فەڕوخ عەبدی بەڕێوەبەرى کەناڵی "ئامانج" لە تێلگرام، لە کەناڵەکەیەوە رووداوەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەشەکانى تری کوردستانی رووماڵ دەکرد لە رێبەندانی ٢٠١٧ / ١٩٩٦ دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکرا. کەناڵە هەواڵییەکەى داخرا و بە تۆمەتى شێواندنى ئاسایشی نەتەوەیى سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا.
فەڕوخ لە دواى دەستگیرکردنى لە دوورگەى قشم لە پارێزگاى هورموزگان گواسترایەوە بۆ تاران و دواتر لە تارانەوە برایە ئیتڵاعاتی ورمێ. لە رەشەممەى ئەو ساڵەدا بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی رژێم" سزای ١٥ مانگ زیندانیى بەسەردا سەپێنرا.
دواى نزیکەى ٩ مانگ لە زیندانیکردنى و لە هاوینى ساڵی ٢٠١٨ دا بە تۆمەتى "سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" سزای ١٥ مانگ زیندانیکردنى تری بەسەردا سەپێنرا.
لە دواى یەکخستنى سزاکانى بە رەچاوکردنى داواى بەرپرسانى رژێم و دادگا بۆ سەپاندنى توندترین سزا، تۆمەتى "کۆبوونەوە و پیلانگێڕیى" بەسەردا سەپێنراوە و بە گشتى سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنى بۆ بڕایەوە.
دواى ئەوانەش گواسترایەوە بۆ بەشەکانى ٣ و ٤ی گشتیى زیندانى ورمێ و سەرباری ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی زیندان پێبەندی بنەمای جیاکردنەوەى کەسە زیندانییەکان بەپێى ئەو تۆمەتەی خراوەتەپاڵیان نەدەبوون و نەیان گواستەوە بۆ بەشی زیندانیانى سیاسی.
فەروخ عەبدی لە دواى هەوڵی بنەماڵە و پارێزەرەکانى و بەهۆی دەرکردنى لێبوردنى گشتی بۆ ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە مانگی رێبەندانی رابردوودا، لە ئەنجامدا دوێنێ سێشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٩ / ٣ی گوڵان، لە دواى ٢ ساڵ و ٣ مانگ لە زیندان ئازاد کرا.
ر.م