بناری قەندیل؛ "داوای قەرەبو ناکەینەوە تەنها داوا دەکەین حکومەتی هەرێم کەیسەکانمان نەگۆڕێت"

خەڵکی بناری قەندیل زیاتر لەوەی نیگەرانی بۆردومانەکانی تورکیا بن، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانن، کە وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن لە کاتی پێشکەشکردنی کەیسەکانیان لە بارەی بۆردومانەکانەوە، حکومەتی هەرێم کەیسەکان بە لاڕێدا دەبات.

یەک لە چیرۆکە هەرە سەیر و سەمەرەکانی ئەمڕۆ کە ئێمە گوێمان لێی بوو، چیرۆکی کەریم قادر بوو، کە دانیشتوی گوندی سولییە لە بناری قەندیل. کەریم قادر لە پاش ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی خانوەکەی دەکات و وێرانی دەکات، کەیسی بۆردومانکردن و خاپوورکردنی خانووەکەى دەباتە دادگا، بەڵام دوای ٨ جار لە دانیشتنی دادگا، دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی دەڵێت، تۆ یەکەم شت نازانی فڕۆکەی جەنگیی کام وڵات بووە و پاشان تۆ ناوی ئەو کەسەش نازانیت، کە فڕۆکەوان بووە و فڕۆکەکەى لێخوڕیوە، بۆیە کەریم قادر لەوە تێدەگات، کە دەیانەوێت نەک مافی بۆ بگەڕێننەوە، بەڵکو مافەکەشی زەوت دەکەن و کاریش بۆ شاردنەوەى ئەو تاوانە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکەن، بۆیە لە ئەنجامدا بەپێی ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتانە و بەهۆی بێ پشت و پەناییەوە لە پێناو شاردنەوەى تاوانەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەردا بە زۆر کەیسەکە بەو هاووڵاتییە دەدۆڕێنن و هیچ قەرەبویەک ناکرێتەوە.

کەریم قادر لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ی ڕاگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە یەک شەودا پێنج خانوی بۆردومان کرد، کە سیانیان هی خۆم و براکانم بون و دوانەکەی دیکەیش هی خزمەکانمان بوون، شەوێکی زستان بوو و ٨٠ سانتیم بەفەر لەسەر عەرز بوو، کاتژمێر ١١:٣٠ شەو دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان هات و دەستیان بە بۆردومانکرد. لەو بۆردومانەدا ماڵەکانی ئێمەیان کردە ئامانج، دەمەوێت ئەوە بڵێم دەوڵەتی تورکیا لێرە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکە و گەلی ناوچەکەدا ناکات، لەم ناوچەیەدا نە بارەگای پەکەکەی لێیە و نە هێزی پەکەکەی لێیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەر ناوچەکەمان و ماڵەکانمان و رەز و باخەکانمان بۆردومان دەکات".

کۆتا بۆردومان، کە لە گوندی سولێ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئەنجامیان دا لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا بوو لەو بۆردومانەدا دوبارە باخەکەی کەریم قادر کرایە ئامانج. وەک خۆی باسی لێوە دەکات خۆی و هاوژینەکەی بە هۆی ئەو بۆردومانەوە بریندار بوون.

لە بارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بۆ کارکردن لەسەر کەیسەکانیان کەریم قادر ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان شایەتیان لێمان وەرگرت و سوێنیان داین، خۆشمانیان سوێند دا، لە پاش ٨ دانیشتن دادوەری دادگای قەڵادزێ پێی وتم، ئێوە نەتانزانیوە ناوی فڕۆکەوانەکە چیە و فڕۆکەکەش نازانیت سەر بە کام دەوڵەتە. ئاخر من کاتژمێر دوانزەی شەو بە چی بزانم فڕۆکەی کام دەوڵەتە و ناوی فڕۆکەوانەکەش بەچی بزانم!".

    | زۆرتر بخوێنەوە ...
    ♦ "تاکو ئێستا ٦ ئامۆزام بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون"
    ♦ "بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ و حاڵمان وێران بووە"
    ♦ "حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دان بە بۆردومانەکانی تورکیادا نانێت"
    ♦ کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!

لە بەردەوامی گەڕانمان بە دوای قوربانیان و زیان لێکەوتوانی بناری قەندیل بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، لە گوندی ئینزێ کەسێکمان ناسی بە ناوی غەفار حەسەن، کە لەم ساڵدا و لە ١٨ی ٢ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵەکەیان بۆردومان کرد و خاپووریان کرد. لە بارەی زەرەر و زیانەکان غەفار حەسەن ڕایگەیاند:" پارەیەکی زۆرم لە دروستکردنی خانوەکەمدا خەرج کردبوو، بەڵام وەک دەبینن ئێستا خانوەکەم خاپوور کراوە، هیچ لایەنێک و هیچ بەرپرسێکیش تاکو ئێستا نەهاتوە بە هانامانەوە و تاکو ئێستایش هیچ قەرەبویەک نەکراوینەتەوە".

ناوبراو داوای کرد، حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد کاری جدی بکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا زەرەر و زیان بەو ناوچەیە بگەیەنێت. هەروەها داواشیکرد، قەرەبوی زیان لێکەوتوان بکرێتەوە.

لە پاش گوێگرتنمان لە هاووڵاتییانی بناری قەندیل بە پێویستمان زانی سەردانی شارەوانیی بناری قەندیل بکەین و لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەوانی کۆبینەوە بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەست بهێنین و دەربارەی گۆڕینی ئەو کەیسانە گفتوگۆ بکەین. ئاواز ئیسماعیل هاوسەرۆک شارەوانیی بناری قەندیل لەسەر جوڵاندنی ئەو کەیسانە و کار کردن بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانیان بە ئاژنسەکەمانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە تاکو ئێستا هیچ نەکراوە بۆ کەسوکاری قوربانیان، ئێمە چەندین جار هەوڵمانداوە ئەو کەیسانە ببینە دادگا و دادگایی بکرێن، بەڵام حکومەتی هەرێم کەیسەکان دەگۆڕێت، ئەو چوار گەنجەی لە گوندی سەرکان شەهید بوون حکومەتی هەرێم کەیسەکانیانی گۆڕی و ئاماژەی بەوە نەکرد کە فڕۆکەی جەنگیی تورکیا شەهیدی کردون، بەڵکو لە پزیشکی دادوەریی سۆران نوسیویانە کە بەر تەقینەوە کەوتوون. نەک تەنها قەرەبوو ناکرێنەوە بەڵکو کەیسەکانیشیان دەگۆڕن".

ئاواز ئیسماعیل لەبارەی ئەو ڕێکخراوانەوە، کە هاتون بۆ جوڵاندنی کەیسەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆرێک لە ڕێکخراو و لایەن هاتون بە ئامانجی جوڵاندنی کەیسەکان، بەڵام تا ئاستێک کاریان تیادا کردووە و دواتر کەیسەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. هەروەها وتیشی: "لە بەرنامەماندایە کەیسەکان دوبارە بجوڵێنین لەبەر ئەوەی چیتر هێرش نەکرێتە سەر بناری قەندیل و ئەو کەسانەشی کە زەرەرمەند بوون قەرەبوو بکرێنەوە. زۆر داوامان کردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەڵوێستێکی جدییان نەبووە، لەبەر ئەوەش ئێمە ئێستا داواکارێکانمان دەخەینە بەردەم حکومەتی عێراق، کە هەڵوێستی جدیی هەبێت سەبارەت بەو هێرش و پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر".

لە کۆتاییدا ئەوەشی روونکردەوە، ئەو شوێنانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە ئامانج هەموی شوێنی خەڵکی مەدەنییە و شوێنی خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیلن و بە هیچ شێوەیەک بنکە و بارەگای پەکەکەی لێ نییە. هەروەها ڕاشیگەیاند، کە دەبێت قوڵتر بیر لەم بابەتە بکەینەوە، چونکە دەوڵەتی تورکیا ئامانجی تەنها پەکەکە نییە، بەڵکو ئەو ئامانجی لەناوبردنی تەواوی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازە.