بوڵدان: ئاکەپە لە ناوخۆ و دەرەوە قەیران و گێژاو دروست دەکات

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە ڕایگەیاند، ئاکەپە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا شەڕ، گێژاو و قەیران دروست دەکات.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە شاری ئێلح بەشداری کۆبوونەوەی هەڵبژێراوانی ژنی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی دیموکراتیک کرد.

بوڵدان ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاردا، هەڤاڵەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا و وتی، " بەڵام حکومەتی ئاکەپە کە هەوڵیدا سەرکەوتنەکە تێکبشکێنێت، بە سیستمی قەیوم لە جێگای هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان قەیومی دامەزراند، دەستی بە سەر شارەوانیەکانی ئێمەدا گرت و ژمارەیەکی زۆر هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی ئێمەی دەستگیرکرد. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە تا چ ڕادەیەک لە کارەکانی ئێمەی ژن دەترسن. ئێمە پارتێکین کە بە بەرخۆدان و تێکۆشان گەورە بووین.

بوڵدان ئاماژەی بە هەڵوێست و بەشداریکردنی تورکیا لە شەڕی سوریا، ڕۆژئاوا، لیبیا، عێراق کرد و ڕایگەیاند، تورکیا بە هەڵوێستی نیشان دەدات دەیەوێت هەموو کێشەکان بە شەڕ چارەسەر بکات.

بوڵدان وتی، "سەرۆک کۆمار دوێنێ وتی "ئێمەیان بانگهێشتی سوریا کرد و ئێمە چووین. ئێمەیان بانگهێشتی لیبیا کرد و ئێمە چووین. ئایا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کێ سەرۆککۆمار و تورکیای بانگهێشتکردبوو؟ ئایا ئەسەد بانگهیشتی کردبوو، کێ بانگهێشتی سوریای کرد؟ دەیانوت لەوێ تیرۆر هەیە. دەیانوت بۆ لەناوبردنی تیرۆر لەوێ دەبن. بەڵام چوون ناوچەی ئاشتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناوببەن. چوونی ئەوان بۆ هەرێمەکە دەبێتە قەیران، گێژاو و شەڕ بۆ گەلانی تورکیا."

بوڵدان ڕایگەیاند، کۆمەڵگا و ژنانی تورکیا شەڕیان ناوێت.

بوڵدان بۆ داهاتووش وتی، "ئەوان هێرش دەکەن، بەڵام ئێمە بە هەڵوێستێکی بەهێزتر بەرخۆدان دەکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین ساڵەکانی داهاتوو بکەینە ساڵی ژنان."

ف.ق