بەسێ ئەرزینجان: ئێمە ناچارین سەر بکەوین

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە رایگەیاند، یان ئێمە لە ناو بێ کەرامەتیدا نقوم دەبین، یان مافی ئەوەمان هەیە بە ناسنامە، زمان و کولتوری خۆمان لەسەر خاکی  خۆمان ئازادانە بژین، بۆیە ئێمە ناچارین سەر بکەوین.

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان کوردستان (کەژەکە - KJK) لێکدانەوەى بۆ ساڵی نوێ و تێکۆشان کرد و رایگەیاند، بە بەرخودانى چالاکیى مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن دەستیان بە ساڵی نوێ کردووە و بەو بۆنەیەوە سڵاوى بۆ گیوڤەن و هەموو ئەو کەسانە نارد، کە لە دژی گۆشەگیری دەستیان بە مانگرتن کردووە.

ئەرزینجان رایگەیاند، قۆناغی ئێستا بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، گەل و ژنانی کورد قۆناغێکى زۆر مەترسیدارە و راشیگەیاند "لە دژی تێکۆشانی ئازادیمان شەڕی هەمەلایەنەى پاکتاوکاری بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە وەلامێکە بۆ سیستمى ئەشکەنجەى ئیمراڵی و وەڵامێکە بۆ ئەو پاکتاوکارییەى کە بەسەر گەلی کورد دا سەپێنراوە".

"ژنان هەموو کات بە ئەرکی پێشەنگایەتى هەستاون"

بەسێ ئەرزینجان ئاماژەى بەوەکرد، ژنانى کورد لە هەموو سەردەمەکانى تیکۆشانی ئازادی دا بە چالاکییەکانیان و بە هەڵوێستەکانیان بە ئەرکی پێشەنگایەتى هەستاون. هەڵوێستى بڕیارمەندانە و پێداگرانە، بە ئیرادە و فیداییانەى لەیلا گیوڤەن نیشانەیەکى بەرچاوە بۆ داخوازیى ئازادیى گەل و ژنانی کورد.

ئەرزینجان ئاماژەى بەوەشکرد "لەیلا گیوڤەن وەک لەیلاقاسم پێشەنگایەتى بۆ ئازادیى ژنان و وڵاتەکەى خۆی دەکات. هەموو کورد دواى کەوتوون. داوای ئازادی بۆ رێبەرمان و داواى ئازادیى ژن و گەلی کورد ئاوێتەى یەک بوون".

"تێکۆشانمان بۆ ئازادیى ژن، دەبێتە تیکۆشانێکى گەردوونی"

بەسێ ئەرزینجان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە وتى "ئێمە لە سەردەمیکداین، کە هێزە دیموکراسییە جیهانییەکان، بزووتنەوەکانى ئازادیى ژنان بە تاکتیک و ستراتیژیى راست دەتوان ئەنجام بەدەست بهێنن. ناچارین لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا لەگەڵ ژنان و هێزە دیموکراسی و ئازادییەکاندا لە بەرەیەکى هاوبەش دا تێبکۆشین. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادیى ژنان بەهێزی هەرەوەزی و پێکەوەبوونی ژنان ئاوێتە و گەورەتر و بە گەردوونی دەبێت. ژنانى سەرتاسەری جیهان بە خرۆشان و پێداگرییەکى گەورەوە لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆدەبنەوە".

وتیشی "ئێمە لەسەردەمێکداین، کە باشترین دەرفەت و راستترین تێگەیشتن بۆ ئازادیى تیادا دەئافرێنرێت. ئێمە ساڵی ٢٠١٩ تێکۆشانی ئازادیى رادیکاڵانەى ژنان بە شارەزایانەترین شێوە بەهێز دەکەین و بەرەو پێشی دەبەین. بە تێکۆشانی هاوبەش لە هەڵوەشاندنەوەى سیستم نزیک دەبینەوە. کات کاتی ئەوەیە، کە یەکگرتوانە خۆڕاگری و بەرەنگاری بکەین و چالاکى ئەنجام بدەین و خۆمان بە رێکخستن بکەین. تیکۆشانی ئازادیى گەلی کورد و شۆڕشی رۆژئاوا گەردوونییە. هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان، چەپ، سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەکان لەوە تێگەیشتوون. ئازادیى کوردستان هاوکات ئازادیى گەلانى تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە".

"دەیانەوێت بێکەرامەتی، بێ ناسنامەیى و نۆکەری بەسەر کورد دا بسەپێنن"

ئەرزینجان ئەوەشى وت "بۆ گەلی کورد لە قۆناغێکى مێژوویدان. لە دژی رێبەرمان، گەلەکەمان، بزووتنەوەکەمان و ژنان هێرشێکى پاکتاوکارانەى بێ هاوتا و بێ ویژدانان و پێچەوانەى هەموو ئەخلاق و بەهاکان ئەنجام دەدرێت. دەیانەوێت دەستکەوتەکانى ٤٠ ساڵی تێکۆشانی گەلەکەمان بە پێشەنگایەتیى پەکەکە لە ناو ببەن و گەلەکەمان جارێکیتر ناچار بکەن لە ژێر سیاسەتى پاکتاوکارانەدا بژی. هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ 'کوردایەتیى' بێکەرامەت، بێ ناسنامە و نۆکەر بخوڵقێننەوە. فاشیزم لە دژی ژنان، گەنجان و منداڵانى کورد پلانی شەڕی تایبەتى ترسناکی بە دەستەوەیە. رێبەرمان لە ئیمرالی لە ناو سیستمى ئەشکەنجەدایە. دواى عەفرین دەیانەوێت هەموو رۆژئاوا داگیر بکەن. گرنگە بە ستراتیژیى بنەڕەتیى ئێمە، بە بەرخودان، بەهێزکردنى خۆپاراستن و کاری سەرلەنوێ بونیاتنانەوە بەرەو پێش ببەین".  

لە سەردەمی نائاسایدا خۆئامادەکردنى هەمەلایەنە

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کەژەکە ئەوەشى خستەڕو، بزووتنەوەى ئازادیى ژن لەسەر دەستنیشانکردنى 'سەردەمی ئاوارتە' خۆئامادەکردنى هەمەلایەنەى راگەیاندووە و لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئێمە لە قۆناغێکى نائاسایى و ئاوارتەداین و دەبێت بەپێى قۆناغەکە لە قۆناغەکە نزیک ببینەوە. بە هەڵوێستێکى لاواز و سست ناتوانین بەرەو قۆناغەکە بڕۆین. پێویستە رێکخستنەکانى ژنانمان، کادرۆ، خەباتکاران و گەلەکەمان لەوە تێبگەن و بەپێى ئەوە، بە شێوەیەکى چالاکانە بەشداری تێکۆشان ببن و پێشەنگایەتى بکەن. دەبێت ژنان کاری بواری میدیا و چاپەمەنی، رۆشنبیری و دیپلۆماسی، بەرێکخستنکردن و چالاکییەکانیان لەو چوارچێوەیەدا رێکبخەن و بەرێوەى ببەن. یان ئەوەتا ئێمە لە ناو بێ کەرامەتیدا نقوم دەبین، یان ئەوەتا مافی ئەوە بەدەست دەهێنین، کە بە ناسنامە، زمان و کولتور و رۆشنبیریى خۆمان لەسەر خاکی خۆمان بەشێوەیەکى ئازاد بژین. ئێمە ناچارین سەربکەوین".

ئەرزینجان وتیشی "ژنان بە بەرخودان و تێکۆشان و بە چەسپاندنى سیستمى ژن، وەڵامی کار و کردەوەکانى داگیرکەرانی چەوسێنەر دەدەنەوە. ئێمە فەلسەفە و کردارمان گەورەتر دەکەین. ئەگەر باجەکەشی قورس بێت، جگە لە ئافراندنى ژیانێکى ئازاد، رێگەیەکى ترمان لە بەردەمدا نییە".

"بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین"

ئەرزینجان ئەوەشی راگەیاند "ئەگەر لەم قۆناغەدا بەرخودان و چالاکییەکان لە چوارچێوەى ئامانجی ئازادیى رێبەری گەلی کورد دا بێت، ئەوا ئێمە دەتوانین بەرخودان و سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و خۆپاراستن پێکەوە ئەنجام بدەین. پاراستنى رۆژئاوا، رزگاریى عەفرین لەو چوارچێوەیەدا بەدی دێت. دۆڕاندن و لە دەستدان لە کەسایەتى ژن دا دۆڕاندنى مرۆڤایەتییە، بۆیە ئێمە ناچارین سەربکەوین و هەر بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین".

ر.م