوڵ دەدەن رێگە لەو دۆخە بگرن، بۆیە دەیانەوێت لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا سەر بکەون. بۆ سەرکەوتنیش هەموو تواناکانی خۆیان بەکاردەهێنن".

دەبێتە لە خاڵە هاوبەشەکاندا یەکبگرن

بایک ئەوەشی وت، پێویستە هێزەکانى لایەنگری دیموکراسی و ئازادی ئەوە ببینن و هێزی خۆیان یەکبخەن. وتیشی "گرنگە هاوپەیمانیى خۆیان لە دژی فاشیزم بەهێز بکەن. دەبێت ئەوە هەم لە ناوخۆی و هەم لە دەرەوە ئەنجام بدەن. ئەگەر ئەوە رووبدات و دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لاواز بکرێت، ئەو کاتە ئەم لایەنانە سەردەکەون. ئێستا گرنگ ئەوەیە، کە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا ئاکەپە – مەهەپە لاواز بکرێن و تێکبشکێنرێن. ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوا فاشیزم لە تورکیا ناتوانێت خۆی بچەسپێنێت. بۆ هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان، بۆ هێزە دژە فاشیستەکان قۆناغێکى نوێ دەستپێدەکات. ئەوە ورە و موراڵ دروست دەکات و بەو ورە و موراڵە تێکۆشانی نوێ دەستپێدەکات. تێکۆشان لە دژی فاشیزم بەرفراوان دەبێت. ئەوەش کۆتایى بەو رژێمە دەهێنێت. بۆیە پێویستە جیاوازییەکانى خۆیان بخەنە لایەکەوە و لەسەر خاڵە هاوبەشەکان یەکبگرن".

لە کام شار کام پاڵێوراو سەردەکەوێت...

بایک ئەوەشی وت، لە کام شار کام یەک لە پاڵێوراوەکان ئەگەری سەرکەوتنى زۆرە ئەوا دەبێت هەموو کەس لە دەوری کۆبێتەوە و وتیشی "دەبێت پشتیوانی لەو پاڵێورانە بکرێت. پێویستە رێگا نەدرێت ئاکەپە – مەهەپە سەربکەون. یانى پێوێستە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان تەنها وەک هەڵبژاردن سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک تێکۆشان سەیر بکرێت. گرنگە هێزی خۆیان یەکبخەن و لە هەر شارێکدا لە دەوری پاڵێوراوێکى دیموکراتیک کۆببنەوە. پێویستە پاڵێورای دیموکراتیک لە بەرامبەر فاشیزم دابنێن و سەریان بخەن. ئەگەر لە دەوری پاڵێوراوێکى لەو جۆرەدا ببنە یەک ئەوا لەو هەڵبژاردنەدا ئاکەپە – مەهەپە سەر ناکەون. پێشتر بە داگیرکردنى عەفرین ئەگەری ئەوەیان دروستکرد، کە لە هەڵبژاردندا سەربکەون، بەڵام ئەمجارە ئەگەر شەڕیش بکەن و شارەکانیش داگیربکەن هیچ یەک لەوانە بەشی سەرکەوتنیان ناکات، پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت و لێى تێبگات".

گۆشەگیری دژ بە مرۆڤایەتییە

بایک لە بەردەوامیی قسەکانیدا شیکاریى بۆ گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرخودانى چالاکییەکانى مانگرتن لە خواردن کرد و وتى "گۆشەگیرکردنى ئۆجالان تەنها گۆشەگیرکردنى کوردان نییە، بەڵکو گۆشەگیرکردنى هەموو گەلانى تورکیایە. زیندانیکردنی گەلان و گوشار و ئەشکەنجەیە. گۆشەگیرکردنى مرۆڤایەتییە. چونکە رژێمى فاشیست و پاکتاوکار و داگیرکەری تورکیا، لە تورکیا گەمارۆ و سزاکانى خۆی لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدات. ئەوەى لەوێ دەیکات لە دژی هەموو کۆمەڵگەیە. هەموو زیندانەکانیان کردووە بە زیندانى ئیمراڵی. هەموو شەقامەکان، ماڵەکان و رێکخراوەکانیان کردووە بە ئیمراڵی. ئەو گەمارۆ و سزایەى ئەوێ لە دەرەوەش ئەنجامی دەدات. تورکیاى کردووە بە زیندان. هەموو ماڵەکانى کردووە بە زیندان. مافی ژیان، کە پیرۆزترین مافی هەموو مرۆڤەکانە، لێى سەندونەتەوە. لەیلا گیوڤەن لەوە تێگەیشت و بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیریى سەر رێبەر ئاپۆ دەستى بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن کرد. ئەو چالاکییە بە مانای کۆتایهاتنە بە گۆشەگیریى سەر گەلانى تورکیا".

دەبێت هەموو کەس پشتیوانیى لێ بکات

بایک سڵاوى بۆ گیوڤەن و هەموو چالاکوانانى مانگرتوو نارد و وتى "چالاکییەکى مێژووی و پیرۆزە. چالاکییەکان بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن  دەستیپێکرد و تەشەنەى سەند. بەو بۆنەویەوە هەم سڵاو بۆ لەیلا گیوڤەن و هەم بۆ هەموو چالاکوانەکان دەنێرم. سەرکەوتن بۆ چالاکییەکەیان دەخوازم و پیرۆزباییان لێدەکەم. ئەو چالاکییە تورکیا لە فاشیزم رزگار دەکات. بۆیە دەبێت هەمەوو کەس پشتیوانیى لێ بکات".

بایک رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردن لەو چالاکییە دەبێت نەک تەنها چالاکیى مانگرتن ئەنجام بدرێت، بەڵکو پێویستە رێپێوان، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتى، کاری دیپلۆماتیک، بەرەنگاربوونەوەى شەڕی دەروونی، بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنى داگیرکەر بە سەرهەڵدان و بەرخودان، ئەو بەرخودانە سەربخرێت.

قسەى "ئێمە کۆتایى بە پەکەکە دەهێنین" قسەیەکى پووچە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرى کەجەکە راشیگەیاند، ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵی بەرخودانێکى گەورە. وتیشی "هێڵی رێبەر ئاپۆ هێڵی ئازادییە. ئەو هێڵەیە کە جگە لە ئازادی هیچی تر قبوڵ ناکات. ئەوە بووەتە ماڵی گەل. لەبەر ئەو راستییەیە کە ژمارەیەکى زۆر شەڕڤان ئافرێنراون و سەرباری هەموو پیلانگێڕییەکان و هەموو هێرشەکان هەر پەکەکە گەشەى کردووە و بەرەو پیشچووە و بووەتە ورە و موراڵ و ئومێدی هەموو گەلان.

رێپێوانى پەکەکە لە ئێستاش بە دواوە هەر لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت. چونکە ئەو ئایدۆلۆژیا، فەلسەفە، هێڵ و رێبازە بە بنەما دەگرێت. بۆیە قسەى 'ئێمە کۆتایمان بە پەکەکە هێنا، ئێمە کۆتایى پێدەهێنین' قسەیەکى پووچە. چەندین ساڵە ئەو قسەیە دەکەن. هەموو رۆژێک پڕوپاگەندە بۆ ئەوە دەکەن و دەڵێن 'کۆتایى پێدێت' بەڵام ئەوان بۆ خۆیان بە لاوازییەوە ساڵی ٢٠١٩یان دەستپێکردووە. تەنگاویش بوون. ئەوەش لە کاتێکدایە پەکەکە و ئەو کوردانەى کە بۆ ژیانى ئازاد تێدەکۆشن، بە تێکۆشانێکى گەورەتر دەست بە ساڵی ٢٠١٩ دەکەن. تێکۆشانەکەشیان بەهێزتر دەکەن".

بەرخودانى پەکەکە گەورەتر دەبێت

بایک راشیگەیاند، پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٩دا تێکۆشانی مەزنتر ئەنجام دەدات و لەوبارەیەوە وتى "ئێمە و گەلی کورد هەرگیز رادەستى هێرشەکانى کۆماری تورکیا نابین. گەلی کورد بە بەهێزی لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری دەکات. بەرخودانى پەکەکە گەورەتر دەبێت. ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵی بەرخودانێکى گەورە. ئەوەش لەسەر بنەمای بەرخودانەکەى ٢٠١٨ دەبێت. فاشیزم زیاتر لاواز دەبێت. هەر وەک وتم، ئەگەر لە شێوە و شێوازدا گۆڕانکاری ئەنجام بدرێت ئەوا دەسەڵاتی فاشیست لە ساڵی ٢٠١٩دا گورز و زیانى گەورەى بەردەکەوێت. هێزە دیموکراسییەکان دەچنە قۆناغێکی نوێ. تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ. گرنگە هێزە دمیوکراسییەکان لە تورکیا لەوە بەباشی تێبگەن و لەسەر ئەو بنەمایە دەست بە جموجوڵ بکەن".

بایک لە کۆتایى قسەکانیدا ساڵی نوێی لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، گەلی کوردستان، گەریلا، بەرخودێرانى زیندان، هێزە دیموکراسییەکان و دۆستان و هەموو گەلان پیرۆز کرد و داوای سەرکەوتنى کرد بۆیان.

ر.م