بەفرێکى زۆر لە باکووری کوردستان باریوە و زۆربەى رێگاکان داخراون

بارینى بەفر لە کوردستان بە تایبەتى لە هەرێمى سەرحەد کاریگەرییەکى زۆر لەسەر هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە. بەهۆی بارینى بەفر و تەرزەوە، رێگاى سەدان دێ و لادێ گیراوە و بەهۆی وەرگەڕانى ئۆتۆمبیلیشەوە ١٦ هاووڵاتى بریندار بوون.

بەفر و تەرزە لە زۆرێک لە شارەکانى کوردستان دەبارێ و زۆری بارینى بەفر و تەرزە جوڵەى هاووڵاتییانى پەکخستووە. ماوەى ٢ رۆژە بە بەردەوامى لە زۆربەى ناوچەکانى باکووری کوردستان بەفر و تەرزە دەبارێت. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى رێگاى سەدان دێ و لادێ بگیرێت و بەهۆی خزانى ئۆتۆمبێلیشەوە چەندین کەس بریندار بوون.

بەفرێکی زۆر لە شارەکانى وان، جۆلەمێرگ، موش، بەدلیس، قەرس، ئەردەخان و ئاگری و چەندین شار و شارۆچکەى تری باکووری کوردستان باریوە. لە گوندەکانى ئەو سنوورانەدا مەترێک بەفر زەویى داپۆشیوە. رێگاى سەدان دێ و لادێ گیراون. لەبەر ئەوەش هاووڵاتییانى ئەو سنوورانە بە تایبەتى هاووڵاتییانى دێ و لادێکان لە گوندەکانیاندا گیریان خواردوە و ناتوانن جموجوڵی ئاسایى و رۆژانەیان ئەنجام بدەن و تەنانەت ناتوانن نەخۆشەکانیش بۆ نەخۆشخانە بگوێزنەوە.

لە کاتێکدا شارەوانییەکان لە دەست پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)دا بوو، بە خێرایى رێگای گوندەکان لەلایەن تیمەکانى شارەوانییەوە لەکاتى بەفر بارین دا پاک دەکرانەوە. بەڵام ئێستا کە شارەوانییەکانى وان، جۆلەمێرگ، موش و ئاگری و شارۆچکەکان لەلایەن قەیومەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە هیچ کارێک بۆ پاککردنەوەى رێگاکان ناکەن. هاوکات لەگەڵ ئەوەى قەیومەکان هیچ کارێک بۆ کردنەوەى رێگاکان ناکەن، تیمەکانى رێگاوبانیش هیچ کارێک بۆ پاککردنەوەى رێگاکان ناکەن و لەبەر ئەوەش رێگاى سەدان دێ و لادێ داخراون و هاووڵاتییان لە گوندەکانیاندا گیریان خواردووە.

بەهۆی بەفر و سەهۆڵبەندانەوە لە رێگای نێوان وان – ئەردیش دا رووداوى هاتووچۆش ریوودا. بەهۆی رووداوەکانى هاتووچۆەوە ١٦ کەس بریندار بوون. شایەتحاڵەکانى ئەو روودانەوە رایانگەیاندووە، لەو رووداوانەى هاتووچۆدا ٦ ئۆتۆمبێل وەرگەڕوان.

راشیانگەیاند، ماوەى ٢ رۆژە بە بەردەوامى بەفر دەبارێت و هەموو رێگاکان بە بەفر داپۆشراون، بەڵام تیمەکانی شارەوانی و رێگاوبان هیچ یەک لە رێگاکانیان پاک نەکردووەتەوە و خوێ بە رێگاکاندا ناکەن و ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوە کە رووداوی هاتوچۆ رووبدات و زیان بە هاووڵاتییان بگات.

ر.م